فەزایەکی گشتیی بۆ جنێودان
مه‌ریوان وریا قانع

ڕۆژانە دەیان و سەدان جنێوفرۆش لەناو دونیای ئێمەدا دەردەکەون، ھەندێکیان پەرلەمانتارن، ھەندێک ئەندامی ئەم یان ئەو حیزبی سیاسین، ھەندێکیان چالاکەوانی ئیسلامیین، ھەندێکیشاین ڕۆژنامەنووس و خوێندەوار و نووسەرن. کەسانێک ھەن جنێو بە حیزبە ڕکابەرەکەیان ئەدەن، ھەندێکیتر بە ئەمری بەرپرسەکانیان جنێوئەدەن، کەسانێکیتر جنێو بە ھەموو کورد ئەدەن، ھەشە جنێو بەو کەسانە ئەدات کە لە دوورەوە ڕقی لێیانە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا جنێودان بووە بە یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی ناو”فەزا"، یان ”ڕووبەر"، یان ”مەجالی گشتیی" کۆمەڵگای ئێمە.

 چەمکی ”فەزای گشتیی"، یان ”ڕووبەرێکی گشتی"،  یان ”مەجالی گشتیی" یەکێکە لەو چەمکە سەرەکییانەی بۆ باسکردن و ناساندنی دونیای مۆدێرن بەکاردێت و بەھۆیەوە ئەم دونیایە لە دونیای کۆن و سونەتی، جیادەکرێتەوە. کەچی لە سێ دەیەی ڕابردوودا جۆرێکی تایبەت لە ڕووبەری گشتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستبووە کە جنێودان و سوکایەتیکردن بە یەکتری، یەکێک لە ئاکارە ھەرەسەرەکییەکانی ناویەتی. ڕووبەرێکی گشتیی کە دەشێت بە ”ڕووبەری گشتیی بێڕێزیکردن" ناویببەین. 

فەیلەسوفی ئەڵمانی، یورگن ھابرماز، یەکێکە لەو نووسەرانەی  لەسەر چۆنیەتی سەرھەڵدان و دروستبوونی ”ڕووبەری گشتیی" لەناو مێژووی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا لە سەدەی ھەژدەھەمەوە، نووسیویە. لە دیدی ئەم فەیلەسوفەدا ”ڕووبەری گشتیی" ئەو شوێن و فەزایەیە کە تیایدا کەسە کان، وەک تاکەکەس، کۆدەبنەوە و جمھور یان گشتێکی ئاشکرا دروستدەکەن.

 ئەمانە لەو ڕووبەرە گشتییەدا گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و موناقەشە لەگەڵیەکتریدا دەکەن و باس لە کێشەکانی ناو ژیانی خۆیان، کێشە ھاوبەشەکانیان، لەگەڵیەکتریدا دەکەن. لای ھابرماز ئەم شوێنە گشتییانە لە سەدەی ھەژدەھەمدا بریتیبوون لە چاخانە و قاوەخانە و ساڵۆنە ئەدەبییەکان. لەمڕۆدا زۆر شوێنی تریشی ھاتۆتە سەر، بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای دیگیتاڵیی کە جۆرێکی تازە لە ڕووبەری گشتیی دیگیتاڵی دروستدەکەن. 

لە ڕووی مێژووییەوە ئەو لەو ڕووبەرە گشتیانەدا ڕوویئەدا، موناقەشە و ڕاگۆڕکێی عەقڵانی کەسەکان بووە لەگەڵیەکدا. ئامرازی سەرەکیی گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێکانیش بریتیبووە لە عەقڵ و بیرکردنەوەی کەسەکان خۆیان.

لە ڕاستیدا ”ڕووبەری گشتیی" وەک شانۆیەک وابووە تیایدا کەسەکان بە ئاشکرا لەناویدا کۆبوونەتەوە و بە ئاشکرا لەگەڵیەکدا باسیان لە مەسەلەکانی ناو ژیانی خۆیان کردوە. ئەمەش وایکردوە زۆربەی جار کۆبوونەوەکەیان ئاکارێکی سیاسیی ھەبێت، بەڵام سیاسەتێک لەڕێگا دیالۆگ و بەھۆی ڕاگۆڕکێ و ئاخاوتنی دیالۆگییەوە. 

 ئەوانەشی لەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانەدا بەشداربوون، ھەم خۆیان وەک ھاوڵاتیی بینیوە و ھەم ئەوانەشی کە گفتوگۆکەیان لەگەڵدا ئەنجامداوە. بە کورتییەکەی ئەوەی لەم فەزا گشتیەدا ڕوویداوە بریتیی بووە لە بیردەکەنەوە،  ھەم بیرکردنەوە بەیەکەوە و ھەم لە یەکتریشەوە فێربوون. 


کەچی ڕووبەری گشتیی لە دونیای ئێمەدا، بە تایبەتی لەناو فەزا دیگیتاڵیەکەدا، بوونەوەرێکی جنێوفرۆش و بێڕێزی دروستکردوە. جنێوفرۆشکی سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی. یەکێکیان بە جنێو بەرگری لە پارت ە سەرۆکە سیاسییەکەی خۆی دەکات، ئەویتریان بە جنێو بەرگریی لە دین و خوداکەی خۆی دەکات، سێھەمیشیان بە جنێو بەرگریی لە ”ئەخلاقیی ڕاست" و ”دروست"ی خۆی دەکات. 

