خۆنمایشکردن لە سۆشیال میدیا
رۆزا دڵشاد مەریوانی


دیاردەیەکی تر لە دیاردەکانی سەردەم کە چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی زۆر تەشەنەی کردووە و بووە بە ستایلێکی نوێی ژیان ئەویش خۆنمایشکردنە لە ناوەندەکانی سۆشیال میدیا، وەکو فەیسبووک و ئینستا و سناپ و …هتد، ئەم حاڵەتە کە من بە نەخۆشی خۆنمایشکردن ناوی دەبەم، تەنیا ئەستێرەکان و هونەرمەندەکان ناگرێتەوە، بەڵکو کەسانی ئاسایی دەبینین وەکو کاراکتەرە بەناوبانگەکان لەم ناوەندانە خۆیان نمایشدەکەن، راستە بۆ هونەرمەند و گۆرانیبێژەکان رەنگە کارێکی ئاسایی بێت، بەڵام لەدوای قەیرانی کۆرۆناوە زۆرێک لەوانیش تەنیا بۆ ئەوەی لەبەرچاوی هەوادارانیاندا بن بچووکترین شتی تایبەتی ژیانیان نمایشدەکەن و ئەوەش زۆرجار بەشێوەیەکی خراپ بەسەریاندا دەشکێتەوە و تووشی دۆخێکی خراپیان دەکات و وادەکات لەبەرچاوی هەوادارانیان بکەون، چونکە کاتێک کاراکتەرێکی بەناوبانگیش بەردەوام لەسەر سۆشیال میدیا دەبێت دواجار رەزای قورس دەبێت، جا چی ئەگەر کەسەکە کەسێکی ئاسایی بێت.

شتە جوانەکان دەشێوێنن
نووسەری بەناوبانگی لوبنانی جوبران خەلیل جوبران دەڵێت: «سەفەر بکەو بە کەس مەڵێ..چیرۆکێکی راستگۆی خۆشەویستی بژی و بە کەس مەڵێ..بەختەوەر بەو بە کەس مەڵێ خەڵکی شتە جوانەکان دەشێوێنن». ئەم نووسەرە لە سەدەی پێشوودا ئەم قسەیەی کردووە ئەگەر لە دونیای ئەمڕۆدا بژیایە چی دەوت؟ کاتێک ئەم نەخۆشی خۆنمایشکردنەی لە سۆشیال میدیادا دەبینی کە بە شێوەیەکی یەکجار زۆر لەم چەند ساڵەی دواییدا لەنێو کەسانی ئاساییدا بڵاوبۆتەوە و بەبێ جیاوازی پیر و گەنج و منداڵی گرتۆتەوە، بە جۆرێکە وایلێهاتووە خەڵکی لەبەر هۆکارە سروشتییەکەی ناچنە دەرێ و گەشت ناکەن و تەنانەت نانیش ناخۆن، بەڵکو بۆ ئەوەی وێنەی خۆیان لەو شوێنانە بگرن و بڵاویبکەنەوە ئەو شتانە دەکەن، چونکە زۆر بە سادەیی وا هەستدەکەن ئەگەر وا نەکەن کەسانی تر وا ئەزانن ئەمان ناژین، بە داخەوە لەنێو ژنان و کچاندا ئەم حاڵەتە زۆرترە وەک لە پیاوان و کوڕان، بەڕاستی بەردەوام بینینی ئەم هەموو خۆنمایشکردنە زۆر بێزارکەرە بۆ نموونە بەفرێک ئەبارێ فەیسبووک پڕدەبێت لە وێنەی سێڵفی لەگەڵ بەفردا یان بەتایبەتی پێش قەیرانی کۆرۆنا هاوین دەهات ئەبووایە یەک مانگ لایک و کۆمێنت بۆ وێنەکانی سەفەری تورکیای ئەم خەڵکە بکەیت، ناشکرێت بۆ ئەو جۆرە پۆستانە بنووسیت وەڵاهی دایکەکەی دایکم ئێمەش وەکو ئێوە ئەژین بەس بۆخەڵکی نمایش ناکەین، پێویست ناکات هەموو شتێکی ژیانی تایبەتی خۆت خەڵکی بیزانێت!

