سەردەم سەردەمی تەکنەلۆژیایە و بمانەوێت و نەمانەوێت دونیا زۆر بە خێرایی لە رووی تەکنەلۆژییەوە گەشە دەکات، بەشێوەیەک هەندێکجار وا هەستدەکەین دونیا زۆر ئاڵۆز و خێرا بووە و پێڕاناگەین و لە یەک رۆژدا پێویستمان بە سەعاتی زیاترە، راستە نکوڵی لەوە ناکرێ چەندە پێشکەوتنی دونیا و تەکنەلۆژیا لە هەندێ رووە وە کارو ژیانی ئاسان کردبێت و لە رووی پەیوەندیکردن و جێبەجێکردنی کارەکانەوە رێوشوێنەکانی ئاسان کردبێت و ئەو کارەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە سەعاتێک دەتکرد ئێستا رەنگە بتوانیت بە پێنج دەقیقە تەواوی بکەیت، بەڵام وەکو چۆن هەموو شتێکی نوێ و هەموو پێشکەوتنێک لایەنی باشی هەیە لە هەمان کاتدا ئەگەر بکەوێتە دەست کەسی نەزان و دەروون نەخۆش یان ئەوانەی پێیان دەوترێت پاڵەوانەکانی پشتی سکرینی شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان ئەو کاتە لایەنی خراپیشی دەردەکەوێت و دەبێتە کەرەستەیەکی خراپ و بەهۆیەوە زیان بەر ئەوانی دیکە دەکەوێت، تەکنەلۆژیا و مۆبایل و سۆشیال میدیا-ش یەکێکە لەو کەرەستانەی دوو لایەنەیە و لایەنی باش و خراپیان هەیە، لایەنی باشی وەکو زۆربەمان سوودمان لێبینیووە و بەکاریاندەهێنین بۆ پەیوەندی کردن بە ئازیزان و دۆستان بە ئاسانترین شێوە جگە لە چەندین سوودی دیکە کە من لێرەدا مەبەستم نییە باسی بکەم.
لایەنە خراپەکانی
ئەوەی گرنگە لایەنە خراپەکانی تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیایە، کە بە داخەوە وەکو چەندین نەخۆشی لێهاتووە و زۆربەی توێژەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، سادەترین نموونەش وەکو پێشتر لە نووسینێکدا باسم کردبوو، نەخۆشی خۆ نمایشکردنە لە سۆشیال میدیا، بەوەی ئەو کەسە ناتوانێت لە هەموو شوێنێک کە بۆی دەچێت وێنەیەکی سێڵفی خۆی نەگرێت و لە سۆشیاڵ میدیا داینەنێت وا هەستدەکات ئەگەر وا نەکات خەڵکی وا ئەزانن ئەو ناچێت بۆ هیچ شوێنێک و بە خۆشی ناژی یان خاتوونێک دێتە جیم لە جیاتی ئەوەی بۆ خۆ لاوازکردن یان لەبەر تەندروستی وەرزش بکات ئەوەندەی وێنەی خۆی دەگرێت ئەوەندە وەرزشی بکردایە خێراتر بەو ئامانجە دەگەیشت کە مەبەستێتی.
لایەنێکی دیکەی خراپی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت بگرە مەترسیداریشە ئەویش ئەو پێگە کۆمەڵایەتییانە کە وادەکەن بێزارکردن و گێچەڵپێکردن و تەنانەت هەڕەشەکردن لە ژنان و کچان زیاتر بێت، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکی پەیوەندار کارێکی ئەوتۆیان پێبکرێت بۆ رێگریکردن لەو کەسانە، دەبینین وێنەی خاتوونێک دادەنرێت و بە سەدان لایک و کۆمێنتی نەشیاوی بۆ دەنووسرێت و ئەو کەسە یان پەیجە لەسەر حیسابی هەست و کەرامەت و کەسایەتی ئەو مرۆڤە بازاڕی خۆی گەرمدەکات، بە رای من ئەو کەسە تاوانباریش بێت ئێمە بۆمان نییە سوکایەتی بە مرۆڤێک بکەین کاری یاسایە مامەڵەی لەگەڵ بکات و ئەگەر تەنیا رایەکی جیاوازمان هەیە لەو کەسە دەتوانین بە شێوازێکی دیکە دەربڕینی بۆ بکەین، بەڵام وەکو وتم سۆشیال میدیا زۆر پاڵەوانی پشتی شاشەکانی دروستکردووە کە ئەگەر لە واقیعدا ئەو کەسەیان بەرامبەر بێت هەرگیز رووی ئەوەیان نەبێت ئەو قسانەی بەرامبەر بکەن.
