كوردستان له به‌رده‌م ده‌یان هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی گه‌وره‌دایه ، حزبه سیاسیه‌كانی كوردستان له هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیاری یه‌كه‌م و كۆتای به‌شی زۆری ئه‌و قه‌یران و كێشه‌و ئاڕیشانه‌ن ، یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد ، وه‌ك یه‌كێتیه‌كی سه‌ربه‌خۆو هه‌میشه له به‌ره‌ی ئازادی گه‌لدا له هه‌ندێ قۆناغ و سه‌رده‌می جیاوازدا قسه‌ی هه‌بووه و سه‌ركرده‌كانی پارتی پارتی و یه‌كێتیش كه‌م و كورت سڵیان له نوكی قه‌ڵه‌می زۆرێك له‌و نوسه‌رانه كردوه‌ته‌وه ، نوسه‌رانی بوێر‌و ئازا ، ئه‌وانه‌ی ئه‌گه‌ر به هه‌ر جۆرێك له نێو میدیای پارتی و یه‌كێتیشدا كاریان كردبێت یان ، نزیك بووبن لێیان، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وه نه‌بووه‌ته هۆی بێده‌نگ بوونیان به‌رانبه‌ر هه‌موو كه‌م و كوڕی و كێماسی و خیانه‌ت و لادانی حزبه‌كان .
له رابردودا یه‌كێتی نوسه‌ران له رێگه‌ی گۆڤاره‌كه‌و نووسینه‌كانی ناویه‌وه به‌رده‌وام جگه له خزمه‌تی وشه‌ی كوردی سه‌كۆی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ش بووه ، له هه‌شتاكاندا یه‌كێتی نووسه‌ران وه‌ك به‌رهه‌ڵستیه‌كی گه‌وره به نوسین به گژ به‌عسدا ده‌چوه‌وه ، نوسین و چیرۆك و شیعر‌و بابه‌ته‌كانی موسه‌ری كوردی سه‌ره‌تاو ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان گه‌واهی ئه‌و راستیه ده‌ده‌ن ، ئێستا بێده‌نگ ترین و كپترین رێكخراو له به‌رانبه‌ر هێرشی تورك، له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو نادادی و سته‌مه خۆكوردی و خۆكردیه یه‌كێتی نوسه‌رانه ، ئه‌و رێكخراوه‌ی ده‌بێت هه‌ڵوێستی ره‌ق و توند و كاریگه‌ری هه‌بێت و به‌س ته‌ماشاكه‌ر نه‌بێت .
ئه‌وه یه‌كێتی نوسه‌رانه پێویسته ئه‌م حزبانه راچه‌نێنێ ، پێویسته جگه له نوسینی شیعر‌و داستان و ئه‌ده‌ب ده‌رهه‌ق به‌م دۆخه ترسناكه هه‌ڵوێستی هه‌بێت ، من هه‌رچه‌ند خۆم هه‌رگیز نه‌بوومه ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوه، به‌ڵام له نزیكه‌وه تێكه‌ڵی زۆریان بومه ، ته‌نانه‌ت هه‌ردوو كۆچكردوو دكتۆر عه‌زه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ و كاكه مه‌م بۆتانیش هه‌میشه پرس و رایان پێكردوم و گوێیان له راو سه‌رنجه‌كانم گرتوه ، هه‌ڵبه‌ت چ ئه‌وان چ كاك حه‌مه كه‌ریم عارف داوای ئه‌وه‌شیان لێكردوم ببمه ئه‌ندام ، له كه‌ركوكیش هه‌میشه هاوكارو نزیكی ئه‌و لقه بووم و له چالاكی و كاره‌كانیاندا پشكم هه‌بووه ، به‌ڵام له نه‌وه‌د و دوو نه‌چووم بۆ كۆنگره‌ی شه‌قڵاوه له به‌ر ئه‌وه‌ی وتم ئاماده نیم ناوم له گه‌ڵ چه‌ند ناوێكم وت پێكه‌وه بنوسرێن ، ته‌نانه‌ت فۆڕمه‌كه‌ی خۆم و حه‌مه كاكه ڕه‌شیشم دڕاند كه بۆیان ناردبووین .
لێ ئه‌و بار‌و درخه‌ی ئێستا ئیدی هه‌ڵوێستی گه‌ره‌كه ، ئه‌مان ده‌بێت ده‌رگای سیاسی و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م وڵاته ڕاوه‌شێنن و بڵێن ئیتر به‌سه ، هه‌ڵبه‌ت هیچ بیانویه‌ك نیه بۆ هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتن ، نوسه‌ران په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به خه‌ڵكه‌وه هه‌یه ، بۆیه شه‌ڕی راسته‌و خۆی ئه‌وان بۆ خه‌ڵكه ، ئێستا كه‌من ئه‌م وتاره ده‌نووسم زیاتر له 500 نوسه‌رو رۆژنامه‌وانی فه‌ڕه‌نسی پشتگیری ماكرۆن ده‌كه‌ن له به‌رانبه‌ر لۆپێن ، یانی ئه‌مه په‌رسی ده‌سته بژێره له هه‌ر قۆناغ و كاتێكی پێویستا قسه‌ی خۆی هه‌بێت ، بیرمه له كاتی هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپا ، تۆماس فریدمان به وتارێك داوا له خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌كات ده‌نگ نه‌ده‌ن به تره‌مپ ، نوسه‌رو قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان قسه‌و نوسینیان هه‌یه‌و ناكرێت بێده‌نگ بن ، ئه‌م بێده‌نگیه‌ی یه‌كێتی نوسه‌ران ، هه‌روه‌ها سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان و نوسرانی ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كان له‌م بار‌و دۆخه‌دا جۆرێكه له ملدان و رازی بوون به سیاسه‌تی پڕ له هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ی حزبه‌سیاسیه‌كانی باشوری كوردستان .
یه‌كێتی نوسه‌ران یان ده‌بێت قسه‌و هه‌ڵوێست و رۆاڵی ئه‌رێنی و كاریگه‌ری هه‌بێت یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت ئه‌م بێده‌نگیه وه‌ك جاڕی مه‌رگی خۆی رابگه‌یه‌نێت .