ئەم نەخۆشییە چۆتە نەستی تاکەکانی کۆمەڵگەوە و تا کۆمەڵگەکە دواکەوتووتر بێت ئەو حاڵەتە تێیدا زیاترە و لەنێو هەمان کۆمەڵگەشدا تا کەسەکە بەتاڵتر و بێ ئیشتر بێت زیاتر نەخۆشی خۆ نمایشکردن لەسەر ناوەندەکانی سۆشیال میدیا تێیدا زیاتر دەبێت.

خۆپەرستیی زیاد دەکات
بەپێی راپۆرتێکی هەردوو زانکۆی سوانسیا-ی بەریتانی و میلانۆی ئیتاڵی بێت کە لە دوو ساڵی رابردوودا کردوویانە دەڵێن: زۆر بەکارهێنانی ناوەندەکانی سۆشیال میدیا لەلای ئەو کەسانەوەی زیاتر لە هەشت سەعات بەکاریدەهێنن و وێنەی سێڵفی خۆیان بڵاودەکەنەوە حاڵەتەکانی ئەوەی پێی دەوترێ نێرسسی یان خۆپەرستی تێیاندا زیاد دەکات، نێرسسی نێو سۆشیال میدیاش بریتییە لەوەی کەسەکە هەست بە گرنگی خۆی دەکات کاتێک وێنە یان وتەی زۆر بڵاو دەکاتەوە و پەنا بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتی زۆر دەبات تاوەکو ئەو حەزی خۆپەرستییەی خۆی تێر بکات، بەڵام کاریگەری ئەو هەستە ماوەیەکی کەم دەخایەنێت، بۆیە بەردەوام وێنەی نوێ و هەموو ئەو شتانەی لە ژیانیدا دەیکات بڵاویدەکاتەوە، بەبێئەوەی هەستبکات وردە وردە دەیکات بە کەسێکی نێرسسی و پێیەوە ئالوودە دەبێت، راستە حاڵەتەکە پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە، بەڵام تەنیا بە تەماشاکردنێکی فەیسبووک یان سناپ و ئینستا بە زەقی ئەو حاڵەتە دەبینیت و بێ هۆ کەسانی چواردەورمان لەهەموو بۆنە تایبەتی و گشتییەکاندا خۆیان نمایشدەکەن، جاری وا هەیە قسەو وێنەی تایبەتیی وا دەبینیت پێت عەیبە کەسەکە خۆی بزانێت کە تۆش دیوتە.

ژیانێکی خەیاڵیی دەژین
ئەم نەخۆشی خۆنمایشکردنە هەر بەوەوە ناوەستێت، بەڵکو وەکو چۆن لە دونیای ئینتەرنێت و گریمانەکراودا بڵاودەکرێتەوە وایلێهاتووە کەسەکان ژیانێکی گریمانەکراو و خەیاڵیش بۆخۆیان دروست دەکەن کە تێیدا هەموو شتێکی ژیانیان جوان و پاکو خۆشە، بۆ نموونە دەبینین وێنەیەکی سێڵفی خۆی و مێردەکەی بڵاوکردۆتەوە ئێمە دەزانین نێوانیان چۆنە کەچی وێنەی خۆشەویستی خۆیان نیشان دەدات ئاخر ئەوە نەخۆشی نەبێت چی نەخۆشییە؟! یان لەسەر سۆشیال میدیا غەزەلی بۆ دەنووسێ ئێ دایکەکەم راستەوخۆ بە خۆی بڵێ پەیوەندی بە ئێمەوە چییە خۆشت ئەوێ یان نا رەنگە ئەم قسانە لە رووکاردا تەنز ئامێز بن، بەڵام لە ناوەرۆکدا مانای قووڵی هەیە بەوەی کەسەکە لە نەستیدا وا هەستدەکات ئەگەر نمایشی خۆشەویستی خۆی نەکات واتای وایە خەڵکی وا دەزانن ژیانێکی ناخۆش دەژی و ئەگەر زوو زوو وێنەی سێڵفی خۆی و مێردەکەی بڵاونەکاتەوە گاڵتەی پێدەکەن و پێیدەوترێ مێردەکەی خۆشی ناوێ، چونکە لە دونیای ئەمڕۆدا وایلێهاتووە زۆربەی خەڵک بۆ خودی ژیان خۆی ناژین، بەڵکو بۆ خۆنمایشکردن لەبەردەم خەڵکیدا دەژین.

