ئێستا کە سەرقاڵى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەکم (بەشێکە لە پرۆژەکانى سەنتەرى میترۆ بەهاوکارى ڕێکخراوى NPA)، لەسەر هۆکارەکانى پێشێلکردنى مافى رۆژنامەنوسان، سەرقاڵى خوێندنەوەى کۆى ئەو راپۆرتانەم لەمبارەیەوە تۆمارکراون، بەشوێن هۆکارە ئاشکراء پەنهانەکانى ئەو پێشێلکاریانەدا دەگەڕێم. نوکتەى برادەرێکى کەمدووم بیردەکەوێتەوە، کە جارێکیان رۆشتبوو بۆ سەفەرێک، لەکاتى گەڕانەوەیداء بۆ ئەوەى ئەوەندە نەڵێتء سەرى نەیەشێنن، هەرچیان لێدەپرسى، ئەو تەنها بەگوزارشتێک وەڵامى دەدانەوە. بەنمونە کەلێیان دەپرسى، لەکوێ بویت، دەیوت، جا لەکوێ نەبووم؟ کەدەیانپرسى چیت کرد؟ چیت بینى؟ چیت خوارد؟ لەوەڵامدا دەیوت، جا چیم نەکرد…. جا چیم نەبینى…. جا چیم نەخوارد…..
ئەگەر چى ئەم کورت بڕیەى هاوڕێکەمان وەک جۆرێک لەنوکتە دەکەوێتەوە، بەڵام لەراستیدا سەبارەت بەناونیشانى بابەتى لێکۆڵینەوەکەى ئێمە نوکتە نییەء واقیعێکى تاڵە. لێرەوە ئەگەر لەهاوڕێ کەمدوەکەمان بپرسین، کێ مافى رۆژنامەنوسان پێشێدەکات؟ بێ سێء دوو کردن ئەڵێت: جا کێ مافى رۆژنامەنوس پێشێلناکات؟
ئەگەر بپرسیت بەچ شێوازێک مافى پێشێلدەدەکرێت؟ پوخت دەبێژێ: جا بەچ شێوازێک مافى پێشێلناکرێت؟!
ئەگەر لێى بپرسیت لەکوێ مافیان پێشێلدەکرێت؟ دەڵێت : جا لەکوێ مافیان پێشیلناکرێت؟!
بۆچى مافى رۆژنامەنوسان پێشێلدەکرێت؟ بۆچى وا بەئاسانى خوێنین حەڵاڵء زەڵاڵ دەکرێت؟ بیانوەکانى پشت ئەو پێشێلکارایانە چین؟ لەوەڵامدا دەڵێت: جا بەچ هۆکارێک، بەچ بیانویەک مافى رۆژنامەنوسان پێشێلناکرێت؟.....
لەراستیدا منیش بەهەمان دەردى ئەو هاوڕییە چوومء گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەى کە هۆکارەکانى ئەتککردنى مافى ئەو توێژەى پێى دەوترێت رۆژنامەنوس، یان میدیاکار، زۆرء زەوندنء لەباسکردن نایەن. هاوکات ئەو ئێریایەشى کە تیایدا مافیان پێشێلدەکرێت جۆراجۆرەء بەتەنها لەمەیدانى خۆپیشاندانەکانء شوێنى روداوە گەرمەکاندا کورتناکرێتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ کۆى پنتە جیاوازەکانى کۆمەڵگا، لەشارەوە بۆ لادێء لە زانکۆوە بۆ مزگەوتء لەفەرمانگەوە بۆ ماڵ، لەچۆڵەوانىء قەرەباڵغیدا مافیان پێشێلدەکرێت، لێیان دەدەرێت، ئەتکدەکرێن، کامێرایان دەشکێنرێت، دەسگێردەکرێن، دەکوژرێن.....هاوکات ئەو کەسء گروپانەشى کە مافى رۆژنامەنوسان پێشێلدەکەن، بەتەنها زێرەڤانىء ئاسایشء پۆلیسء بەرپرسەکان نین، بەڵکو خوێنى رۆژنامەنووس هێندە حەڵاڵء کەمبایەخە هەموو کەس پێى فێربووە، تەنانەت خاوەن کۆمپانیاء فەرمانبەرى فەرمانگەکانء تا دەگاتە خاوەنى دەزگاکانى راگەیاندنء هاوڵاتى سادە، هەر یەکەیان بەشێوازى جۆراوجۆرء بەئاستى جۆراوجۆر مافى رۆژنامەنوسان پێشێلدەکەن.
بەهەمان شێوەش کەم کاتء زەمان هەیە، تیایدا مافى رۆژنامەنووس پێشێلنەکرێت، کاتى ئاسایىء نائاسایى، بەشەو بەرۆژ، تەنانەت هەندێ جاریش لەکاتى نوستنیشدا هێرش دکرێتە سەریان.
خەریکە بگەمە ئەو بڕوایەى، رۆژنامەنووس وەک ئەو بەرنەعلەتخراوە بشوبهێنم کەیەکەمجار دەسەڵاتء سیستم شەقى خۆى تێهەڵدەدات، دواتر دەیخاتە بەردەستى کۆمەڵگاء ئەوانیش خۆیانء ویژدانى خۆیان چى لێدەکەن دەیکەن، چونکە پێشوەختە دەسەڵاتى سیاسىء کۆمەڵایەتى خوێنیان حەڵاڵ کردوە، ئەوەشى زیاتر وام لێدەکات بڕواى تەواوم بە(بەرلەعنەتکەوتوویى رۆژنامەووس) هەبێت، ئەوەیە کە کەسێک نییە لەسەر ئەزیەتدانء ...کوشتنى رۆژنامەنوسێک سزا درابێت.
بەهەرحاڵ پێمباش بوو ئەزموونى خۆم لەوبارەیەوە لەڕێگاى ئەم وتارەوە بۆ ئێوە بگوازمەوە، ئەگەر چى هێشتا بەردەوامم لەسەر کارەکەمء لەوانەیە بەدەرئەنجامى عەنتیکەتر بگەم، بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا بۆ ئەمە پێویستیمان بەهاوکارىء رێنوێنى ئێوە هەیەء دەتوانن لەرێگاى ئەو ئەدرەس ئێمێڵەى لەخوارەوە دامناوە پەیوەندیمان پێوە بکەن.
بێگومان هەر بەگوێرەى ئەو رێکەوتنەى، لەنێوان نوسەرى ئەم وتارەء سەنتەرى میترۆدا هەیە، دەبێت لەبەشى کۆتایى ئەم لێکۆڵینەوەیەدا ئەو رێکارء هەنگاوانەش بخەمە روو بۆ رێگریکردن لەپێشێلکردنى مافى رۆژنامەنوس، چونکە دواجار رۆژنامەنووس ئەرکێکى جەوهەرى هەیە کەبریتییە لە وردکردنەوەء دابەشکردنى دەسەڵات بەسەر زۆرترین پنتء چینوتوێژى جۆراوجۆردا، بۆیە دەبێت بەپێچەوانەى ئەو دۆخەى کەئێستا زاڵەء هەموو کەسێک لەهەموو شوێنکاتێکء بەهۆکارى جۆراوجۆر مافى ئەتکدەکرێت، هەموانء لەهەموو شوێنکاتء بەهەر وەسیلەء هۆکارێک بووە مافى بپارێزین، بۆ ئەوەى ئەویش کۆمەڵگامان بۆ بپارێزێ.