هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی، بژاردەیەك لە نێوان خراپ و خراپترین
چۆمان محه‌مه‌د
پەرلەمانی عێراق لە كۆتایدا هەنگاوی نا بۆ كاراكردنەوەی دادگای باڵای ئیتیحادی(دەستوری)، هەرچەندە نەیتوانی پرۆژە یاسایەكی نوێی كە دەنگی لەسەر زۆربەی ماددەكانیدابوو دەرچوێنی، بەناچاری پەنای بردەوە بۆ هەمواری یاساكۆنەکە (الامری 30  ساڵی2005)، لەگەڵ ئەوەی یاساكە بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان دەنگی لەسەرنەدرا کە ئەمە پێچەوانەی مادەی (72)ی دەستوری عێراقەو دژە لەگەڵ بڕیاری خودی دادگای فیدڕاڵی‌، پێویستی بەو  نیصابە هەبوو.

گرنگرتین ئەو خاڵانەی لەم هەموارەدا شیاوی ئاماژە پێدانە ئەمانەن:
1_ ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی‌ هەر بە (9) دادوەر هێشتەوە، رێگەی نەدا كە شارەزای‌ فقیهی  قانون و شرع بەژدار بن، هەرچەندە دەستور باسی  خبیرو فقیهی قانونی و شرعی كردوە، بەڵام رێگەدان بە ئەندامبونیان لەم قۆناغەدا بۆ كورد مەترسیدار بوو، هەروەها ژمارەی نوێنەرەكانمان كەمی دەكرد، سەرەڕای‌ ئەوەی لە پڕۆژە یاسا تازەکە ژمارەی دادوەرەکانی لە نۆ وە بۆ پێنج دادوەر کەم کردۆتەوە، لەبری ئەوە چوار شارەزای فقھی ئیسلامی و دوو شارەزای یاسای زیاد کردووە، ئەمەش لەبەرژەوەندی کورد نەبوو، چونکە پشکی کورد پێشبینی كرابولەم حالەتەدا لە دادوەرەکان بە ئەگەری زۆر لە دوو دادوەرەوە دەبوو بە یەک دادوەر، قورسیش بوو لە شارەزایانی فقھی ئیسلامی کورد ھیچ ئەندامێکی بەربکەوێت، لەوانەیە یەکێک لە شارەزاکانی یاسا بەر کورد بکەوتایە، واتە پشکی کورد لە دوو دادوەرەوە دەبوو بە دادوەرێک و شارەزایەکی یاسا، بەڵام لە هەمواری (الامری 30  ساڵی2005) ژمارەكە هەر (9) دادوەرن و ئەندامی ئاینی و مەزهەبی‌ تێدانیە، ئەمەش تاڕادەیەك دادگاكە لە فۆڕمە مەدەنیەكەدا دەهڵێتەوە  و رێگرە لە هێنانەكایەی ئەندامی مەزهەبی و ئاینی بەتایبەت شیعە، بۆیە لەدەرئەنجامدا هەنگاوێكە باشەی زیاترە و ئەو كیشمەكیشمەی نەهێشت. 

2_ تەمەنی خانەنشینی بە (72) ساڵ دیاری کردووە، ئەمەش کۆکە لەگەڵ زۆربەی یاساکانی دادگای باڵا لە وڵاتانی جیھان و عەرەبی کە تەمەنی خانەنشیان بەستۆتەوە بە تەمەنی ئەندامانی دادگاکە نەک ژمارەی ساڵانی خزمەتیان لەو دادگایە، باشی ئەمەش لەوەدایە کە ئەگەر بە ساڵانی خزمەت بێت لەوانەیە کەسێک کە دەبێتە ئەندام تەمەنی (70) ساڵ بێت، بەپێی پڕۆژە یاساکە بوایە ئەم کەسە دەیتوانی تا تەمەنی (82) ساڵی لە دادگاکە بمێنێتەوە ئەمەش تەمەنێکی زۆرە، بەڵام بەپێی ئەم ھەموارەی ئێستا ھەر ئەندامێک تەمەنی گەیشت بە (٧٢) ساڵ خانەنشین دەکرێت.

‏3_‎ سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی‌ بەھەر ھۆیەک بێت نەتوانرا لەبەردەم سەرۆک کۆمار سوێندی دەستوریی بخۆن، ئەوا لەبەردەم سەرۆکی پەرلەماندا سوێند دەخۆن، ئەمە هەنگاوێكی مەترسیدارە و دژە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی دنیا، کە سوێند خواردنیان لای پەرلەمان نیە، ئەو خوێندنەوەیەشی بۆ دەكرێت دژی كوردە، چونکە سەرۆك كۆمار لای كوردە.

4_ سەبارەت بە ئەندامانی دادگای ئیتیحادی راستەوخۆ لەلایەن دام و دەزگای دادوەری عێراق دەستنیشان دەكرێن، بەبێ رەچاوكردنی رۆلی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم، دەبوو بە ئاشكرا رۆڵی دادوەری هەرێم هەبێت لە دانانی دادوەرانی كورد، ئەمەش شیاوی رەخنە و مەترسییە بۆ ئێمەی كورد و دژە بە مافی ئێمە، كە لەیاسا كۆنەكە بەو چەشنەبوو مافی هەرێمی كوردستان بووە.

5_ هەموارەكە رێژەی یاسایی بۆ كۆبونەوە و بڕیاردانی دەستكاری نەكردوە وەك خۆی هێشتویەتیەوە، كەلە پرۆژەكەدا خاڵی كێشمە كێشم و ناكۆكی بووە.

6_ لە پڕۆژە یاسا نوێکەدا ئەندامانی ئێستای دادگای فیدراڵی کرابوون بە ھاوبەش لە ھەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی‌ دادگای فیدراڵی، بەڵام لەم ھەموارەدا ھاوبەشی ئەندامانی ئێستای دادگای لە ھەڵبژاردنی ئەندامانی تازەی دادگای ئیتحادی لابردووە، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە، چونکە وەک دەگوترێت ئەندامانی ئێستا بەشێکیان بە سەرۆکی دادگاکەشەوە تێکەڵی پرۆژەی سیاسی بوون و نزیکن لە ھەندێ کەسایەتی سیاسی عیراقی و سەربەخۆیی خۆیان لەدەستداوە.

لەڕووی زیان و بەرژەوەندی كوردەوە:
دۆخی سیاسی و پەرلەمانی و هەڵبژاردنی پێشوەختە و رەوایەتی شەرعیەتی یاساكانی پەرلەمانی عێراق لەروی دەستوریبونەوە وای دەخواست دادگای فیدراڵی پێویستی هەنوكەیی بەكاراكردنەوە و تفعیل كردنی هەیە، لەنێوان بژاردەی یاسایەكی نوێ كە ماددە و بڕگەی زۆر مەترسیداری تێدابوو لەگەڵ هەمواری (الامری 30  ساڵی2005)ی دادگای ئیتیحادی، هەموارەكە سەرباری نەبوونی رێژەی  دوو لەسەر سێ بۆ دەنگدانی، هەنگاوێکە خراپی و زیانی كەمترە بۆ ئێمەی كورد، هەرچەندە ئەم هەموارەش درێژە پێدەری بەكارهێنانی سیاسەتی لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر بە بەغدا، بەڵام لە هەڵبژاردنی خراپ و خراپتر، پێویستە بەدوای ئەو رێگە چارەدا بگەرێین كە كەمترین زیانی هەیە بۆ كورد، یەك ریز و یەك هەڵوێست بین لە پێناو پاراستنی مافەكانمان و قەوارەی هەرێمی كوردستان.


AM:02:36:23/03/2021