کێ پشت و پەنای ژنانە؟
رۆزا دڵشاد مەریوانی

زۆر بە تاسەوە بۆی باس دەکردم چۆن بەبێئەوەی ئاگای لێبێت چووە ژنی بەسەر هێناوە و هێناوێتییە سەر ماڵ، دەیوت کە لێمپرسی ئەوە چییە چۆن ژنت هێناوە پێیوتم ئێ وایە مافی خۆمە، ئەو ژنێکی بێوەی داماوە و بەرگەی هەموو قورساییەکانی ژیانی گرتووە و منداڵەکانی وەکو گوڵ بە خێوکردووە تا کابرا کۆلێژی تەواو کردووە کەچی وەکو پاداشتێک حەزی لە هاوپۆلێکی خۆی کردووە و کچە زۆر ئاسایی بە ژنێک و چوار منداڵەوە شووی پێکردووە، پێموت تێناگەم چۆن بێ پرسی تۆ و بوونی هیچ بیانوویەک ژنێکی دیکەی هێناوە چۆن لە دادگا مارەی کردووە؟ ژنە لە داماویی خۆیدا هەر دەیوت نازانم! دەموت چۆن شکاتت لێنەکردووە هەر دەیوت نازانم، بێگومان دیارە لە شارەکانی دیکەی عیراق ژنەی مارە کردووە کە لە ئێستادا زۆرێک لە پیاوانی کورد فێری ئەم فێڵە بوون و تا ئێستا هیچ شتێکی ئەو تۆ نەکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتە، ئەوەی جێی سەرنجە هێشتا ژنە پاساوی بۆ دەهێنایەوە بەخوا مێردەکەم زۆر باشە و زۆر رێزم دەگرێت دەمێک دەیوت جارێ لەبەر منداڵەکان لای ماومەتەوە، بێگومان چیرۆکی ئەم ژنە دڵۆپێکە لە دەریایەک کە سەرەتا دەیوت باشە و رێزم دەگرێت لە دڵی خۆمدا وتم باشی چی ئەو لە پڕ ژنێکی بەسەر هێناویت ئەوە رێزگرتنە! دواجار وتم راست دەکات، چونکە لەوەش خراپتر هەیە دەکرێت ژنیشی بەسەر بێنێت و تێشیهەڵدا کە لەم کۆمەڵگەیەدا بێکەس بوویت کێ فریات دەکەوێت، چونکە بەداخەوە تا ئێستا ئەوەندەی پشت و پەناو خێزان پاڵپشت و هێزو پەنان بۆ ژن ئەوەندە یاسا ناتوانێت بەرگری لە ژن و مافەکانی بکات.

مافی پێشێل دەکرێت
بێگومان من ناڵێم یاسای باشمان نییە بۆ پارێزگاریکردن لە ژن و بەرگریکردن لە مافەکانی، بەڵام وەکو پێویست کاری پێناکرێت کە سادەترین هۆکار ئەوەیە ژن لەبەر هەندێ نەریت و لە ترسی ئابروچوون پەنا بۆ یاسا نابات و سادەترین شت کە شکات کردنە نایکات، بگرە پێی باشترە بە شێوازێکی عەشایری کێشەکانی چارەسەربکرێت وەک لەوەی پەنا بەرێتە بەر دادگا و لە رێی یاساوە ئەو کارە بکات.

ئەو ژنە دوای ئەوەی وتی باشە و رێزم دەگرێت وتم باچیتر توڕەیی خۆم لەو دۆخە دەرنەبڕم و چیتر ئەو باسەی لەگەڵ درێژە پێنەدەم مادام بەو ژیان و دۆخەی تێیکەوتووە رازییە یان هیچ نەبێت ئەوەی پێ باشترە لەوەی بچێتەوە سەر ماڵی باوکی تەنیا لەبەرئەوەی مێردەکەی رێزی دەگرێت و مەسرەفی دەکات!

گەورەترین تاوانبارە
ئەم چیرۆکە کە لە چیرۆکەکانی فیلمە میسرییە کۆنە تەقلیدییەکان دەچێت بڕوام نەدەکرد لە ژیانی واقیعی و لە لای کورد شتێکی لەو جۆرە ببیستم بە رای من پیاوێک بە هەر بیانوویەک بێت بەو شێوەیە ژن بەسەر ژنەکەیدا بێنێت گەورەترین تاوانبارە پیاوێک حیسابی مرۆڤێک کە چوار منداڵی لێ خستوۆتەوە نەکات و لەپڕ ژنێکی دیکە بێنێتە ماڵەکەیەوە شایەنی گەورەترین سزایە، پیاوێک بە بوونەوەرێکی پلە دوو یان سێ حیسابت بۆ بکات، ئەگەر پێشتر بە ژنەکەی بوتایە ئەو کاتە ژنە مافی ئەوەی دەبوو رازیبێت لەو ژیانەدا بژی یان وازیلێبێنێت کە بێگومان ژنێکی داماوی وەکو ئەو دواجار هەر دەمایەوە و ئەو کاتە کۆستەکەی کەمتر دەبوو هیچ نەبێت لەبەرچاوی کەسوکار و هاوڕێکانی دەیوت خۆم رازیبووم و پرسی پێکردووم، هەرچەندە هیچکام لەوانە ئەو راستییە ناشارێتەوە کە بەردەوام لەم کۆمەڵگانەی ئێمەدا لەلایەن زۆربەی پیاوانەوە دەکرێت ئەویش ئەوەیە حیسابی پلە دوو بۆ ژن دەکرێت و ژن ئەو بوونەوەرە نییە لە مەسەلە گرنگەکانی ژیاندا پرس و رای وەربگیرێت، پیاوێک پێش بڕیاردان یان لەسەر رای ژنەکەی بڕیارێکی گرنگ بدات ئەو پیاوە دەگمەنانەی لەو شێوەیەن ئەوانەن بە پیاوی لاواز و ژنانیی لەقەڵەم دەدرێن.

تاوانی درۆ و خیانەتکردن
لەهەمان کاتدا تەنیا ئەو پیاوەی ژن بەسەر ژنەکەیدا دێنێت تاوانبار نییە بەوەی ژنەکەی بە پلە دوو یان مرۆڤێکی کەمتر لە خۆی حیساب کردووە، ئەوەش تاوانبارە کە شووی پێکردووە، دواجار بە رای من هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ژنێکی دیکەدا شەرعی بێت یان نا هەمان شتە، چونکە ئەو پیاوە تاوانی درۆ و خیانەتکردن لە ماف و متمانەی ژنەکەی و منداڵەکانیشی کردووە، لەو حاڵەتەشدا تەنیا ژن قوربانییە بە تایبەتی ئەو ژنانەی بێ دەسەڵات و بێ پشت و پەنان و لە بێدەنگیدا مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت و بە هێمنی دەچەوسێندرێنەوە بە بێئەوەی نە ئەوەتا خێزانێکی بەهێزیان هەبێت پشتیان بگرێت نە ئەوەتا توانا و ئازایەتی ئەوەیان هەبێت پەنا بەرنە بەر یاسا و دادگاکان، ژنانێک بە درێژایی ژیانیان لە بێدەنگیی و پەراوێزخراویدا تەنیا لەبەر منداڵەکانیان دەژین تا ئەوان گەورە دەبن و ئەمانیش خەم و خەفەت و نەخۆشیی دەیانپوکێنێتەوە.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:05:14:03/01/2022