‌دادگای فیدراڵی، چۆن بۆ کورد باشە؟ دادگای فیدراڵیی و سەرنجێک
هاوڕێ تۆفیق
لە مێژووی دەوڵەتی عێراقا، ھەر لە یەکەم دەستوری سەردەمی پاشایەتی لە(١٩٢٥)وە بە گوێرەی ماددەی (٨١ )قانونی بنەڕەتی ئەو سەردەمە دادگای دەستوری ھەبوە، ئەو وەختە پێی وتراوە (دادگای باڵا )لە نۆ ئەندام پێکھاتوە، چوار لە ئەندامانی لە دادگای تەمیزەوە ھێنراون و چوارەکەی تری لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەعیان ھەڵبژێردراون و سەرۆکەکەی خودی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەعیان بوە.

لەو سەردەمەیا، بە پەرلەمانی عێراقیی وتراوە ئەنجومەتی میللەتی عێراق(مجلس الامه‌) کە لە دوو ئەنجومەن پێکھاتوە، یەکەمیان ئەنجومەنی نوێنەران بوەو ژمارەیان ٨٨ ئەندام بوە، لەلایەن میللەتەوە بەدەنگدان ھەڵبژێردراون، دووەمیان پێی وتراوە ئەنجومەنی ئەعیان کە لەلایەن مەلیکەوە بەبێ ھەڵبژاردنی گەل، ڕاستەوخۆ مەلیکی وڵات خۆی دایناون و لە کەسانی ناوداری ڕۆشنبیر و ئاینیی و سەرۆکی خێڵەکان پێکھاتوە، یەکەم سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رەشید عالی گەیلانی بوەو ئەنجومەنی ئەعیانیش یوسف سویدی سەرۆکی بوە. بەپێی ئەو راستییە مێژووییانەی باسمانکرد ئاشکرایە کە یەکەم دادگای باڵا لە مێژووی عێراقا کە دروستکراوە، بەتەنھا لە دادوەران پێکنەھاتوە، بەڵکو تێکەڵاو بوە لە دادوەران و ئەندامانی ئەنجومونی ئەعیان و ھەریەکەیان پیشەی جیاواز لە دادوەرییان ھەبوە.

دواتر بەپێی دەستوری کاتی ١٩٦٨ ی بەعسییەکان، قانونی ژمارە١٥٩ لە ساڵی ١٩٦٨ بۆ دادگای دەستووری دەرکردوەو پاشان لە ساڵی ١٩٦٩ ھەموارییان کردوەتەوە، بەگوێرەی ئەو قانونە دادگای دەستوری بەھەمان شێوەی سەردەمەی پاشایەتی و دادگای فیدراڵی ئێستا لەرووی ژمارەوە ھەر لە (٩) نۆ ئەندام پێکھاتون، ئەندامانی تێکەڵاو بوە لە دادوەر و ژمارەیەک فەرمانبەری باڵای دەوڵەت، بەمشێوەیە؛
١.سەرۆکی دادگای تەمیز، سەرۆک.
٢ . سەرۆکی چاودێری دارایی، ئەندام.
٣ .سەرۆکی تەدوینی قانونی، ئەندام.
 ٤ .دادوەرێکی ھەمیشەیی تەمیز، ئەندام.
 ٥ .دادوەرێکی ھەمیشەیی تەمیز، ئەندام.
 ٦ .دادوەرێکی ھەمیشەیی تەمیز، ئەندام.
 ٧ .ڕاگیری کۆلێژی ماف، ئەندام.
٨ .سەرۆکی فەرمانگەی پشکنینی وەزارەتی ناوخۆ ، ئەندام.
٩.بەڕێوەبەری گشتی بودجەی گشتی ئەندام.

پاشان لە دوای ڕوخانی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە٢٠٠٣ ، بە پشتبەستن بە قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە ، قانونی دادگای فیدراڵی ژمارە٣٠ ساڵی٢٠٠٥یان دەرکرد، بەپێی ئەو قانونە دادگاکە ھاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوتر ژمارەی ئەندامانی ھەر بە ٩ نۆ ئەندام مایەوە. بەڵام جیاواز لە مێژووی دادگای فیدراڵی ھەر ٩ نۆ ئەندامەکەی جگە لە دادوەران کەسی تری تیانەبوو.

لە ئێستایا پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی پەسەندکردنی قانونی تازەی دادگای فیدراڵییە لەبەر ڕۆشنایی دەستوری پەسەندکراوی عێراق بۆ ئەوەی قانونەکە دەربکا. وەکو زانراوە ژمارەیەک ماددەی قانونەکە دەنگی لەسەر دراوە ، لەگەڵیشیدا ژمارەیەکی تر لە ماددەی قانونەکە، کە بە  جەوھەرو دڵی دادگاکە دائەنرێ، ھەتاوەکو ئێستا پەسەندنەکراون و گفتوگۆکانیش بەردەوامن.

