جنێوی پێ دەڵێن، جوێنیش دەشێ، کاتی خۆی لە شۆرجەی کەرکوک دەمانگوت جمێن و پێم وایە لە زۆر مەملەکەت و ئاوایی تری مانەندی شۆرجە ھەروای پێ دەڵێن.
جمێن ئەگەر کەفوکوڵی سەرزارەکی ساتەوەختێك بێت ھەر نەیسە، توڕەبوونێکی کاتییە و گشتمان ھەر تووشی ھاتوین و تووشمان دەبێ. خۆشمان و کەسمان لێی بێ بەرین نین.بەڵام جمێن لەزار بکەوێتە شار ، بکەوێتە سەركاغەز و جوێن لەدەفتەری مێژوو تۆمار بکرێت ، ئەوە عەیبەیەکی گەورەیە.
چونکە وەك چۆن زمان و ئاوەز مرۆڤ لە زیندەوەری تر جیادەکاتەوە ئێ ھەر نووسینە مرۆڤی ھاوچەرخ و خوێندەوار وشارستان لە مرۆڤی پێش مێژوو جیادەکاتەوە. مرۆڤ و میللەت و نەتەوەکان لەسەر کاغەز دەبنە زیندوو و مێژوو و تۆمار ، بۆیە زۆر زۆر گرنگە بزانیت چی ئەخەیتە سەر کاغەز یان سەکۆ و دەفتەری تۆمار؟ چونکە جمێن لەدەمەوە بە ئاسمانا دەڕوا و لەھەوا بزر دەبێ ، فەقەت بێتە سەر تۆمار ئەوا ئیتر چارەناکرێ و دەرەنجامەکەی ھەر چارەرەشی و بەدبەختییە بۆ خاوەنەکەی.
لەسەر سەکۆی تۆمار ئیتر لە کەفوکوڵی ساتی توڕەیی دەردەچێ و دەبێتە بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر لەسەر مۆڕاڵ و رەفتار و کەلتوری جمێندەر کە ئیتر بوختان و زمان شڕی و بێ ئەدەبی پێ تەرك ناکرێت.
جمێن فرۆشی وا ھەیە نە ناس و نادیار و بێ بار کە دیارە بەپەلە فەیسبووکێکی کردۆتەوە تا کۆمێنتێکی جنێۆت بۆ بنووسێ بێ ئاگا لەوەی ناسنامەکەی لەوێنە و لە برادەرەکانییەوە ئاشکرا دیارە و روون کێ دنەی داوە و پیاوماقلێکە لەژێر کەشیدە و پەچەی ویقاردا خۆی حەشار داوە. ھەیە گوایە وەك عەنتەر بێ باکە و بەناو و سمێڵ و جەمەدانی خۆیەوە فەرمانیشتی ھەیە گوایە ئازایە و بە ئیمزای خۆیەوە چی نەشێ بەکەسوکارتی دەڵێ وخوارتر لە جنێوەکەی یان ئایەتی قورئانی داناوە لەسەر ئەخلاق یان شیعری نەتەوە و نیشتمان و خەباتی ریزکردووە و داوای تێکۆشانی کوردایەتی و تێگوشینی چینایەتی دەکات.
ئەم کاکە و ا دیارە ناکۆکەکانی روانینی خۆی پێ زوحاك و سەددام و فیرعەونە. ھی واھەیە جنێوی شەرەف و بوختانت بۆ ریز دەکات و لە خوارەوەی لاپەڕەکەی وێنەی خێزان و کچی خۆی دانەوە و لەبیری چۆتەوە جنێۆ شتێکە لێی ھەرزانتر نییە ، ئێ دیارە کە جنێۆی پێ نادەنەوە یان جنێۆپێدراو کاتی نییە بۆ سوکایەتی یان باوەڕی بە دیموکراسیی ھەیە، یان لێبوردەیە تا ڕادەی چاوپۆشی لە توڕەبوون و توڕەھاتی جنێۆفرۆشان. یاخود لە ئاستی ئەوەی نابینێ شایانی جواب وجوابکاری بێت.
من ئەمە لێرە وەك دیاردە باس دەکەم دەنا جنێۆ چەند ناخۆش و زبر بێت کۆڵی نووسین و قسەی پێ نەداوم ، مادام عومر یەك عومرە و مادام دونیا زیاد لەیەك چیرۆك و پتر لە گێڕانەوەیەکە.
بەڵام لەم چەند رۆژە برادەرێك جوابێکی جوانی بۆ گێڕامەوە کە لە رەدوبەدەلی جنێۆفرۆشێکی خزم و زاوای خۆیدا کردبووی، برادەرەکەم وتی : بۆم نووسی ئەمەی تۆ دەیکەیت شەڕێکی نا دادپەروەرانەیە ، چونکە من ناتوانم جنێۆت پێ بدەمەوە کە باسی ناموسم دەکەیت، من خاڵی منداڵەکانتم و ژنی تۆ خوشکی منە.
راستییەکەی بەم نموونە زۆر زۆر تاسام، عادەتەن بەسەرھاتی کۆمەڵایەتی ناگێڕمەوە ،بەڵام لەو دەربڕینەی برادەرەکەمەوە دەربڕین دەخوازم و بە جمێن فرۆشانی سۆشیال میدیا و سۆشیال عەشایر دەڵێم : واز لە پشکنین و بوختانی درۆزنانە بھێنن ، چونکە ئەمە شەڕێکی ناڕەوا و نادادپەروەرانەیە ، ئاخر خوشك و دایك و ھاوسەر و ھاورێی ژیانی ئێوە خوشکی بەرێزی منن و وەك کورد و کرمانجێکی بە غیرەت نەك بوختانیان بۆ ناکەم، بەڵکو لەسەریشیان دێمە جواب.
بەوەڵلاھی ئەوە لە دواکەوتوویی و بێ فەرھەنگی و نزمی کۆمەڵایەتیمانە کە وا لە ناکۆکی فیکری و سیاسیی یەکتری بڕوانین.
بگرە تەنانەت خاوەنی جنێۆی مزریش شەرم دەکات لە زاری پیسەوە بیخاتە سەر کاغەز. جا کە وا دەکەن ئیتر ئێوە مەگەر ھەر خوا ھیدایەتتان بدات.