مامەڵەی بەشێكی زۆر لە میدیاكانی كوردستان لەگەڵ دیاردەی كۆچ بەرەو ئەوروپادا، بە دیاریكراوی لەگەڵ هێنانەوەی رووفاتی تەرمی ئەو كەسانەی كۆچیان كرد و لەو رێگەیەدا گیانیان بەخشی، جێگەی هەڵوەستە و پرسیاركردنە.
لە راستیدا، بۆ ئەوەی میدیاكان بە شێوەیەكی دروست رووماڵی هەر بابەتێكی دیاریكراو بكەن، شتێكی بەدیهییە، كە دەبێت تەنها لەسەر دیوێكی مەسەلەكە نەوەستن، بە تایبەتی ئەگەر ئەو دیوەی دەبێتە باو، دیوە روكەشەكە بێت و خۆیان ببوێرن لە ئەسڵی مەسەلەكە، جا بە هەر بیانوو و پاساوێكیشەوە بێت.
بۆ ئەوەی میدیاكان وێنە یان وێنایەكی روون لە بارەی دیاردەیەكی دیاریكراو بدەنە وەرگر، باشترە لە چەند دیو و گۆشەنیگایەكەوە لە مەسەلەكە بڕوانن، گرنگترین دۆسێی ئەم مەسەلەیەش هۆكارە راستەقینە و بنچینەییەكانی ئەو دیاردەیەن، نەك تا ئاستی ماندوو بوون خۆیان بە چۆنێتی هێنانەوەی تەرمی قوربانییەكانەوە خەریك بكەن.
واتە، ئەگەر میدیا رووماڵ و پەیام و هێڵی گشتیی رووماڵەكەی هەر لەسەر ئەوە بوو كە گیان لەدەستدان و بوونە قوربانی وەك دەرەنجامێكی تا رادەیەك حەتمیی كۆچ بەرەو ئەوروپا بخاتەڕوو، بەجۆرێك لە جۆرەكانیش كۆچبەران تۆمەتبار بكات، ئەوا رووماڵەكە رووماڵێكی پیشەیی نابێت.
بەڵكو پێویستە میدیاكان بەشێك لە بایەخ و گرنگیدانیان لە چوارچێوەی رووماڵكردنی كۆچ و كۆچبەران و هێنانەوەی تەرمی قوربانییەكاندا، بۆ هۆكار و پاڵنەرەكان تەرخان بكەن.
بەشێك لە میدیاكانی كوردستان بایی ئەوەندە توانای مادی و مرۆییان لە بەردەستە كە بتوانن هەڵمەتێكی میدیایی فراوان و گشتگیر دەست پێبكەن بۆ ئەوەی دەستبخەنە سەر ئەو زامانەی لە جەستەی هاووڵاتیی شەكەت و ماندووی كوردستاندایە كاتێك بڕیار دەدات رێگەی هات و نەهات، رێگەی پڕ لە مەترسیی كۆچ بەرەو ئەوروپا بگرێتەبەر.
لەوانەیە ئەركی میدیا نەبێت توێژینەوەی فراوان و جدی بكات لە بارەی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی كۆچ و هەڵبەز و دابەز و تەوژمەكانی كۆچ، مەگەر میدیایەكی بنكۆڵكاریی جدیی كە رەنگە لەم سەردەمەی كوردستاندا شتێكی لەو جۆرە لە ئارادا نەبێت، بەڵام بێگومان ئەركی میدیایە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و رێكخراوەكان بێنێتە سەر خەت بۆ ئەوەی هەموو بابەت و پنت و میچەكانی ئەو بابەتە بخرێتەڕوو.
لە مەسەلەی كۆچ و كۆچبەراندا، تەنانەت لە هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی ئەو رێگەیەشدا، دەبێت میدیاكان وردتر لەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدان و فراوانبوون و گەشەكردنی قسەیان هەبێت، نەك بە عەقڵیەتی پەیجەكانی سۆشیال میدیاوە خەریكی كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنت بن.
هەڵسوڕانی میدیا زەبەلاحەكان و تەنانەت بەرپرسانیش لە چوارچێوەی رووماڵ و كاركردنی پەیجەكانی سۆشیال میدیا، ئەگەر درێژە بكێشێت و زوو هۆشیاریی بەرامبەری نەیەتە ئاراوە، هەر بەو ئاستە خراپەی رووماڵی میدیا و مامەڵەی بەرپرسان و حكومەتەوە ناوەستێت، بەڵكو دەرەنجامی زۆر خراپتری لێدەكەوێتەوە.
بە داخەوە، لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا، سەرەڕای هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە، هاووڵاتیانی كوردستان بەردەوام بوون لە كۆچكردن بەرەو ئەوروپا، لەو رێگەیەشدا دەیانیان بوونە قوربانی و دەیانی تریشیان بێ سەروشوێن ماونەتەوە، كەچی میدیاكانی كوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی پشكێكی داراییان هەیە لە لێشاوی نەوت، رۆژێك لە رۆژان نەهاتن باس لە پاڵنەرەكان بكەن، بەتایبەتی ئەو پاڵنەرانەی پەیوەستن بەهەڵە و كەموكووڕتییەكان پەیوەست بە سیستمی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستاندا.
كوردستانی نوێ