بەرلەھەموو شتێک ھەقی وابوو سەرۆکایەتی پەرلەمان و ھەموو ئەندامان مەسەلەی دادگای فیدراڵیان لەناو ھۆڵی پەرلەمانا قەتیس نەکردایە، ئەم قانونە کۆڵەکەو پایەکی گرنگی باڵەخانەی سیستەمی دەستوریی و سیاسی وڵاتە، پەیوەندی بەھەموو خەڵکەوە ھەیە ، ئەبوایە پەرلەمان، کراوەتر لەسەر ئەم قانونە گفتوگۆی بکردایە، دەیان کۆرو سیمیناری لەدەرەوەی پەرلەمان لەسەر بکرایە، زانکۆو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان و دادوەران قسەیانبکرایە.

بەشێوەیەکی گشتی چۆن دادگاکە دروست بکرێ ؟ بە چ شێوەیەک ئەم دادگایە بۆ کورد باش ئەبێ؟ ئەمە خودی پرسیارە جەوھەرییەکەیە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ،ئەم راو و پێشنیارانە ئەخەینەڕوو؛

یەکەم؛ پێکھاتەی دادگاکە ھەر وەکو ئێستا لەدادوەران ببێ باشترە، بەڵام بەو پێیەی لە ماددەی ٩٢ بڕگەی دووەم لە دەستوری عێراقا ھاتوە (کە دادگای فیدراڵی پێک دێ لە ژمارەیەک لە دادوەران و شارەزایانی فیقھی ئیسلامی وفوقەھای قانون .بە قانون کاری دادگاکەو ژمارەیان دیاری ئەکرێ، شێوازی ھەڵبژاردنیان ڕێکدەخرێ) لەم بارەیا، مەسەلەی  ژمارەو پێکھاتەکەی بۆ کورد زۆر گرنگ نابێ، باشتریش وایە کورد لەسەر ئەو پێشنیارە جێگیر ببێ کە شارەزایانی ئیسلامی و یاسا ناسان لە دادگاکەدا ببن بە ئەندام بەڵام بە سیفەتی راوێژکاریی و لەمەسە غەیرە ئیسلامییەکان بۆیان نەبێ دەنگ بدەن،بەڵکو تەنھا مەشورەت پێشکەش بکەن.

دووەم: ئەگەر ئەو رایەی، ئەڵێ (با ژمارەی ئەندامانی دادگاکە ١٣ سیانزە کەس بێ)سەرکەوتوو بوو. ئەمە لەگەڵ ئەوەی ھەر خۆی ژمارە١٣ ژمارەیەکی شومە! بەڵام ئەمەیان باسێکی ترە، لەم بارەیا ئەکرێ ، کورد پێشنیاری بونی ژنان لە ئەندامێتی دادگاکە بکا ، ھەم وەکو پابەندییەکی دەستوریی و لەگەڵیشیدا جۆرە ھاوسەنگییەک بۆ ژیانی مەدەنی ناو دادگاکە ئەگێرێتەوە، وا پێویست ئەکا، دوو ژن بکرێن بە ئەندام. بەرگێکی شارستانی بە باڵای دادگاکەیا ئەکاو لە ھەمان کات زۆر گرنگیشە بۆ چەسپاندنی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان.

سێیەم:شێوازی دەنگدانی ئەندامانی دادگاکە بۆ بریاردەرکردن، لە ھەموو بابەتێکی تری دادگاکە گرنگترە، ھەر ئەو برگەیەشە بۆتە گرێکوێرەی دەرنەکردنی قانونەکە. بۆ کورد واباشە شێوازی دەنگدان بۆ بریار دەرکردن، بکرێ بە سێ جۆرەوە؛

١: ئەو بابەتانەی کارگێڕین و تانەی دادگا کارگێرییەکانن ھاوشێوەی ئێستا ،بە زۆرینە دەنگ بریار بدرێ.

٢: ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کێشەی ھەرێمەکان و تەفسیری دەستوریی و ماددەی١٤٠ بە تێکرای دەنگ بێ(الاجماع) بریار بدرێ،ئەگەر ئەمەش نەسەلمێنرا ،پەیڕەوی دوو لەسەر سێ بکرێ.

٣: ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کێشەکانی دابەشکردنی داھات و نەوت و گاز پێویستە بە تێکرای دەنگ بێ(الاجماع) بڕیار بدرێ،ئەگەر ئەمەش نەسەلمێنرا، پەیڕەوی دوو لەسەر سێ بکرێ.


PM:01:55:17/03/2021