ئەم دۆخە وایکردوە بەشێکی گەورەی ئەو ڕووبەرە گشتییەی لە دونیای دیگیتاڵی ئێمەدا دروستبووە، تەواو دووربێت لە ڕاگۆڕکێ و بیرکردنەوە و بەریەککەوتنێکی عەقڵانیانەی ڕا و بۆچوونە جیاواز و ئازادەکانەوە، شوێنێک نەبێت کەسەکان یەکتری وەک ھاوڵاتی یەکسان وێنابکەن، بەڵکو گۆڕاوە بۆ فەزایەکی گەورە بۆ بێڕێزیی و سوکایەتیکردن بەیەکتری. شوێنێک دەیان و سەدان جێوفرۆشی پڕۆفیشناڵی تیادا ئامادەبێت کە وەک فەرمانبەری بواری بێڕێزیی دەستبەکاربن. 
لەم چەند ھەفتەیەی دواییدا بینیمان چۆن ئەندامانی پەرلەمانی سەر بەم یان بەو حیزبی سیاسیی، میدیاکاری ئەم ھێز یان ئەویتر، قسەکەرە زۆرەکانی حیزب، کەوتونەتە وێزەی یەکتریی و جنوێ بەیەکتری و بە حیزبە ڕکابەرەکانیان ئەدەن. ھاوکات بینیمان چۆن ئەندامان و ھەوادارانی ئەم یان ئەو ھێزی ئیسلامی سیاسیی، ئەم یان ئەو گروپی سەلەفیی، کەوتنە جنێودان و سوکایەتییکردن بەو کەسانەی شتێک لەسەر دین و ئەخلاق، دەڵێن کە لەگەڵ تێگەیشتنی ئەواندا ناگونجێت. بە تایبەتی ھێرشی ئیسلامییەکان بۆسەر ژمارەیەک لە ژنانی چالاکەوان و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان. 

وەک ووتم لە بەشێکی بەرچاوی ئەم فەزا دیگیتاڵییە گشتییەدا، جنێو و سوکایەتییکردن سەرەوەرە،  لەشکرێک جنێوفرۆش ئامادەیە جنێو بە ھەمووشتێک ئەدەن کە لەگەڵ زەوق و سایکۆلۆژیا و عەقڵی ئەواندا نەگونجێت. لە باتی ئامادەگیی ھاوڵاتی ئازاد و عەقڵانی، لەشکرێک لە جنێوفرۆشی حیزبیی و چالاکەوانی ئیسلامی دروستبوون کە وەک مووچەخۆری بواری جنێودان کاردەکەن. باوەڕناکەم بە درێژایی مێژووی ئێمە، بەم ڕادەیەی ئەمڕۆ، ئەو ھەموو بوونەوەرە دیندار و بێدینە جنێوفرۆشە بوونیان ھەبووبێت.

یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەم لەشکرە لە جنێوفرۆش وێرانکردنی زمانە. ئەو زمانەی ئەم سوپا جنێوسازە کاری پێدەکات، زمان نییە بە مانا ئینسانییەکەی، واتە زمان نییە وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندیکردن و لەیەکتری تێگەیشتن، زمان نییە وەک ئامرازی لە یەکتری نزیکبوونەوە و یەکتری قبووڵکردن، بەڵکو زمانە وەک ئامێرێکی شەڕانیی، چەکێکی ڕەمزییە ئامادە بۆ تەقاندن، ڕستێک دەستەواژە و دەنگ و قیژەقیژە و ھاوارە بە مەبەستی شکاندنی ھەمووشتێک. ئەرکی ژمارە یەکی ئەم زمانە ئەوەیە ھەموو توانایەکی پەیوەندیکردنی ئینسانی تێکبدات و ھەموو بەیەکگەیشتنێکی سەرەتایی جیاوازەکان، وێرانبکات.

لە دۆخی ئیسلامییەکاندا ئەرکی سەرەکیی ئەم زمانە، لە پاڵ ئەو ھەموو جنێوەدا کە دەدرێت و دەنووسرێت، بە موقەدەسکردنی ئەو باوەڕ و تێگەیشتنە تایبەتەیە کە ئەوان بۆ دینیان ھەیە، بە موقەدەسکردنێک ھەموو شتێکی دەرەوەی ئەوان دەگۆڕێت بۆ شتگەلێکی گڵاو، بۆ بێدینیی و کوفر. ھەرچی ھەواداران و ئەندامانی پارتەکانی ترە، جگە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو پارتەکانی خۆیان و جگە لە سیاسەتی پارتە سیاسییەکەی خۆیان، کە زۆرجار خێزانێکی سوڵتانییە، ھەمووشتێکی تر بە خیانەت و جاشایەتیی و خۆفرۆشی لەقەڵەم ئەدات. ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە ئەنجامیئەدەن سەندنەوەی زمانە لە مرۆڤەکان و شوێنگرتنەوەیەتی بە ڕستێک دەستەواژە کە کاری سەرەکییان دابەشکردنی تۆمەتی قورس و لە ئینسانخستنی ئینسانە، جا یان لە فۆرمی بەکافر و بێئەخلاقکدنی ئەوانیتردا، یان لە فۆرمی بە خائین و خۆفرشکردنیاندا. ئەم لەشکرە لە جنێوفرۆشان ھەندێکیان سوکایەتیکەرن بەناوی دین و ئیسلامەوە ئەنجامئەدەن، ئەوانیتریان بەناوی نەتەوە و نیشتیمان و سەرۆک و مەرجەع و خێزانی سوڵتانی موقەدەسەوە. ئەمەش وێرانکردنی فەزای گشتییە وەک ڕووبەرێکی گرنگی بەیەکگەیشتنی مرۆڤەکان بەیەکتری.


AM:03:58:30/04/2022