وێنەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەناوخۆی هەرێمدا
مه‌ریوان وریا قانع

-«ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە ئەوەیە حکومەتی ئەمریکا هەمان ئەو وێنەی بۆ حوکمڕانەکانی هەرێم هەیە کە ساڵانێکی درێژە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دروستیانکردوە و باسیدەکەن. ئەمریکییەکان وێنەی ئەو دورگە دیموکراس و ئارامەی بۆ هەرێم و دەسەڵاتدارەکانیان دروستکردبوو، گۆڕیوە بە وێنەی هەرێمێک کە کۆمەڵێک خێزان و حیزبی دەسەڵاتداری نابەرپرسیار و گەندەڵ بەڕێوەیدەبەن، بەجۆرێک دۆخێکیشیان دروستکردوە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لێیان هەڵدێن. بێگومان ئەم وێنەیە ساڵانێکی درێژە لەلایەن میدیا و رۆشنبیر و خوێندەوارە بەرپرسەکانی ناو هەرێم خۆیەوە بۆ حوکمڕانانی هەرێمەکە دروستکراوە. لەناوخۆی هەرێم خۆیدا وێنەی نێگەتیڤ و ڕاستەقینەی هەرێم لەلایەن خوێندەواران و رۆشنبیرانی کوردەوە زووتر و بەر لە هەمووان بینراوە و باسکراوە، بەڵام چونکە زمانی نوسین و قسەکردنی ئەو ڕۆشنبیرانە لەگەڵ حوکمڕانانی هەرێمەکەدا زمانی کوردیی بووە، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەش دەستیان بە ژمارەیەکی گەورەی ئەو ڕۆشنبیر و خوێندەوارانە گەیشتوە و سڵیان لە گرتن و راونان و تەنانەت کوشتنیان نەکردۆتەوە، بۆیە توانیویانە بەزۆر خۆیان وەک خاوەنی «خوێنی شەهیدان» و «پیاوی دیموکراسخواز» و کەسانی «سۆشیال دیموکرات» نیشانبدەن. وێنەیەکی درۆزنانە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئێستا ئیتر دونیای دەرەوە بەهەمان ئەو زمانە ئەدوێت کە ڕۆشنبیرانی کورد دوو دەیەیە پێی ئەدوێن و ئەونوسن. ئیتر وێنە ڕاستەقینەکە لەبەرچاوی دەرەوە و ناوەوە روون و ئاشکرایە. هەردوولا سەیری هەمان شت دەکەن و هەردوولا هەمانشت دەبینن»

AM:02:22:29/03/2023