بە شانازییەوە بەڵێ ئێمە مێینەین
رۆزا دڵشاد مەریوانی


راپۆرتێک سەرنجی راکێشام و تێدا هاتبوو هێشتا لە دونیادا بیرۆکەی ئەوەی ژنێک ببێتە سەرۆک یان بچێتە پۆستێکی سیاسی بەرزەوە لای زۆری تاکەکانی کۆمەڵگە هێشتا قبوڵکراو نییە، بێگومان راپۆرتەکە و ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی تێیدا هاتووە باسی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکات کە چەندین ساڵە ئەزموونیان لەو بارەیەوە هەیە و ئەوەیان تاقیکردۆتەوە ژنێک سەرۆکیان بێت و بگرە ژنانیان سەرکەوتنی بەرچاویان لە مێژووی سیاسی وڵاتەکانیاندا تۆمارکردووە، بەڵام هێشتا زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە کە پرسیاری نموونەی سەرۆکێکیان لێدەکرێت پیاوێکیان دێتە بەرچاو نەک ژنێک.

رەگەزپەرستی جێندەری زاڵە
چەند ساڵێک لەمەوبەر کاتێک هیلاری کلینتۆن لە نێو دیموکراتەکاندا رکابەری ئۆباما بوو هەڵنەبژێردرا بۆئەوەی بچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییەوە وتم: لەگەڵ ئەو هەموو رەگەزپەرستییەی هێشتا لەو وڵاتەدا ماوە، بەڵام دواجار خەڵکەکەی پیاوێکی رەشپێستیان پێ باشترە وەک لە ژنێک و رەگەزپەرستیی جێندەریی زاڵترە وەک لە رەگەزپەرستیی لە رووی رەنگەوە، کاتێکیش بۆ جارێکی تر هیلاری رکابەری ترەمب بوو بۆ سەرۆکایەتی وڵات و دەرنەچوو دووبارە زۆر بێ هیوا بووم، چونکە بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئەمریکا پێی قبوڵ نەبێت ژنێکی بەتوانای وەکو هیلاری سەرۆکی بێت و بازرگان و بزنسمانێک کە هیچ لە سیاسەت نازانێت سەرۆکی بێت، ئەی ئێمە بڵێین چی و چاوەڕێی چی بین؟ کەی ژنە بوێرو بە تواناکانی ئێمەش بتوانن عەقڵییەتی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بگۆڕن و بە توانای خۆیان بچنە پێگەکانی دەسەڵاتەوە، نەک تەنیا وەکو کۆتایەک جێیان بکرێتەوە و لە هەموو بۆنەیەکدا بە ژن و پیاوە وە سوکایەتییان پێبکرێت.

ئەگەر وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەوروپا و ئەمریکا بەو شێوەیە بیربکەنەوە و هێشتا ژنە سەرۆکێک وەکو حاڵەتێکی شاز تەماشابکرێت نەک پێوەرێکی سروشتی و ئاسایی بێت ژن ببێت بە سەرۆک، دەبێت ئێمە چەندین ساڵمان مابێت تاوەکو کۆمەڵگە بە گشتی و پیاوانی نێو کایەکانی سیاسەت بەتایبەتی بە چاوێکی کەمتر و پلە دوو تەماشای ژنەکانی نێو کایەی سیاسەت نەکەن؟

هەڵەکانی ژن زەقترن
کێشەکە لەوەدایە کاتێک ژنێک لەهەر ناوەندێکدا لەبەر چاوی خەڵکیدا بێت ئەگەر هەڵەیەکی زۆر سادە بکات تەنیا لەبەرئەوەی ئەویش مرۆڤە و هەموو مرۆڤێک هەڵەدەکات، بەڵام چونکە ژنە و لە پێگەیەکی دیاردایە ئەوە هەڵەکەی زەقتر دەبینرێت و دەکرێتە هەڵاو سوکایەتی پێدەکرێت، تەنانەت ئەگەر هەڵەکە تەنیا دەربڕینێک بێت لە قسەکردندا جا چی ئەگەر لە مەیدانی سیاسیدا بێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەگەر پیاوێک ئەو هەڵەیە بکات بەو شێوەیە ئابرووی نابرێت و گاڵتەی پێ ناکرێت، بەداخەوە لە نێو کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمە لای زۆری تاکەکانی ئاسانە گاڵتە بە ژنێکی دیاری نێو هەر کایەیەک بکرێت لە کایەکانی کۆمەڵگە و بە ژن و پیاوەوە ئەو کارە دەکرێت، چونکە هێشتا لەنێو عەقڵییەتی زۆربەی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگە بە گەنج و بە تەمەنەکانەوە ئەو گاڵتەیەی بە ژن دەکرێت هێشتا بریتییە لەو وتەیەی دەڵێت «لێی مەگرە ژنە یان ئیتر چی بکات زەعیفەیە» لەبەرئەوەی تا ئێستا ژن یەکسانە بە نیو ئەقڵ و نیو توانا و نیو لە هەموو شتێکی تردا، بۆیە ئەگەر لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کاتێک ژنێک دەبێتە سەرۆک یان دەچێتە پلەیەکی بەرزی دەسەڵاتەوە تەحەدایەکی گەورە بێت بۆیان، ئەی لە وڵاتێکی وەکو ئێمەدا کە تا ئێستا ژن بەزۆریی و لە زۆربەی حزبەکاندا بە سیستمی کۆتا دەچنە پەرلەمان حاڵمان چۆن دەبێت؟

