پرسى تووندوتیژى و هەراسانکردنى خانمانى میدیاکار
ئاڤان فارس جاف


-بیرمە لە زۆربەى دیدارەکانمان لە سەنتەرى میترۆ لەگەڵ ئاژانسەکانى مافى مرۆف و کۆنسڵخانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کاتێک لەبارەى پرسى رۆڵ و کاریگەرى میدیاکارانى ژن دەدواین، بابەتێکى زۆر هەستیار دەهاتە پێشەوە کە هەم بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، هەم بۆ ئەو لایانانەى گرنگى بە پرسى یەکسانى و جێندەر دەدەن، ئەو پرسیارەش رووبەروومان دەبوویەوە بە چ میکانیزمێک کار لەسەر ئەو پرسە بکەین، ساڵى رابردوو لە راپۆرتى ساڵانەى میترۆ لە بەشێکدا زۆر بوێرانە ئەو پرسە گرنگەمان خستەڕوو، هەنگاوى گرنگ و جدیش دەستیپێکرد لەگەڵ IMS لەگەڵ چەندین رێکخراو و لایەنى دیکەى پەیوەست بە پرسى ژن و میدیا کار لەسەر داڕشتنى رێکار و رەشنووسى پرۆژە کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەراسانکردنى خانمانى میدیاکار لە دەزگاکانى راگەیاندن.

ئاگادارى چەندین هەوڵ و دەستپێشخەرى دیکەش هەبووین، لەوانە لیژنەى داکۆکیکردن لە مافى رۆژنامەنووسان لە سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، هاوکارمان رۆژنامەنووس هانا شوان لەگەڵ چەند کەسێکى دیکەى خەمخۆر لەو بوارە بۆ کارکردن لە بەرەنگاربوونەوەى ئەو کێشەو بەربەستانەى دێنە بەردەم خانمانى میدیاکار.

لە بەشێکى زۆر لە دیدار و سەردان و گفتووگۆمان لەگەڵ کەسانى بەرپرس ئەو بابەتە قسەى لەسەر کراوە، سوپاسى هاوڕێ و پاڵپشتى هەمیشەىی رۆژنامەنووسان بە گشتى و خانمانى میدیاکار رەحمان غەریب و دیارى محمد دەکەین، دلسۆزانە لەگەڵ ئەرکەکانى دیکەش لە سەنتەرى میترۆ و پێشڵکارى و گرفتە بەردەوامەکانى رۆژنامەنووسان، هاوکار بوون، هانیان دەداین بۆ بەردەوامى کارکردن لەسەر ئەم پرسە.

لە دیدارێکمان لە ساڵى رابردوو لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمان ئەو بابەتە زۆر بە وردى قسەى لەسەرکرا، داوامانکرد ئەگەر هاتوو پرۆژەى هەمووارکردنەوەى یاساى رۆژنامەنووسان هاتە پێشەوە، پرسى یەکسانى و جێندەر لەبیر نەکرێت و ماددە و بڕگەى تایبەتى هەبێت لەو بوارە.

ئەزیزان بابەتەکە پەیوەندى بە گەشەى پایەکانى دیموکراسى و ئایندەى میدیاى کوردییەوە هەیە، ئاخۆ بەبێ زەمینەسازى و رەخساندنى ژینگەیەکى ئارام بۆ کارکردنى خانمانى میدیاکار، چۆن دەتوانین پەیامى راستەقینەى میدیا بگەیەنین!؟
بۆچى رێز لەو سەرمایە گەورەىی کۆمەڵگە نەگرین، بۆچى رێز لەو هەموو وزە و توانا و کاراماییە نەگرین!؟
لە رۆژى 16ـى ئەم مانگە جگە لەوەى لەنێو راپۆرتەکە باس لە وردەکارى و چیرۆکى تووندوتیژى بەرامبەر 8 خانمى میدیاکار تێداکراوە، لە رێگەى دیپەیتەکەى نێو راپۆرتى ساڵانەى سەنتەرى میترۆ جارێکیتر پرسى تووندوتیژى و هەراسانکردنى خانمانى میدیاکار زیاتر تیشکى خرایەسەر، دیسانەوە سەرۆکى پەرلەمان بە پەرۆشەوە بەڵێنى پێداین کە لە داهاتوو هەر پرۆژە یاساییەک بێتە نێو گفتووگۆکانى پەرلەمان پرسى جێندەر و مافى خانمانى میدیاکار بەبێ راوێژ و راى سەنتەرى میترۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانى تایبەت بەو پرسە تێناپەڕێ.

لە دوێنێەوە چەندین خانمى میدیاکار پەیوەندیکردوو، بە نیگەرانیەوە باسیان لە گرفت و کێشەکانیان خستۆتەڕوو، گرنگیدان بەو پرس و بابەتە هەستیارەیان بە هەنگاوێکى سەرکەوتوو زانیوە، چاوەرێى دەرئەنجامى دڵخۆشکەر و جدى لە میترۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە.

هیوادارم خانمانى میدیاکار چیتر بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو تووندوتیژییانەى رووبەروویان دەبێتەوە لە میانەى کارکردنیان، لە پرسى جیاکارى و جیاوازى لە گرێبەستى کارکردنیان، لە پێدانى بەرپرسیارێتى و دەرکەوتنیان لە ناوەندى بریارى میدیاى و رۆلێیان هەبێ لە داڕشتنى پلان و کارى ستراتیژى دەزگاکانیان، ئازایانە رووبەرووى هەموو جۆرە جیاکارییەک ببنەوە کە لەسەر بنەماى جێندەر رووبەروویان دەبێتەوە.

میترۆ هەنگاوى گەورەتر بۆ پاراستنى مافى خانمانى میدیاکار دەنێت، بە هاوکارى دەنگ و وزەى ئێوە.

PM:10:43:17/01/2021