ڕۆژنامەنوسی بەپێوەری نەوشیروان مستەفا
هەڵمەت عەلی

هاوڕێمان هەبوو لەگەرمەی ململانێکانی گۆڕان‌و پارتیدا کاری میدیایی خۆی لەکەناڵی knn بۆ rudaw گواستەوە، کاتێک بەکاک نەوشیروانی ڕەحمەتیان وت؛ بەپێچەوانەی ڕای زۆرینەوە وتی؛ هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم‌و هەر هاوڕێ‌و ئازیزی ئێمەیە.

کە دەوترێ کاک نەوشیروان تاقانەی ناومان بوو، پێموایە زیادەڕەوی تێدانییە، چونکە ئەو بەڕەفتارو هەنگاوە سیاسییەکانی، بەبیرکردنەوەو هەڵوێستە ناوازەکانی، ئەوەی سەلماند.

بەبیرم دێ ئەوسەروەختەی یەکێتی‌و پارتی، کادرو ئەندامانی خۆیان لەسەر ئینتیمای جیاواز دەردەکرد، کەچی کەناڵیknn و تەواوی دامەزراوە میدیاییەکانی دیکەی کۆمپانیای وشە، پڕبوو لەمیدیاکاری بیروباوەڕ جیاواز، لەوپەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی ڕاست، تەنانەت بەیەکێتی‌و پارتیشەوە وجودیان هەبوو.

ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە بۆ هەموان لەبیروباوەڕی زاتی کاک نەوشیروانەوە سەرچاوەی گرتبوو، چونکە ئەو پێیوابوو ڕۆژنامەنوسی، کایەیەکە سەربەخۆیی تەواوی گەرەکە، هەربۆیە لەکاتی جێهێشتنی میدیاکانی کۆمپانیای وشەشدا، تانەو تەشەری لەهیچ ڕاگەیاندنکارێک نەئەدا، بەڵکو بەپێچەوانەوە هیوای سەرکەوتن‌و بەختەوەری بۆ دەخواستن.

تا ئەو زاتە مەزنە زیندوو بوو، ڕاگەیاندنکارانی کۆمپانیای وشە ڕێزلێگیراوترین چین‌و توێژی گردی زەرگەتە بون، تەنانەت موچەیان لەزۆرینەی ڕاگەیاندنکارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەرزتربوو، لەدوای مەرگی ئەویشەوە هەموان دەزانین چارەنوسی میدیاکانی کۆمپانیاى وشە بەچی گەیشت، داخستنی کەناڵی knn، سەرەتای پەرتەوازەبون‌و بێکاربونی چەندین ڕاگەیاندنکاری بەئەزمون‌و سەرکەوتوبوو کە تائێستا بەشێکی زۆریان دێوەزمەی بەتاڵی‌و بێکاری یەخەی بەرنەداون، بۆیە دادگەری نییە لەکاتی دەرکەوتنی ڕاگەیاندنکارێکی پێشوی میدیاکانی کۆمپانیای وشە لەمیدیایەکی تردا، توشی شۆک بین‌و بەتاوانی ئەژماربکەین.

ژینۆ محەمەد هاوڕێ‌و هاوکارێکی ئازیزی ئێمە بوو، لەتەواوی وێستگە جیاوازەکانی کەناڵیknn دا ئامادەگییەکی بەرچاوی هەبوو، ئێمە دەزانین، موحارەبەی زۆرکراو کۆڵی نەداو گەلێک قوربانیدا، ئەگەر بڕیاربێ دڵسۆزی‌و ڕاستگۆیی ئەو هەڵبسەنگێنین، ئەوا بەردەوامی‌و ئامادەگی ئەو تا داخستنی knn باشترین بەڵگەیە، بۆیە ڕەوانییە لەئێستادا لەسەر دەرکەوتنی لەشاشەیەکی دیکەوە تانە بدرێ، کەسایەتی لەکەدار بکرێ، دڵنیام گەر کاک نەوشیروان زیندوبوایە هەر بەمەنتقە زاڵەکەی خۆی دەیوت؛ هیوای سەرکەوتن‌و بەختەوەری بۆ دەخوازم ..!

AM:12:48:06/02/2021