ساڵی 2022 خێزانی ئەستێرەی ئەمریکی بروس ویڵیس رایانگەیاند ئەو ئەکتەرە چیتر ناتوانێت نواندن بکات و واز لەو پیشەیە دێنێت بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە کە کێشەی لە قسەکردندا بۆ دروست بووە، ئەو هەواڵە هەوادارنی تووشی شۆک کرد و منیش یەکێک بووم لەوانە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە فیلمەکانی ئەم ئەستێرەیەم بینیووە و خاوەنی توانایەکی هونەری ئاست بەرزە بەتایبەت رۆڵی لە فیلمە ئەكشنەكاندا، هەروەها تووشبوونی ئەستێرەیەکی بەتوانا بە نەخۆشییەک لە دنیادا زۆر کەمە و چارەسەری نییە، کاتێک کەسەکە وردە وردە هەموو جۆرە درکپێکردنێکی مەعریفی لەدەست دەدات ئەوە هەواڵێکە ناخۆشە، لەم رۆژانەشدا دوای ساڵێک لە وازهێنانی ئەو ئەستێرەیە و تووشبوونی بەو نەخۆشییە هەواڵێکم لەبارەیەوە خوێندەوە کە هاوڕێیەکی نزیکی ئەو ئەکتەرە رایگەیاندووە بەوەی زۆر بەخێرایی دۆخی بەرەو خراپتر چووە و بەئاستەم ئەوی ناسیوەتەوە، ئەوەی خەمباری کردم لەو هەواڵە دەڵێت بروس ویڵیس حەز و خولیای بۆ ژیان نەماوە، وەک هاوڕێکەی باسی دەکات پێشتر کەسێک بووە هەمیشە بە گەشبینییەوە روانیویەتە ژیان و ژیان دۆست بووە.
من بۆ یەکەمجار بروس ویڵیس-م لە زنجیرە فیلمەکانی « Die Hard- مردن بەسەختی» دا بینی راستە زۆر خولیای فیلمی ئاکشن نیم، بەڵام هەمیشە فیلمە ئەكشنەكانی ئەو ئەستێرەیە چێژێکی تایبەتیان هەیە و زۆریم تەماشا کردووە، بەڵام فیلمێکی ئەو ئەستێرەیە هەیە زۆر کاریلێکردووم و چەند جارێک بینیوومە ئەویش فیلمی «هەستی شەشەم» ی ساڵی 1999 یە و فیلمێکی ترسناکە، بەڵام ترسناکێک نا بە گرتەی پیس و خوێناوی وەک زۆرێک لە فیلمە ترسناکەکان تەنیا ئامانجی راچڵەکینی بینەر بێت، نەخێر ترسناکێکی زۆر خەمبار، ترسناکێک تووشی شۆکت دەکات و راتدەچڵەکێنێت لەگەڵ ئەوەشدا پڕ مانا و خەمبار بۆ لەدەستدانی ئازیزانمان و ئەو زوڵم و تاوانانەی مرۆڤەکان بەرامبەر یەک دەیکەن، لێرەدا بروس ویڵیس رۆڵی پزیشکێکی دەروونی دەگێڕێت هەوڵدەدات لەڕووی دەروونییەوە یارمەتی منداڵێک بدات، لە گرتەیەکی زۆر کاریگەر و ترسناکدا بەتایبەتی ئەو نواندنە جوانەی منداڵەکە دەیکات پزیشکەکە لێی دەپرسێت کێشەت چییە؟ ئەویش دەڵێت «خەڵکی مردوو دەبینم» کاتێک پزیشکەکە دەڵێت لە خەودا دەیانبینیت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: «نەخێر بەردەوام و هەموو کات دەیانبینم» جوانیی نواندن و ئەو روخسارە تۆقاوەی منداڵەکە و کاردانەوەی بروس ویڵیس بۆ ئەو وەڵامە بە رای من یەکێکە لە هەرە دیمەنە جوانەکانی فیلمە ترسناکەکانی هۆڵیوود، دواجار فیلمەکە لەوە قووڵترە ئامانجی تەنیا تۆقاندنی بینەر بێت، بەڵکو کۆمەڵێک بەهای مرۆیی لەخۆدەگرێت لە ناخەوە کارت لێ دەکات و دەبێتە یەکێک لەو فیلمانەی لە هزردا دەمێننەوە و بیرناچنەوە.