راستە ژنە پەرلەمانتارمان هەبووە بە دەنگی خۆیان چوونەتە ئەو پێگانە، بەڵام تا ئێستا ئەگەر کۆتا نەبێت بە کەمیی ژن دەگات بەو پۆستانە، بەڵام ئەو کۆتایەش دەکرێت جیاوازیی تێدا بکرێت بۆ نموونە کاتێک حزبێکی وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە هەر لە هەڤاڵ مام جەلالەوە بڕوای بە تواناکانی ژن بووە و هانی ژنانی داوە بچنە پێشەوە و لە هەموو بوارەکاندا خۆیان بسەلمێنن لەسەر رێبازەکەی ئەو پەیڕەو پرۆگرامی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی-ش دەبێت لە سەدا بیست و پێنجی ئۆرگانەکانی یەکێتی لە ژنان بن و بێگومان بۆ یەکێتی مەسەلەکە تەنیا کۆتا نییە و ژنێک دابنرێت، بەڵکو کاتێک ژنێک دەکاتە پۆستێکی سیاسییەوە بیرلەوە دەکاتەوە چ ژنێک بێت؟ واتا دەبێت توانای هەبێت و جێدەستی دیار بێت و بتوانێت لەو پۆستەی خۆیەوە لە پیاوێک زیاتر خزمەت بکات، بۆ نموونە کاتێک پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی یەکێتی بوو، ئەوان ژنێکیان دانا بتوانێت بە باشترین شێوە ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە جێبەجێی بکات، بەڵام وەکو وتم هەمیشە هەڵەکانی ژنان ئەگەر بە هەڵەش دابنرێن زەقتر دەبینرێن و ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەدا تاکە بەرهەمیان دروستکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە دێن و وەکو پاڵەوانی پشت شاشەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەر وتەیەکی یەکێک لەو خانمانەی لە پۆستێکی سیاسیدان وەردەگرن و بۆ کۆکردنەوەی کەمێک لایک و کۆمێنت گاڵتە و سووکایەتییان پێدەکەن تەنیا لەبەرئەوەی ژنن.

نەریتێکی ناشیرین
چەند ساڵێکە نەریتێکی ناشیرین بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا بڵابۆتەوە ئەویش ئەوەیە هیچ بەهاو و رێزێک بۆ پیرۆزییەکانی نێو کۆمەڵگە نەماوە، جاران پیاو رووی نەبووە تەماشای چاوی ژنێک بکات، بەڵام ئێستا لەلای ئاساییە پێڵاوەکەی فڕێبداتە بەردەمی و گاڵتە بە ژنێک بکات کە لە پۆستێکی سیاسیدایە، تەنیا لەبەرئەوەی ژنە رێز لە پلەو پێگەی نەگرێت، من لێرەدا نامەوێت باسی کاری ئەو پیاوە بکەم و خۆی لێ ببێتە پاڵەوان، بەڵام لەلام گرنگە باس لە کاردانەوەی خاتوو رێواز بکەم بەرامبەر ئەو کارە بەڕاستی جێگەی دەستخۆشییە و زۆر پڕۆفێشناڵانە رەفتاری کرد و ئەوە ئەو ژنەیە کە ئێمە پێویستمانە لە کایەکانی سیاسەتدا هەمانبێت، رەنگە ئەگەر پیاوێک بوایە مەسەلەکە زۆر ئاڵۆز بوایە و پیاوەکە نەیتوانییایە بەو هێمنییەوە رەفتار بکات، هەروەها وەزیری کشتوکاڵ خاتوو بێگەرد تاڵەبانی زۆرجار بەر لێشاوی تانەو تەشەری سۆشیال میدیا کەوتووە، بەڵام ئەو بە پرۆفێشناڵانەوە مامەڵەی کردووە و لە کارەکانی خۆی بەردەوام بووە و جێدەستی دیارە، کەواتە راستە لە وڵاتی ئێمەدا هێشتا ژمارەیەکی زۆری ژنان بە کۆتا دەچنە کایەکانی سیاسەتەوە، بەڵام کە دەڵێین کۆتا بۆ ژن دەبێت بپرسین کام ژنە؟ پێویستە ژنانێک بن خاوەن توانا بن و بواریان پێبدرێت کاربکەن و جێدەستیان دیاربێت، نەک تەنیا لەبەرئەوەی ژنن و تەنیا کۆتایەکیان پێ پڕبکرێتەوە، چونکە کاتێک ژنێکی بە توانا دەچێتە پۆستێکی لەو شێوەیەوە لەو رێگەیەوە وردە وردە کۆمەڵگە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا رادێت کە زۆرجار ژنێک لە پۆستێکی باڵای سیاسیدا باشترە لە پیاوێک، بێگومان ئەمە چەندین ساڵی دەوێت و ئاسان نییە و کاری زۆر و پشوودرێژیی دەوێت لەلایەن ئەو ژنانەی دەیانەوێت لە مەیدانی کاری سیاسییەوە تواناکانیان بسەلمێنن و بە تەنیاش ناتوانن ئەو کارە بکەن و پێویستیان بە پاڵپشتی ژنان و کچانی نێو کۆمەڵگە دەبێت، تاوەکو وابکەین چیتر وشەی مێینە بوون وەکو گاڵتەو تانەو تەشەر لە دژمان بەکارنەهێنرێت، بەڵکو بە شانازییەوە بڵێین بەڵێ ئێمە مێینەین.

AM:02:49:17/04/2021