مافى رۆژنامەنووس لە پاراستنى نهێنێنی سەرچاوەی هەواڵ و چەند پرسیارێک
رەحمان غەریب
لە سەرەتای مانگی ئاب کۆمەڵێک دامەزراوەی داکۆکی لە ئازادی رادەبڕین، نامەیەکی نیگەرانیان سەبارەت بە پەرچەکرداری حکومەتی ئەمریکا، بەرامبەر ئەدوارد سنود، بۆ سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما نارد.

لە نامەیەدا ئەو کۆمەڵە دامەزراوە نیگەرانیان دەربڕیبوو، لەسەر رەفتاری حکومەت بەرامبەر بە (هەواڵنێر : المخبر)، داواشیان کرد دەستبەجێ رێوشوێنی گونجاو بگرێتە بەر بۆ پاراستنی هەواڵنێر.

ئاشکراکردنی پرۆسەی چاودێریکردنی حکومەتی ئەمریکا بۆ گفتوگۆی تەلەفونی هاوڵاتیان، لە لایەن سنودەر، هەرایەکی گەورەی نەک لە ئەمریکا بەڵکو لە زۆربەی وڵاتان نایەوە. حکومەتی ئەمریکا بە پێی یاسای جاسوسیکردنی ساڵی 1917 سنۆدەری تۆمەتبارکرد. ئەو کۆمەڵە رێکخراوو چالاکوانەی ئیمزایان لەسەر نامەکە کردوە، داوایانکرد تۆمەتی جاسویکردنی لەسەر هەڵگرن.  

پاساوی ئەم داوایەشیان ئەوە بوو کە سنۆدەر زانیاری گرنگ، کە پەیوەندی بە چارەنوسی هاوڵاتیانەوە هەیە، ئاشکرا کردوە.
لە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری لەکوردستاندا، بڕگەیەکی دیاریکراوی تێدا نەهاتوە سەبارەت بە بەو کەسانەی کە (سەرچاوە)ی هەواڵ یا ئەوانەی نهێنی دامەزراوە رەسمی نارەسمییەکان، بۆ رۆژنامەنوسان ئاشکرادەکەن. تەنها لە بەشی چوارەم- ماف و ئیمتیازاتی رۆژنامەنووس هاتوە "رۆژنامەنوس مافی ئەوەی هەیەسەرچاوەی زانیارییەکانی ئاشکرا نەکا، تەنها بە بڕیاری دادوەر نەبێ". هیچ  بڕگەیەک لەو یاسایەدا نەهاتوە سەبارەت بە ئەگەری ئاشکرابونی ئەو سەرچاوانە چارەنوسی چی بەسەر دێت؟
 ئایا هەر بە پێی یاسای رۆژنامەگەری تۆمەتی رووبەروو دەکەنەوە، یان بە پێی یاسایەکی دیکە؟ ئەمە وەڵام نەدراوەتەوە.

پاراستنی (سەرچاوەی هەواڵ) کەناڵەکانی راگەیاندن، مافێکی یاسایی رۆژنامەنوسانە، بەڵام لەکاتی ئاشکرابونی ئەو فەرمانبەرانە، حکومەت پەنا بۆ یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی حکومەت دەبات.

یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2008ی هەموارکراوی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی حکومەت، ئەو بڕگەی 7 مادەى چوارەم، لە یاساکەی ڕژێمی عێراقی وەک خۆی هێشتۆتەوە کە جەختدەکاتەوە لەوەی فەرمانبەرانی حکومەت دەبێت ئەو زانیاریء بەڵگەنامانەی دەیزانيَ و بەهۆی کارەکەیە لەبەردەستیدان، بەنهێنی بهێڵیتەوەو ئاشکرایان نەکات. هەروەها داواشیان لێدەکات ئەو مەسەلانەی سروشتی نهێنیان هەیە پاش خانەنشینبونی فەمانبەرەکەیش ئاشکرایان نەکات.

یاسکە بە دیاریکراوی باس لەو نهێنیانە دەکات کە لەکاتی بڵاوکردنەوەیاندا "زیان بە دەوڵەت و کەسەکان" دەگەیەنێت. سەرپێچیکاریش بە پێی هەمان یاسا سزای بۆ دانراوە.

من پێم وایە دەبێت پەرلەمانی دهاتوو گفتوگۆ سەبارەت بەم بابەتە هەستیارە بکاتەوە. بە تایبەتیش پاراستنی ئەو کەسانەی کە زانیاریەکی گرنگ کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە، دزەی پێدەکەن بۆ ناو رای گشتی.

AM:02:00:25/09/2013