دیبلۆماسیەتی دیجیتاڵی
حسێن محمود

لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی زۆربەی بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوەوئەم پێشکەوتنەبواری سیاسی ودیبلۆماسیشی نەبواردوە .ئەم سەدەیە کەسەدەی خێرایی و ئینتەرنێتە لەبواری سیاسیدا جۆرێک لەپەیوەندی هێناوەتە ئارا کەبە "دیبلۆماسیەتی دیجیتاڵی" ناودێر دەکرێ.

وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان سود دەبینن لە ئینتەرنێت وپلاتفۆرمەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بۆپەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتریدا.

دیبلۆماسیەتی دیجیتاڵی سود دەبینێ لە ئیمەیڵ و هەژماری ئەلیکترۆنی و سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەپەیوەست بونی وڵاتان لەگەڵ یەکتری وبۆ گۆڕینەوەی زانیاری دەربارەی پرسگەلێکی هەمەجۆرو هەروەهابۆ دانانی ڕێگاچارە دەربارەی ڕوبەڕووبونەوەی کارەساتە سروشتیەکان وقەیرانە نێودەوڵەتیەکان.

دیبلۆماسیەتی دیجیتاڵی کارئاسانیە بۆ سیاسیەکان بێئەوەی سنورە جوگرافیەکان ببڕن، دەتوانن لەپەیوەندی و هەماهەنگیدابن لەگەڵ شوێنی مەبەست . بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک 90% وڵاتان تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) بەکاردەهێنن وئامادەگی فەرمیان هەیە لەم تۆڕەدا کەمەبەست لێی تویتەری پێشوە.

ئەمەش مانای ئەوەیە کە تەکنەلۆژیا ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە لەسەر سیاسەتی دەرەکی جیهانی .هاوکات پۆلیسی ئینتەرپوڵ لەم ڕێگایەوە پەیوەندی بەوڵاتان دەکات بۆ ڕادەستکردنی داواکراوان .باشترین نمونە بۆ پەیوەندی دیجیتاڵی ودیبلۆماسی لەگەڵ یەکتر لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنابوو کە دەوڵەتان و ڕێکخراوەنێو دەوڵەتیەکان هاوکارو هەماهەنگ بون بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری وبەستنی کۆڕو کۆنفڕانسی دیجیتاڵی.

پێشکەوتنی تەکنەلۆژی وایکردووەکە دیبلۆماسیەت، جارێکی، ترو بەشێوازێکی تر پێناسە بکرێتەوە بۆ ئەم مەبەستەش(گۆردن سمیپ) بەمجۆرە پێناسەی دیبلۆماسیەتی دیجیتاڵی دەکات و دەڵێت: "هونەری پێشکەوتن و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەییە لەمیانی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری لەنێوان وڵاتان و کۆمەڵەو گروپەکان".

لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم دیبلۆماسیەتە بە دیبلۆماسیەتێکی نەرم ناوی دەهێنرێ لەپەیوەندیەنێودەوڵەتیەکاندا ،هاوکات هەندێ ناوەندی سیاسی بە دیبلۆماسیەتی زەبەللاحیش  mega diplomacy، ناودێری دەکەن. کەبریتیە لەتۆڕێک پەیوەندی خێرا لەنێوان کارەکتەرە فەرمی و نافەرمیەکان. خاڵێکی تر کەجێگای ئاماژەبۆکردنە ئەویش بەستنی جۆرێک لەپەیوەندیە لەنێوان بەرپرسان وخەڵکدا لەڕێگای دونیای ڤێرچواڵ و گریمانەکراو.

 ئەم پەیوەندیە لەوڵاتانی خۆرئاوا بۆ دۆزینەوەی کەم وکوڕیەکان و بەشداری پێکردنی ڕای خەڵکە بۆ هەرچی باشترکردنی ژیانی گشتی، بەڵام لەوڵاتانی دواکەوتوی نادیموکراسیدا بۆ خۆنمایش کردن و پیشاندانی چالاکی و ڕوکەش و ماکیاژکردن بەکاردەهێنرێ. کەواتە دیبلۆماسیەتی دیجیتاڵی تێپەڕاندنی دیلۆماسیەتی تەقلیدیە و قۆناغێکی نوێی دیبلۆماسیەتە.

هەرچەندە ئەویش وەک زۆربواری تری پەیوەندی بەدەرنابێت لە هەڕەشەی هاک کردن و تێکچونی ئاسایشی سایبیری، بەڵام جۆرێکی نوێ و پەیوەندیەکی جیاوازە لەپەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکان لەسەر ئاستی جیهان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی

AM:03:58:15/05/2024