من نه سه‌رده‌می تاوانی ئه‌نفالم به‌بیر دێت، نه ئازاری ناو گرتووخانه‌كانی نوگره‌سه‌لمانم بینیوه، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ی سندووق یان (باوه‌ڵ)ی جلوبه‌رگه‌كانی خێزان و كچ و كوڕه‌كانی مامم به‌ده‌ستی خۆم هه‌ڵدایه‌وه، ئازارێكم چه‌شت، واییی خوایه چ ئازارێك؟
مامم (عه‌بدولكه‌ریم حوسێن) كه سه‌روه‌ختی تاوانی ئه‌نفال له گوندی "قولیجانی سه‌رحه‌د"، خۆی و ته‌واوی خێزانه‌كه‌ی ڕاپێچی نوگره‌سه‌لمان ده‌كرێن، پاش ماوه‌یه‌ك خۆی و دوو منداڵی و یه‌كێك له خێزانه‌كانی ئازاد ده‌كرێن. به‌داخه‌وه یه‌كێك له هاوسه‌ره‌كانی و بووكێك و حه‌وت له منداڵه‌كانی زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێن.
مامم تا ساڵی ٢٠١٦ ئه‌و ساڵه‌ی تێیدا كۆچی دوایی كرد، هه‌ر چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی ژن و منداڵه‌كانی بوو، بۆیه جلوبه‌رگ و پێڵاو و ته‌واوی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه ئه‌و سه‌رده‌مه به ده‌ست ژن و منداڵه‌كانیه‌وه بوون، بۆی هه‌ڵگرتبوون، هه‌ر چاوه‌ڕێ بوو بێنه‌وه و جارێكی تر ژن و منداڵه‌كانی به‌هه‌مان ئه‌و جلوبه‌رگانه‌وه ببینێت كه پێش ئه‌نفال له‌به‌ریان ده‌كردن.
ئه‌و ڕۆژه‌ی مامم كۆچی دوایی كرد، من به‌م ده‌ستانه‌ی خۆم پێڵووی چاوه‌كانیم داخست، ده‌مزانی هه‌ر چاوی له هاتنه‌وه‌ی منداڵه‌كانی بوو، ئاخر به‌وه‌دا ده‌زانم كه هه‌موو ڕۆژێك ده‌چوو سه‌ردانی ئه‌و خێزانه عه‌ره‌بانه‌ی ده‌كرد كه ئاواره‌ی كوردستان بوون و ده‌یگوت: به‌ڵكو خوایه هه‌رهیچ نه‌بێ یه‌كێك له منداڵه‌كه‌م ڕزگاری بووبێت و كه‌وتبێته ناو ئه‌م ماڵانه‌وه و ئێسته بیناسمه‌وه.
واییی چی چاوه‌ڕوانییه‌كی سه‌خته خوایه، كێ هه‌یه له ئازاری ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ی چاوه‌ڕوانیی تێبگات؟ جگه له مامم و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه خێزانه‌كانیان ئه‌نفال كراون، ئێسته‌یش هه‌ر چاوه‌ڕێن و ئومێدیان هه‌یه هه‌ر هیچ نه‌بێ، یه‌كێك له منداڵه‌كانیان هاوشێوه‌ی "ته‌یموور" ڕزگار ببێت و له پڕێكدا بێنه‌وه؟
له هه‌مووی ئازاربه‌خشتر ئه‌وه‌یه، ئێسته‌یش بچیته گوندی "قولیجانی سه‌رحه‌د"، هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌و ڕۆژه‌یه كه به‌عس گه‌یشته ئه‌وێ و وێرانی كرد، گوندێك بێ ئاو، بێ كاره‌با، بێ خزمه‌گوزاریی، ڕێوبانێكی وێران، گوندێك ماڵێكی نییه قوربانیی نه‌دابێت، كه‌چی له هه‌موو گونده‌كانی تر په‌راوێزخراوتر و بێخاوه‌نتره. گوندێك كه‌سێك نییه لێی بپرسێت تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نزیكی هه‌ڵبژاردن ده‌بینه‌وه، ئیتر هه‌روا كاندیده و هه‌روا به‌رپرسی حزبییه خۆیان ده‌كه‌ن به‌ماڵیاندا، كه‌چی هه‌ر كه هه‌ڵبژاردن ته‌واو بوو، ئیتر دووباره بێكه‌س ده‌كه‌وێته‌وه.