گەنجانی کوردستان چییان دەوێت؟
روەیدا مستەفا

زۆر لە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان زۆر بە پەرۆشن تا وا دەربکەون کە لە نیگەرانی و خەمەکانی گەنجان لە هەرێمی کوردستاندا تێدەگەن. هەندێکجار هەندێک هەوڵی لەو جۆرەش دەبینین و هەندێک وزە بۆ ئەوە دادەنێن کە نیشانی دەدات، لانیکەم ئارەزووی تێگەیشتن لە گەنجانیان هەیە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەو بەرپرسانە وا دەرناکەون لە بنەڕەتەوە بیانەوێت لە کێشە و پرس و خەمەکانی گەنجان تێبگەن هێندەی دەیانەوێت بۆ وەبازاڕخستنی پێگەی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێی چەند وێنەیەکی یادگارییەوە وای نیشانبدەن کە گوایە گوێکانیان بۆ نیگەرانیی گەنجان شل کردووە.
 
بە بڕوای من، جیدییترین و باشترین کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ گەنجان ئەوانەن کە بڵاوناکرێنەوە. ئەگەر بەرپرسێک بەڕاستی لە نیگەرانییەکانیان تێبگات، لای کەم هەوڵدەدات کارێک بکات ئینجا باسی دیدارەکانی لەگەڵ گەنجان بکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا. گەنجان نایانەوێت بەرپرسەکان تەنها گوێیان بۆ بگرن و بە بەڵێنی قەبەوە دوای وێنەیەکی یادگاریی بڕۆنەوە.
 
لەبیریمەکەن، خەمەکانی گەنجان قوڵتر دەبنەوە کاتێک هیوایان بۆ دروستبکەن و هیواکان لە ئەرزی واقیعدا دەرنەکەون.
 
من دەزانم بەرپرسان ناتوانن لەڕێی دیدارەکانیانەوە لە گەنجان تێبگەن، زۆر بەسادەیی ئەو گەنجانەی دەرفەتی دیداریان هەیە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان، نوخبەیەکی بچووکن، کێشەکانیشیان بە بەراورد بە رێژەی رەهای گەنجانی وڵات، دووبارە زۆر بچووکن.
من دەمەوێ بپرسم ئەرێ گەنجانی کوردستان چییان دەوێت؟
 
گەنجان لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕوانامەیەکیان پێدەبەخشرێت کە هیچ ئاسۆیەکیان بۆ دروست ناکات سبەی رۆژێ کاری پێ بدۆزنەوە. ئەوان دەرفەتی ئەو پڕۆگرام و دەستپێشخەریی و مەشق و راهێنانەیان نییە کە بتوانن پیشەی ئارەزووی خۆیانی پێ بونیاد بنێن و پێشبخەن. هەروەها ئەوان تەنانەت کەسانێکی و رێکخراو و دەزگایەکیشیان نییە کە ئامۆژگارییان بکات چۆن پیشەی داهاتوو و رێگەی کارکردنی خۆیان هەڵبژێرن کاتێک لە ئامادەیی و لە زانکۆکان دەخوێنن. ئەوان لە بنەڕەتەوە خوێندن و ئەزموونیان وا رێکخراوە کە خزمەت بە ئارەزوو و لێهاتووییەکانیان نەکات. ئەو گەنجانە پێویستییان بەو وێنانە نییە کە بەرپرسان بۆ خۆجوانکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڤیدیۆکانیاندا بەکاریدێنن. ئەوان پێویستییان بەوە هەیە بەرپرسان کێشە بنەڕەتییەکانیان بۆ چارەسەر بکات تا کە دەرچوون پێویستییان بەوە نەبێت بەرپرسانی گەورەی وڵات ببینن تا کێشەکانیان بۆ چارەسەربکەن، کێشەکانیان رونن.
 
