پەروەردە وەک هێزێکی کاریگەر بۆ دروست بوونی وڵاتێکی بەهێزو کاریگەر
مه‌ریەم صابر


هەروەک زانراوەو ئەزانین کە پەروەردە زۆرێک لە لایەنەکانی ژیان ئەگرێتەوەو هۆکارێکیش بووە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی کۆمەڵگاو وڵات.سیستەمی پەروەردەی کارا هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنی وڵاتە جیاوازو پەرەسەندوەکانە.پەروەردەی سەرکەوتوو پێشکەوتوو بەرهەمی سەرەکی هێزی مرۆیی و تاکی زاناو وەبەرهێنە,لە وڵاتێکی وەک کوردستان کە هەمیشە خەونی بوون بە وڵاتێکی سەربەخۆو خاوەن قەوارەو هێزی خۆی بووە ئەبێ کار لەسەر لایەنەکانی کۆمەڵگا بە نموونەو بە پلەی یەک پەروەردە بکات بەشێوەیەکی پلان بۆ دانراو پڕۆفیشناڵانە.

پەروەردە ئامانجێکی هەرە گەورەیە کە کۆمەڵگا نەوەی نوێ بۆ داهاتوو ئامادە دەکات.کە سیستەمی پەروەردە بەرەو پێشچوو وە سەرمایەگوزاری تێدا کرا ئەوا داهێنان و پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و زانستی خۆی دەستەبەردەبێت.ئەگەر پرسیار لە دامەزرێنەرانی پەروەردە بکرێ لە وڵاتە ئەوروپیەکان وەڵامیان ئەوەیە کە ئەوان سەرچاوەی سەرەکیان مێشکیانە کە بەردەوام کاری لەسەر ئەکرێت و پەرەی پێ ئەدرێ و لە داهاتووشدا بەنرخترین و داهێنەرانەترین سامانی مرۆڤایەتی ئەبێ.

ئیتر حکومەت ئەبێ پلانی تۆکمەو باش دابنێ لە پێناو بەرەوپێشچوونی پەروەردە.لە سەردەمێک کە تەکنەلۆژیاو بەکارهێنەرانی لە پلەی باڵان و هەموو ئامرازەکانی پەیوەندیش لەبەردەستن,حکومەت دەتوانێت تاکی بەرهەمهێن بەرهەم بێنێت.ئەگەر سەیری وڵاتە عەرەبی و کەنداوییەکان بکەین لەگەڵ ئەوەی خاوەن سەرچاوەیەکی ئابووری بەهێزن بەڵام سیستەمێکی باشی پەروەردەیان نیە ئەو لە زۆربەی لایەنەکان بێ بەرین بە بەراورد بە ژاپۆن و دانیمارک و وڵاتی تر.

ئەگەر باس لە کوردستان بکەین ئەوا ئەبینین بارودۆخی سیستەمی پەروەردە لەبەر خراپی ئەناڵێنێ .ناکرێت حکومەت و دامەزرێنەرانی پەروەردە لەدیار ئەم حاڵە خراپەوە دانیشن و سەیری ئەم وێران بوونە بکەن.ئەبێ بیر لە چارەسەر و دانانی پلانێکی تۆکمە بکرێتەوە بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتیەکانی هزری مرۆیی و تاکی بێ بەرهەم.وە پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردەو باڵاو بکرێت و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.لە کۆتاییدا من وەک خوێندکارێکی زانکۆ پێشنیاردەکەم کە 
_ کەڵک وەربگیرێت لە بنەما نوێیەکانی زانست و پێداچوونەوە بکرێت بە پڕۆگرامە کۆنەکان.
_ پڕۆسەی پەروەردەو خوێندن وەک پرسێکی مرۆیی سەیربکرێت تاوەکو کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتووی لێ بکەوێتەوە.
_ دەوڵەمەندکردنی کتێبەکانی مەنهەج بە زانستی پێشکەوتوو سەردەمیانە 
_ گۆڕانکاری لە شێوازی وانەوتنەوەو فێربوون و هەڵسەنگاندن بەڕەچاوکردنی ئامانجی خوێندن.

AM:02:50:23/03/2021