هەرزەکارانیشی گرتۆتەوە
مەترسییەکەی لەوەدایە ئەم حاڵەتە تەنیا لە گەورەکاندا نییە بگرە منداڵ و هەرزەکاریشی گرتۆتەوە ئەوەتا لەم رۆژانەدا کچەکەم لەبەر خۆیەوە دەیبۆڵاند لێمپرسی چیتە؟ وتی: دایە ئەو کچەی پۆلمان لە گروپ چاتی هاوپۆلەکانم بە زمانی هەرزەکارانەی خۆی وتی هەر خەریکی ‹›show off›› ە واتا خۆی نمایشدەکات و زۆر بێزارکەرە و لەهەر شوێنێک بێت وێنەی سێڵفی خۆی دەگرێ و دایدەنێ، ئینجا پرسی باشە دایە ‹›ئەوان دایم لە دەرەوە و گەڕان و سەیرانن؟››

کەواتە ئەو خۆنمایشکردنە لەنێو هەرزەکارانیشدا کە دیسانەوە مەبەستم کچانە بۆتە نەخۆشی و چاولێکەریی و لە رقی یەکتری وێنەی خۆیان دادەنێن و دواجار کار لەدەروونی هەرزەکاران دەکات و وادەزانن ئەوانی تر بە خۆشی دەژین و ژیانێکی بێ کەموکوڕیان هەیە و ئەمان وانین، بۆیە هەوڵدەدەن لاسایی یەکتری بکەنەوە نەبا هاوڕێکانیان گاڵتەیان پێبکەن، بێگومان ئەوەش بەشێکی زۆری بۆ پەروەردە و ژینگەی ماڵەوە دەگەڕێتەوە کاتێک کچێکی هەرزەکار دەبینێت دایکی لە هەموو شوێنێک و بۆنەیەکدا خەریکی وێنەگرتن و خۆنمایشکردنە ئەویش بە هەمانشێوە دەکات، بۆئەوەی بڵێ منیش گەورە بووم، بەڵام ئەگەر دایکێک خۆی بەو جۆرە نەبوو هەروەها ئاگاداری کچە هەرزەکارەکەی بوو نەیهێشت بەو شێوەیە خۆی نمایشبکات و فێری کرد کە هەندێ شت تایبەتین و پێویست ناکات خەڵکی بزانن چیمانکردووە و لە کوێ بووین ئەویش کەمتر ئەو حاڵەتە کاریتێدەکات، من ناڵێم وێنە مەگرن بۆ یادگاریی، بەڵام مەرج نییە بڵاویبکەیتەوە، لە بیرمە جاران ئەو وێنەیەی دەگیراو دەشۆرایەوە و دەکرایە ئەلبومەوە کەسی زۆر نزیک و خۆشەویستی خۆت نەبوایە نەیدەبینی، شتێک هەبوو ناوی ژیانی تایبەتی بوو، بەڵام ئێستا نزیک و دوور دەزانن چیت کردووە و لە کوێ بوویت و چیت خواردووە!

 

AM:03:36:12/04/2021