ژن بووم، نە عەسکەرییم لەسەر بوو و نە عەسکەری فیرار بووم، بەڵآم خۆمدا بە کوشت 'پێشمەرگە بووم' و نەمردم و دیم کوردستان ئازاد کرا.
٣٠ ساڵ تێپەڕی بەسەریا
٣٠ ساڵ یادی ڕاپەڕین کرایەوە
٣٠ ساڵ و ٣٠ جار ٨ ی ئادار و ڕۆژی ژن ئاهەنگی بۆ گێڕرا.
تەنها پێرێ، تەنیا یەکجار، لەم ٨ ئادارەی ئەمساڵدا، بۆ یەکەم جار میدیای بینراوی هەرێمی کوردستان چەند دەقەیەک بە کەڵکی من هات، بۆ یەکەم جار لە میدیای بینراوی هەرێمی کوردستانەوە 'ڕێ کرایەوە' قسە بکەم.
هەندێک ژن وپیاوی سیاسیکار هێندە سادە و بێ ئاگا و قەپاتن مەترو نیوێک لەبەر پێی خۆیان دەبینن و هیچیتر، چ لە حیزبە سەرەکیەکان و چ لە ئۆپۆزۆسیۆندا، بەسەرسامیەوە پێم دەڵێن: بۆ گلەیت لە کوردستان هەیە؟!
دڵنیام ئێوە لە من باشتر دەزانن لە هەرێمی کوردستاندا چەند میدیای بینراو هەیە!
چەندن؟ دە یان بیست یان سی یان چل؟ یان پەنجا؟ یان زیاتر؟ چەند ساڵە هەن؟ چەند ژن و پیاویان کردوە بە 'ڕەقەم' و 'ئەستێرە' و لەم نازناوانە؟
بۆیە دەڵێم ' کوردستان' چونکە دڵنیام دەزانن هەموو میدیایەکی بینراو حکومەت خاوەنی نیە. هەروەهاش ناکرێت نەزانن کە مەرج نیە ئەوەی دژ بە حکومەت بێت ئیتر تێگەیشتوو و پاڵپشتی یەکسانی جێندەریی بێت!
ئەمە پاساو نیە بۆ حکومەتی کوردی یان هیچ حکومەتێکی سەر ئەم زەوییە، تەنها ئەو ڕاستیەیە کە پرسی نادادپەروەری جێندەریی لە دەرەوەی حکومەت و لەناو ئۆپۆزۆسیۆنەکانیشدا هەیە، لە ناو میدیاکاندا هەیە، لەناو میدیاکاراندا هەیە ، تەنانەت لەناو ژنە قەپاتەکانیشدا هەیە بەتایبەتی ئەوانەی پۆستی بەرزیان پێ دەبەخشرێ هێندە نەزانن پێیان وایە گەر حیزبی نەبوونایە وەریان دەگرت، گەر نیوەی ئیشەکانیان بکەن ئەوا دەرزەنێک لە مەدالیا و خەڵات بۆ خۆیان کۆ دەکەنەوە.
بەڵام هێشتا هەن دەڵێن:
نادادپەروەی جێندەریی کوا هەیە؟
هێشتا هەن دەڵێن:
گەر نادادپەروەری جێندەریی هەبێت، ئەوا هەموو ژنێک وەکو یەک بەر غەدری نادادپەروەری جێندەریی دەکەوێت!.
لەوانەش سەمەرەتر، هێشتا هەن بە من دەڵێن: وەرە سیاسەت بکە!
ئەم نادادپەروەریە جێندەرییەی میدیای بینراو یەکێکە لەناو سێ چوار لە نادادپەروەری جێندەریی زۆر گەورەتر لەمە کە لە هەرێمی کوردستاندا بەرامبەر بە من کراوە، وەکو بۆ نموونە: لە بواری فەلسەفەدا ، یان لە مەسەلەی پێشمەرگایەتیمدا.
لە کاتێکدا بە سەدان ژن لە حیزبەکاندا پێشخراوون ویاریدەیاندراوە، بەسەدانیتر لە بەر 'دیڵ/مامەڵە' ی سیاسی لەلایەن مێرد و براکانیانەوە لەلایەن حیزبەکانەوە پۆستی بەرزیان وەرگرتوە و پێشخران و یاریدەیاندراوە.
ئەم نادادپەروەریە جێندەریانەی کە بەرامبەر بە من کراوون، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کران کە دەبوایە لە هەمووکەس زیاتر پشتگیر و هاندەری من بونایە، هیچ نەبێت پێم وابوو و وام لێ چاوەڕێ دەکردن.
هێشتا بە دڵێکی پاکەوە دەچمە لایان و پێیان دەڵێم ، ئەگەر عەزیەت نیە بەڕێز یەک دوانێک لەو نادادپەروەریانە بەرامبەرم چاک بکەنەوە، با جێگیر ببمەوە لە کوردستاندا و کەمێک لە ئازاری نادادپەروەری بشکێ.
سەیرم ئەکەن وەکو ئەوەی من هەڵە بم، یان داوای ئەوەی لێ بکەم نادادپەروەریەک بکات.
سەیریان ئەکەم و دەزانم، من لەوان زیاتر شایستەی پۆست و مەقامی ئەوانم.
هێشتا لەناو ئۆفیسەکانیاندام بیر لەوە دەکەمەوە: گەر ئەوان ئەو نادادپەروەریانەیان بەرامبەر بکرایە و بهاتنایە لای من، چیم بۆ دەکردن؟ چۆن یارمەتیم ئەدان و داوای لێبووردنم لێ ئەکردن و چاکم دەکردەوە و قەرەبوم دەکردنەوە.
لەوێدایە کە جیاوازیەکانمان دەردەکەون، تێگەیشتنمان دەردەکەوێت، سیاسەتکردنمان دەردەکەوێت، دڵسۆزیمان چ بۆ ژن بێت یان بۆ کورد دەردەکەوێت. بەڵێ دەیانبینم، ژیانیان و لێهاتووییان و ئاستی تێگەیشتنیان و بیرکردنەوەیان و دڵسۆزییان لە چەند چرکەیەکدا دەبینم، بەڵام هیچیان پێ ناڵێم، لێییان دەگەرێم بێ ئاگا بن لە خۆیان و دەوروبەریان؛ بەڵکوو هەندێکمان هێشتا لە ناحاڵیدا خۆشحاڵ بین.
* سوپاس بۆ ئەو خاتوونەی وێنەکەی گرتوە و بۆی ناردوم بۆ یادگاریی یەکەم دەرکەوتنم لە میدیای هەرێمی کوردستان دا پاش ٣٠ ساڵ لە هەبوونی من و کوردستانێکی ئازاد کراو، ٣٠ ساڵ لە هەبوونی ٢٠ و ٣٠ و ٤٠ لە میدیای بینراوی کوردی حکومی و ئەهلی و ئۆپۆزۆسیۆنی لە هەرێمی کوردستاندا.
د. ساماڵ مانیی
١٠-٣-٢٠٢١