خاوەن پێگەی دیار
جگە لەوە سۆشیال میدیا وایکردووە ئەو ژنانەی خاوەن پێگەیەکی دیارن لە کۆمەڵگەدا لە هەر بوارێکدا بێت لە بری ئەوەی رووبەڕووی رەخنە ببنەوە لەسەر کار و پیشەکەیان کۆمێنت و نامەی جنێو و هەڕەشە و قسەی نەشیاویان بۆ دەچێت کە هیچ پەیوەندی بە کارەکەیانەوە نییە، لەم رۆژانەدا لە راپۆرتێکی بی بی سی-دا خوێندمەوە ژنە رۆژنامەنووسێکیان بە ناوی مريانا سبرينگ کار لەسەر ئەو هەواڵانە دەکات کە گوماناوین و زانیاری هەڵە پێشکەش بە خەڵکی دەکەن لەگەڵ تیۆرەکانی پیلانگێڕیی، ئەو رۆژنامەنووسەی بی بی سی باس لەوە دەکات چۆن لە رێی سۆشیال میدیاوە نامەی نەک تەنیا جنێو، بەڵکو هەڕەشە بە کردنی کاری توندوتیژ بە رامبەری دەکرێت تەنانەت هەڕەشەی کوشتن و سەربڕین و لاقەکردنی لێکراوە، چەند هەوڵیداوە بە یاسا و لە رێی پۆلیسەوە نەیتوانیووە شتێکی ئەوتۆیان بەرامبەر بکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە وەکو ئەو ژنە دەڵێت: تا ئێستا حکومەتەکان و پۆلیس کارێکی جدییان نەکردووە بۆ سزادان یان کۆنتڕۆڵکردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکان بۆ وەستاندنی ئەو جۆرە تاوانانە.
زیاتر ژنانن
وەکو دیاریشە لە هەموو دونیادا ئەوندەی ژنان دووچاری ئەو توندوتیژیی و هەڕەشانە دەبنەوە لە هەر بوارێکدا بن پیاوان کەمتر رووبەڕووی ئەو حاڵەتە دەبنەوە، تا دونیاش پێشبکەوێت تاوانەکانی لە رێی پێگە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێن زیاتر دەبن، بەڵام یاساکان بە تایبەتی لە وڵاتانی وەکو وڵاتی ئێمە هەندێکیان هی سەردەمی زووە و ناتوانرێت بەسەر ئەم تاوانە نوێیانەی سەردەم و سۆشیال میدیادا پەیڕەو بکرێن ئەوندەی من ئاگادار بم تەنیا یاسای تاوانەکانی رۆژنامە و بڵاوکراوەکان و یاسای خراپ بەکارهێنانی کەرەستەکانی پەیوەندیکردن و مۆبایل هەیە، بەڵام پێویستمان بەوەیە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا یاسای نوێ هەمواربکەین یان یاسا کۆنەکان پەرەپێبدەین، چونکە وردە وردە تاوانی نوێ پەیدا دەبن کە یاسایەکی دیاریکراوی تایبەتی بۆ دانەنراوە وەکو تاوانەکانی لە رێی سۆشیال میدیاوە دەکرێن، تاوەکو بتوانین ئەوانەی لە رێی پێگە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەسانی دیکە دەکەنە ئامانج سزای پێویست وەربگرن و بزانن ناکرێت هەر وا بەئاسانی تاوانێک لە دونیای گریمانەکراودا بکەن و بێ سزا بۆی دەرچن، بێگومان پێشکەشکردنی پرۆژە یاسا و هەموارکردنی بۆ تاوانە نوێیەکانی سەردەم پێویستی بە کات و تواناو شارەزایی زۆر هەیە، هەروەها ئێمەی ژنان ناکرێت لەبەردەم بەردەوامبوون و زیادبوونی ئەو تاوانانە چاومان دابخەین و بێدەنگی لێ بکەین.