هەندێ خۆراک هەستکردن بە خەمۆکی زیاد دەکەن
سۆزان جه‌مال

هەموو ئەوە دەزانین کە سیستمی خۆراکی کاریگەرییەکی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی لەش بەگشتی هەیە. وەلێ هەندێ جار بێئاگاین لە کاریگەریی ئەو خۆراکانەی کە دەیانخۆین بۆ سەر تەندروستیی دەروونی و توانستی مێشکمان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بەباشی.

لە ڕاستیدا خۆراک هێندە کاریگەریی بۆ سەر ساغڵەمیی مێشک هەیە،کە هەندێ جار گەدە بە مێشکی دووەم ناو دەبرێ، تەنانەت لە بواری پزیشکیی نوێدا، بواری تایبەت بە خۆی بۆ دانراوە.

هەرچی دەخۆیت و دەخۆیتەوە بە باش و خراپەوە، کار دەکەنە سەر باری دەروونی و چۆنێتیی کارکردنی مێشکت. توێژینەوە زانستییەکان لەو بارەیەوە ئاشکرای دەکەن، هەندێ جۆری خواردن بە شێوەیەکی دیار کاریگەری لەسەر هاندان، یان هێورکردنەوەی هەندێ باری دەروونی دروست دەکەن. بۆ نموونە، سیستمی خۆراکیی دەوڵەمەند بە سەوزەوات، بەدەر لە شەکر و نانی سپی، خەمۆکی کەم دەکەنەوە و هەستکردن بە دڵخۆشی زیاد دەکەن.

دەتوانیت بە هەنگاوی سادە و بچووک دەست پێ بکەیت، چونکە گۆڕینی سیستمی خۆراکی بە شێوەیەکی کتوپڕ و خێرا، دەبێتە هۆی بەردەوامنەبوون و گەڕانەوە بۆ هەمان شێوازی پێشوو. هەروەها گرنگە، کە چێژ لە خواردنەکانت وەربگری و وردە وردە گۆڕان لەو خواردنانە دروست بکەیت کە ماوەیەکی زۆرە لەسەری ڕاهاتووی.

ئەگەر لەو کەسانەیت کە هەست بە بێتاقەتی و خەمۆکی دەکەیت، ئەوا بەپێی توێژینەوەکان، خواردنی سەوزە و میوە، هەروەها ماسی، تا ئاستێکی زۆر یارمەتیت دەدەن بۆ ڕزگاربوون لەو هەستە ناخۆشانە. خواردنی چەور، بەتایبەتی سوورەکراو، هەروەها خواردنی قوتوو، گۆشتی دەستکاریکراو، وەک سووسەج، زیاتر وات لێ دەکەن هەست بە ماندووبوون و دڵتەنگی بکەیت. شەکر، خواردنەوە گازییەکان، کافایین و کهوول، لەو پێکهاتانەن کە کاریگەرییان هەیە بۆ سەر زیادکردنی دڵەڕاوکێ.

بۆ پارێزگاریکردنی تەندروستیی دەروونی و مێشک بەتایبەتی، ئەم ڕەگەزە خۆراکییانە پێویستن:

ئۆمیگا ٣: لە ماسی، تۆوی کەتان، تۆوی چیا و گوێزدا هەیە.

ئاسن: لە جگەر، سپێناخ، شۆکلاتەی تۆخ، فاسۆڵیای سپی، نیسک و تۆفوودا هەیە.

مەگنیسیۆم: لە سپێناخ، ناوکە کوولەکە، فاسۆڵیای ڕەش، بادەم و کاشوودا هەیە.

زینک: لە مریشک، گۆشتی سوور و ناوکە کوولەکەدا هەیە.

ڤیتامین بی: لە سینگی مریشک، جگەر، ماسیی تونا و سەلەموون، نۆک، پەتاتە و مۆزدا هەیە.

ڤیتامین ئەی: لە جگەر، پەنیر و پەتاتەی شیریندا هەیە.

ڤیتامین سی: لە بیبەری سەوز و ڕەنگاوڕەنگ، پرتەقاڵ، شلیک و برۆکڵیدا هەیە.

بێگومان ئەو ڕەگەزانە لە زۆر خواردنی دیکەشدا هەن، وەلێ لێرەدا ئاماژەمان بە باشترینەکانیان داوە. بە شێوەیەکی گشتی، چەندە خواردنەکانت جۆراروجۆر و سروشتی بن، هێندە زیاتر سوودمەند دەبیت، تەنانەت بێ ئەوەی لە خۆتی ئاڵۆز بکەیت و خۆت ناچار بکەیت، کە پەیڕەوی سیستمێکی خۆراکیی تایبەتی بکەیت.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا (2022) زانکۆی هارڤارد ئەنجامی زنجیرەیەک توێژینەوەی سەبارەت بە باشترین شەش خۆراک بۆ کەمکردنەوەی هەستکردن بە خەمۆکی بڵاو کردەوە، ئەوانیش ئەمانەن:

لە بەهاراتەکاندا زەردەچەوە و زەعفەران باشترینیانن، ماست، شوکلاتەی تۆخ، ئەڤۆگادۆ، گوێزەمەنییەکان بەتایبەتی گوێز، هەروەها سەوزەواتە گەڵادارەکان وەک سڵق و سپێناخ.


AM:01:28:06/07/2022