رێز گرتنی پێگەی ژن لە کۆمەڵدا هەر بە بانگەشە نییە
بارزان شێخ عوسمان‌
هاوڕێ و هاوپیشەم کاك سیروان غریب لە گۆشەکەی چوار شەمموانیدا ،ئەمجارە بابەتێکی گرنگی ورژاندبو ، ئەویش پێگەی ژنان و کچانە لە نێو میدیاکاندا.

لە وتارە بە پێزەکەیدا تێزێکی دکتۆرای خانمێکی کردبوە سەرچاوە  کە  تیایدا ئاماژە کراوە بۆ ئەو زەوتکردنەی مافی  مێینە لە  دەزگا و دامەزراوەکانی میدیادا ،هەر لە گێچەڵ پێکردنەوە تا دەستدرێژیی و بە هیچ سەیر کردنی  رۆڵی ژن لە میدیا و جومگەکانی تردا.

زۆر دەستخۆشیی لە هاوڕێ سیروان دەکەم کە هەمیشە پیشەییانە روانینەکانی خۆی دەردەبڕێت ،ئەو وتارەشی یەکێکە لەوانە.

زۆر ناگەڕێمەوە بۆ مێژوی مرۆڤایەتیی ،بەڵام وەك ئەوەی هەمومان دەیزانین لە بەرەبەیانی مێژوەوە ژن  بە دەستی پیاو چەوساوەتەوە ،چەند سەردەم و  چەرخێکی زۆر کەم و دیاریکراوی لێ دەربچێت کە  پێگەی ژن  بەرز بوە، دەنا ئەوانیتر هەمویان پڕیەتی لە پێشێلکاریی بەرامبەر مافی ژنان، تەنانەت سیستمە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانیش لە سەدەکانی رابردودا نەیانتوانی  وەك پێویست پێگەی ژن هاوتای پیاوان بکەن.

سەرباری  ئەوەی سیستمە دیموکراسیی و پێشکەوتوەکانی وەك ئەمریکا و  ئەوروپا قانون و رێوشوێنی زۆر پێویست و مرۆڤانەیان هەیە ،بەڵام هێشتا ژنان و کچان هەر دەناڵێنن بەدەست پیاو سالارییەوە.

سیستمەکانی لەمەڕ خۆشمان نەك هەر مافی ژنانیان تیادا نەپارێزراوە ،بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ  مافی ئەو بەشە گرنگەی کۆمەڵ  زیاتر پێشێل و زەوت دەکرێت و نکووڵی لە  یەکسانیی بونی دەکرێت.

لە عێراق و هەرێمەکەی ئێمەدا سەرباری دانپێدانانی دەستوریی لە عێراق  و قانونیی لە هەرێم و بانگەشەی حزبیی زۆر و  زەوەند  کە  پێگەی ژن رێزی لێ دەگیرێت  ،بەڵام هیچ کاریان پێ ناکرێت و هەر نوسینی سەرکاغەز و پەڕاوەکانن.
 
بەڵێ ساڵانە لە یادی هەشتی مارس و بەگژاچونەوەی توند تیژیی بەرامبەر ژن و خێزانیی ، هەزاران وتار  و پەیام بڵاو دەکرێنەوە و ئاهەنگ و فیستیڤاڵ بەڕێوە دەچن، کەچی لەو رۆژانەدا زۆرترین پێشێلکاریی تۆمار دەکرێت  ،ئەوەش ئاماژەیە کە ئەوەی دەبینرێت تەنیا بانگەشەیە. 

بە بڕوای من تاکە کەسایەتیی  وەك روناکبیر و بیریار و رابەرێکی سیاسیی و دەسەڵاتدار، سەرۆك مامجەلالی مەزنە کە لە ناخەوە باوەڕی بە رێزگرتنی پێگەی ژنە لە کۆمەڵ و دامەزراوەکاندا، بەردەوامیش خەباتی کردوە بۆ چەسپاندنی پرەنسیبەکانی یەکسانیی ژێندەریی لەوانە لە دەزگاکانی  میدیادا. خاك بەسەر ئەو   کادیر و لێپرسراوە حکومیی و حزبییەی گلەیی و سکاڵای لە لایەن ژنێکەوە لێ بکرایە.

هەر لەو روانگەیەشەوە بو  ئەو کاتەی وەك سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی دەرکردنی قانونی هەبو  لە قانونی باری کەسێتیدا، چەندین  پرۆژەی قانونی پەسەندکرد لە بەرژەوەندیی ژنان دا.

بە بڕوای من هەر کاتێك روانینی کۆمەڵ و فەلسەفەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئاینییش  گۆڕا بەرامبەر بە ژنان ،ئەوا هیچ بوارێك نامێنێت بۆ ئەوەی ژنان ،ئافرەتان ،خانمان و خوشکانیش سوکایەتییان پێ بکرێت  و پێشێلکارییان  بەرامبەر بکرێت  لە  کۆمەڵ  و هیچ دامەزراوەیەکدا بە دەزگاکانی میدیاشەوە. 

بە داخەوە ئێمە لە نێو ناوچە و وڵاتێکدا  دەژین و دەیگوزەرێنین  کە چوار دەورمان بە مێشك پوتیی پیاو سالاریی  ،نەریتی کۆمەڵایەتیی و ئاینیی  داخراو تەنراوە،   ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئێمەش جێ هێشتوە  بۆیە ئەو رۆڵەی کە ژن دەتوانێت بیبینێت لە هەمو بوارەکاندا  هێشتا هەر ونە.

دیارە تا ناخی مرۆڤەکان لە هەمو روەیەکەوە پاك نەکرێنەوە، تا پیاوان واز نەهێنن لەوەی  کە ئەوان بڕیار دەرن لەسەر چارەنوسی ژنان کە چی بپۆشن و چی نەپۆشن، چۆن بیر بکەنەوە و چ رێبازێکی سیاسیی ،ئاینیی  پەیڕەو بکەن،  تا ژنان و کچان  بۆ ریکلامە سیاسیی  ئاینییەکان بەکار بهێنرێن  مەحاڵە دەستدرێژی لەبەرامبەر ژناندا. سوك و کەم سەیر کردنیان لە دامەزراوەکانی میدیادا  (لە هەمو روەیەکەوە)، کۆتایی بێت.

AM:11:02:05/02/2024