بەنیازی ئاوڕدانەوە سەرەتاكانی ئەدەب و هونەر
شیرین. ك


جگەلە لاپەڕەكان كە هەر یەكەیان ژوورێك یان زیاتری پێدرا، بەڵام هیچ لاپەڕەیەك واتە هیچ ژوورێك کۆمپیوتەری تیانەبوو، زۆربەشمان کۆمپیوتەرمان نەدەزانی، تەنیا چەند كەسێك کۆمپیوتەریان دەزانی و ژوورێكی تایبەتییان هەبوو، پێیدەوترا بەشی کۆمپیوتەر، بابەتەكان كە دەستنووس بوون، دەنێردران بۆ ئەو بەشە بۆ تایپكردنی، ئەو ژوورە زۆر گرنگ بوو، هەموو كەس بۆی نەبوو بچێتە ئەو ژوورە، وەكو شوێنێكی خەتەر و ناسك سەیر دەكرا، بەتایبەتی ئەو كاتەی كە ئیتر بە کۆمپیوتەر دەستكرا بەدیزاینی لاپەڕەكان، تەنانەت ماوەیەك دەبوو پێش ئەوەی بچیتە ژوورەوە پێڵاوەكانت داكەنی!! بەڵام من هەمیشە یاخی دەبووم و دەموت پێڵاوەكانم داناكەنم یان هەر نایەم بەو ژوورەدا، سەرەتا دیزاینی لاپەڕەكان لەسەر ماكێتەكان دەكرا و ستوون ستوون بە مقەست دەبڕدرا و بە كەتیرە دەلكێنرا بەمقەبایەكەوە، كارێكی زۆر سەرەتایی و وردەكاریی و كاتی زۆری دەیوست، ئەوانەی بەو شێوەیە دیزاینی لاپەڕەكانیان دەكرد ئەوانیش ژوورێكیان هەبوو.

یەكێك لە گرفتەكانی ئەو قۆناغەمان بەدەستهێنانی وێنە بوو بۆ بابەتەكان، نە ئینتەرنێت هەبوو نە ئەرشیفێكی باشمان هەبوو، چونكە ئەوەی هەبوو لە هەولێر لەناوچوو، لە سلێمانی لە سفرەوە دەستمان پێكردەوە، رەنگە بۆ لاپەڕەی ئەدەب و هونەر ئەم گرفتە گەورەتر بووبێت، چونكە رۆژنامەكە بە پلەی یەكەم سیاسی بوو، ئەرشیفەكە بەشی خۆی وێنەی سیاسەتمەدارانی تیابوو، بەڵام بەدەگمەن وێنەی ئەدیب یان هونەرمەندێكی تیابوو، لەبەرئەوە بڕیارمدا ئەرشیفێك دروستبكەم بۆ ئەدەب و هونەر، یەكەم هەنگاو بە گۆڤارەكانی ماڵەوە دەستمپێكرد،

وێنەی هونەرمەند و ئەدیب و ئەو وێنە و مۆتیڤانەی گوزارشتیان لە دەقە ئەدەبییەكان دەكرد هەر هەموویم دەبڕی و پۆلێنم دەكردن و هەر كۆمەڵێكم دەكردە فایلی تایبەتەوە، ئینجا كۆمەڵێك گۆڤاری كۆنم كڕی و بەهەمان شێوە جیامكردنەوە، سەبارەت بە ئەدیب و هونەرمەندە كوردەكانیش ئەوەی بابەتی بناردایە یان دیدارمان لەگەڵدا بكردایە یان هەر سەردانی بكردینایە، سەرەتا داوای وێنەمان لێدەكردن و دواتریش كە بووینە خاوەن كامێرای خۆمان وێنەمان دەگرتن و لە ئەرشیفەكەی خۆمان داماندەنا، هەتا ئەدەب و هونەرم جێهێشت ئەو ئەرشیفە هەر مابوو وەكو یادگارییەكی ئەو رۆژانە پاراستبوومان، هەرچەندە لە مێژبوو کۆمپیوتەرمان بەكاردەهێنا بۆ ئەرشیفكردن،

جگەلە وێنەی فۆتۆگرافی پێویستمان بەمۆتیڤیش بوو بۆئەوەی لەگەڵ دەقەكاندا داینێن وەكو جوانكارییەك، دوو شێواز هەبوو بۆ بەكارهێنانی مۆتیڤ، یان دەبوو مۆتیڤەكە گوزارشت لەبابەتەكە بكات یان هەروا بەشێوەیەكی عەشوائی مۆتیڤەكان لەگەڵ بابەتەكان دابنێین، بۆ شێوازی یەكەم دەبوو نیگاركێشێك دامەزرێنین لە بەشەكە یان پاشكۆكەمان، ئەو كەسە هەموو دەقەكان بخوێنێتەوە و بەپێی چێژی هونەری خۆی و تێگەیشتنی لە دەقەكە مۆتیڤەكان بكات، ئەمە دوو لایەنی نێگەتیڤی هەبوو یەكەم چێژی هونەری یەك كەس زاڵ دەبوو بەسەر پاشكۆكەدا و جگەلەوەی تەنیا ئەو چەند كەسەی دەقەكانیان هەڵدەسەنگان كەسیتر بۆی نەبوو دەقەكان ببینێ و بیان خوێنێتەوە، لەلایەكی تریشەوە ئێمە دەمانویست زۆرترین هونەرمەند پەیوەندیی هەبێت پێمانەوە و كارمان بۆ بكات و بابەتمان بۆ بنێرێت، بۆیە رێگەی دووەممان پەسەندكرد بۆ دانانی مۆتیڤ و لەو سەرەتایانەدا نیگاركێشانی بەتوانا هاوكاریان كردین، ئەوەندەی بیرم مابێ، بەختیار قەفتان، هاوڕێ ئەنوەر، مەریوان جەلال، وەهبی رەسوڵ كە هاوكارێكی باشی پشكۆكەمان بوو.

-knwe

AM:02:36:23/05/2021