کار، کار، کار
 
کار هەرە گرنگترین پرسی گەنجانە. کار لە هێڵە گشتی و تایبەتییەکانی حیزبە سیاسییەکان گرنگترە. خەڵک بۆیە حیزبە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارانی لاگرنگە تا بتوانن کاریان بۆ دروست بکەن. ئەگەر بەرپرسێک یان حیزبێک نەتوانێت کار بۆ گەنجان دروستبکات و لە خۆشیدا هەڵگری دونیابینییەک نەبێت بۆ سەرکەوتن، وا باشترە ئەو بەرپرس و حیزبە سیاسییە لەسەر کورسییە مورتاحەکەی دانەنیشێت، دەبێت بجوڵێت و خۆی شەو و رۆژ کاربکات تا کار بۆ گەنجان بدۆزێتەوە.
 
حکومەتی بەرتانیا پرۆژەیەکی دوو ملیار دۆلاری دەستپێکرد بۆ ئەوەی یارمەتیی خەڵکی گەنج بدات لە سکۆتلاند تا خۆیان بخزێننە بازاڕی کار و ئابووریی بەریتانیا هەڵسێننەوە. ئەو پرۆژەیە دەرفەت دەداتە کۆمپانیا بەریتانییەکان تا کەسانی بێکاری گەنج بۆ ماوەی شەش مانگ لەخۆبگرن و حکومەت مووچەکەیان دەداتێ، تەنها بۆ ئەوەی ئەو گەنجانە لە بێکاریی دەرباز ببن. بێکاری نەک هەر بۆ خودی گەنجەکە بێزاریی و مەترسییدارە، بەڵکو بۆ وڵاتیش کارەساتبارە.
 
کوردستان لە هەر ساتێک زیاتر پێویستی بە پڕۆژەی دروستکردنی تواناکان و لێهاتووییەکان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیی بێکاران بدرێت تا فێری کار ببن، حکومەت دەبێت پڕۆژەی بۆ ئەمە هەبێت. ئەمە دەشکرێت لەڕێی زانیاریی بەخشین بە زانکۆکان بێت و هاوکارییکردنیان بێت تا ئەو رێگەیانە بدۆزنەوە کە وا دەکات گەنجان توانا و لێهاتووییەکانیان بونیادبنێن. زانکۆکان دەبێت کاری پوخت بکەن و لەڕێی ئەو ژێرخانەی لەبەردەستیان دایە بتوانن دەرفەتەکان بقۆزنەوە و دروستبکەن. حکومەت پێویستە هاوکارییان بکات. بە کورتی، زانکۆکان دەبێت لێهاتوویی و کارامەییش دروستبکەن نەک تەنها بڕوانامە ببەشنەوە.
 
کام جۆری سەرکردایەتی؟
 
سیاسەتی پۆپۆلیستانە سیاسەتی کەسانی لاوازە، سیاسەتی ئەو سیاسەتمەدار و بەرپرسانە کە خاوەنی دونیابینی و ئایندەبینی نین. تەسلیمبوونی واقیعی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی بەربڵاویی پلاتفۆرمەکانەوە هەڵەیەکی کوشندەیە سیاسییەکان تێیکەوتوون. سەرکردەی خاوەنبیر و بیرتیژ و لێزان، سەرکردەی دووربین و حوکمڕانی چاک زیاتر کار لەسەر چەسپاندن و لەخۆگرتنی ئەو بەها و روئیایانە دەکات کە دەبنە هۆی پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و رۆحانیش.
 
گەنجان پێویستییان بە سەرکردەیەکە کە بڕوایان پێی هەبێ، نەک لەپێناو مووچەیەکی مانگانە لەسەر حیسابی بودجەی گشتیی و حیزب، بەڵکو سەرکردەیەک کە دەتوانێت دونیابینییەکەی لە خزمەتی گەشە و سەرفرازی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری بێت. گەنجان پێویستییان بەو سەرکردە خاوەن روئیایە هەیە کە روئیاکە دەبێتە ئامانج و سەنتەر نەک خودی سەرکردەکە.
 
