غایەنەکانی شار و فیتنە و غایەلەی دەوران
ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌


-کێ شارم پیشان دەدا؟!
-من شارم
-ئەتو شاری؟
ئەی پەقرەج ..،ھۆی نازێ نازێ نازێ
ئەم دەستەواژانە وەک چەسپ لە ئەندێشەدا ماون . تازە تەلەفزێۆن «سلیمبۆیاغی» دەكرد،  «ھەبوو نەبوو »بە چەندین حیکایەتی ھەزار ویەک شەوەوە  خۆی کرد بە ماڵەکانماندا. بووە وێردی سەرزمان و کەمەندی بەر دڵان. 

کاک زاھیر عەبدوڵلا و ئینجا کۆچکردوو کاک سەلام کۆیی بوونە غایەنی ساڵ یان «بتێحان»ی ناو داستانی خۆماڵی لەتەواوی کوردستانی ھەشتاکانی سەدەی رابورد، کوردستانی ئۆتۆنۆمی زێرە  یان کوردستانی تەعریب کراو، ھەردووك کەوتنە ژێر ھەژموونی تەمسیلی رەجەبەوە. جا غایەن ملەوەن بن  باشتر دیارن،  باشتر دەناسرێنەوە.

پلەی سەرکەوتنی ئەکتەری غایەن پێویستی بە راپرسی درۆزنانەی ناوەندە پارەدراوەکانی راپرسی نەبوو ، تەنھا دەرەجەی قینی بینەران بەس بوو. رەحمەتی سەلام کۆیی غایەنی شار بوو ، بەڵام وەکو کاک زاھیر نەبوو کە بە چاوچنۆکی و چاوباشقاڵی و زوڵم و ستەم ناوی زڕا .  کاک سەلام  بە فێڵ و سیاسەت و گۆرانی نازێ  رەجەبی لە خشتە برد، یانی ھیچ نەبێ کۆششێکی عەقڵی خەرج دەکرد.

دوایی کە ناسیمانن زانیمان ئەوە تەمسیل بوو ، دەنا بە خۆیان پیاوی گەلێک باش بوون . بەھەشت جێی کاک سەلام بێ و کاک زاھیریش ساغ و تەندروست بێت.

غایەنی ئەمرۆ زۆر جیاوازە،   بە گوێرەی پێویستی جەماوەر رەشوسپی ،  سکۆپ ملەوەن و ئێجدی و دۆستی سەد رەنگە، وەک حوسییەکانی یەمەن دروشمێکی ھەیە بۆ دەروێشەکان و باندێکی ھەیە بۆ سپی کردنەوەی پارە و پاوەر و پەنا،  وەك غایەنی« ھەبوو نەبوو» نییە لەرێوە بیناسیتەوە و خۆتی لێ بپارێزی و قەوم و قیلە، خزم و خوێشی لێ خەبەردار بکەیتەوە . 

غایەنی ئیرۆ ، لە ناکاو بە ستەم و فێڵ و فەرەج و تەڵەکەبازی سواری سەرت دەبێ ، بەناوی جۆراوجۆرەوە  شار و فەرەش و پەقرەج و گۆرانی نازێش دەبا.

فەقیر و فوقەراش لەم داستانی ھەبوو نەبووەدا،  رەجەبێکی باقلەخۆرن کە ناسکەی جارانیش نەماوە بە چنینی فەرەشی عاقڵمەندی  نەخشەرێگای  رزگاری نیشان بدا. ئێستا دەمی مۆدێل و سلیکۆن و پەیجی بازاڕی رەشە، وایە  کە دراماکە بۆتە بەزمی بەزم و پۆلپۆلیزم و عەوام فریوییەك  وێنەی نەبێت.

لەبەر ئەوە لەم زەمانی تیکتۆك و سۆشیال میدیای قاچاخ و رەسمی و بندیواریشدا ھەموو کاک رەجەبی تەماشاکارین  و دەڵێین ناسکە توو لە کێندەرێی؟ کێ شارم پیشان دەدا کێ؟ 
توخوا کێ شارم پیشان دەدا، درامای تورکی و سینارێۆی مەکسیکی کوشتمی  ؟!
بیری رۆژگاری سەلام کۆیی و براکانی دەکەم.

بیری تەمسیلی تاپۆ ھەقی چییە و کەوەکانی قەرەچوخ و ژاڵە و مەرەزە دەکەم. حەز بە زنجیرەی« لێم ببورە ناکەم » کە کەس داک و باب و خوشک و برای خۆی ناناسێتەوە ، درامایەکی بێ تامن غایەن  و غایەی کەس روون نییە.



AM:12:39:17/08/2021