بەرپرسەکان دەبێت ئەوە بزانن وێنەیان بەوە جوان نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دیدارەکانیان لەگەڵ گەنجان بڵاوبکەنەوە، بەڵکو بەوە جوان دەبێت بە بەردەوامی لە گفتوگۆی تایبەت دابن لەگەڵ گەنجان، بە دوای کێشەکانیاندا بچن، پەیوەندییەکی بەردەوام دروستبکەن کە هەردوولا پێکەوە کاربکەن بۆ ئامانجێکی هاوبەش. ئەو پردی پەیوەندییە زۆر گرنگە تا گەنجان ببینن سەرکردایەتییەک هەیە کاریان بۆ دەکات و شەونخونی دەکات، نەک تەنها بۆ تێرکردنی حەزی کەسیی بەرپرسەکان وێنە بگرن و خۆیان لە پەیج و ئەکاونتەکان ببیننەوە. لە پەیوەندییدا، متمانە، رێز، بەردەوامیەتی گرنگن کە نابێت لەبیربکرێن.
 
سەرکردەی خاوەن دونیابینی و بیری جوان کەسێکە کە رێبەرایەتی، راستبینی، شکۆ و رێزگرتن و هەستی ئەرێنی دەبەخشێ. کەسێکە کە دەتوانێت ئاکاری هەرزەکاران و ناشایستە وەلابنێت، ململانێی ناشەریفانەی سیاسیی ناوخۆیی سەرقاڵی ناکات، بەڵکو بەڕاستیی بۆ گەنجان و خەڵک کاردەکات و بەدوای وەگەڕخستنی دەرفەتەکانە. هەوڵدەدات خۆیی و هەمووان بەرەو ژیانێکی پڕ شکۆ و سەرفراز ببات نەک ببێتە هۆی سەرلێشێواندنی خۆیی و کۆمەڵگە.
 
گەنجان هەواڵەکان بە جۆری دیکە وەردەگرن و بەکاریدەهێنن، بردنەوەی گەنجان ئاسان نییە. گەنجان ئەمڕۆ راستە زۆر لەسەر مۆبایلەکانیان دەمێننەوە، بەڵام هێندەش ئاسان نین بگەوجێنرێن. ئەوان مۆبایل بەکاردێنن بۆ گفتوگۆکردن، وەدەستخستنی زانیاری، یاریکردنی ئۆنلاین و نوێکردنەوەی ئەکاونتەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوان هەر لەڕێی مۆبایلەکانیانەوە هەواڵ دەخوێننەوە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە مۆبایل بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی هەواڵ و زانیاریی بۆ کەسانی خوار تەمەن 35 ساڵ لە بەریتانیا و ئەمریکا.
 
هەر بەیانییەک گەنجان لە خەو رادەبن، یەکەم شت دەستی بۆ دەبەن مۆبایلەکانیانە، یەکەم شت دەیخوێننەوە و دەیبینن ئاپ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. فەیسبووک و ئینستاگرام بەناوبانگترین، تیکتۆکیشی هاتووەتەسەر. ئەوانە رۆژانە بیرکردنەی گەنجان رێکدەخەن، زۆر شت دەبینن و گوماندەکەن و پرسیاردەکەن، هەرچەندە زۆرجاریش لەپڕێکەوە کە شتێک دەبینن و لەژێر هەست و سۆزەکانیان دان. چیدیکە فەیسبووکی لە هەموو تۆڕەکان بەناوبانگتر نییە، ئەوان ئێستا توویتەر، تیکتۆک، ئینستاگرام و سناپچات بەکاردێنن.
 
لە چەرخی مۆبایلی زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەرپرسەکان دەتوانن هەمو سەرە کاتژمێرێک لەڕێی فۆتۆ و ڤیدیۆکان و بانگەشەی گەورەوە بگەنە گەنجان، بەڵام گەنجان زۆر زیرەکترن تەسلیمی هەواڵەکان ببن، ئەوان کار و کردەوەیان دەوێت، گەنجان ئەمڕۆ لە سیاسییەکان زیرەکترن، ئەوان زۆرینەن.

PM:02:01:17/03/2021