ڕێگری لێکردنو دوورخستنەوەی "میدیاکاری" هەلپەرست لەخۆشکردنی ئاگری شەڕی ناوخۆ گەرەنتی یەکەمی ئاساییبوونەوەی بارودۆخی سیاسی، ڕاگەیاندنو کۆمەڵایەتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانە.
لەئەنجامی ململانێی نێوان پارتە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستانی عێراق بەکەشو هەوایەکی نێوخۆیی ناهەموارو نالەباردا تێدەپەڕێت. بەهۆی ناکۆکی نێوان پارتە سیاسییەکان لەمەڕ هەڵپەساردنی ئەرکو لێپرسراوێتی سەرۆکی پەرلەمان، د. یوسف محەمەد، لەبەرواری ١٢-١٠-٢٠١٥ دا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، جارێکی تر میدیاکارانی حیزب وەک پاڵەوانی سەر شاشەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتنەوە. بەڵام چ جۆرە پاڵەوانێک!
لەنێوەندی ئەم هەلومەرجە نەخوازراوەدا کە بەتایبەت لەمانگی ١٠-٢٠١٥ دا گەیشتووتە کەناری بنبەست، قەڵەمەکانی شەڕی نێوخۆیی ساڵانی ١٩٩٠کان، بازاڕی موزایدەکردن، خۆدەرخستنو خۆگیڤکردنەوەیان ئێجگار گەرمو بەتینە. ئەو "میدیاکار"ە حیزبیانە لەڕووی کێشمەکێشی سەربازی، پێکدادانی سیاسی، ناسەقامگیری باری کۆمەڵایەتی زیانی ئێجگار کەمەرشکێن لەپێگە، نێوو ناوبانگی دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستانو خەباتی کورد بەرەو بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی دەدەن.
لەڕووی سەربازییەوە، لەمانگی ٨-٢٠١٤ وە، سنوری هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ١٠٥٠ کیلۆمەترو بەنوێنەرایەتیو گیانفیدایی پێشمەرگە لەشەڕێکی داسەپێنراودایە دژ بەهێزە چەکدارە ملهوڕەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراقو شام (داعش). ئەم جەنگە لەناکاو و ناچارییە، گاریگەری ڕاستەوخۆیی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەیەو ئەو ڕاستییە هیچ جێگایی نکۆڵیلێکردن نییە. لێرەوە، هێنانە سەر شاشەی ئەو هەلپەرستانە بۆ خۆنمایشکردنو پیسکردنی ژینگەی هەرێم کارێکی ناپەسندەو دژ بەمۆرالی سیاسیو کارو پەیامی ڕاگەیاندنە؛ چونکە داعشو هاوشێوەکانی چاودێری دۆخی هەرێم دەکەنو ئەو لێکترازانە نێوخۆییە بەدەرفەت دەزانن بۆ هێرشکردن. بەدیوەکەی تریشدا، ئەو بەرداشە سیاسییە کاریگەری نێگەتیڤی بۆ سەر هەستی ناسیۆنالیزمیو بەرخۆدانی هێزی پێشمەرگە دەبێت و ڕەنگە لێکەوتە شاراوەکانی لەئایندەدا بەسەختی قەرەبوو بکرێتەوە.
لەڕووی سیاسییەوە، دابینکردنی پلاتفۆرم و سەکۆ بۆ ئەو جۆرە کاراکتەرانەی نێو گۆڕەپانی ڕاگەیاندنی هەرێم دەبێتە هۆکاری خستنەگەڕی ماشێنی یەکتر تاوانبارکردن و هەڵدانەوەی برینی ساڕێژنەکراوی شەڕی نێوخۆ کە ڕاستەخۆ یادەوەرییە تاڵەکانی ئەو شەڕە بەبیر خۆیانو هاوڵاتی مەدەنیش دەهێننەوە. پاشانیش، کاربەدەستانی حیزبی جێگیرکراوی نێو فەرمانگەکانی حکومەت بەرژەوەندی لایەنگرانی خۆیان سەردەخەنو یاساشکێنی لەپێناو مەرای حیزبیدا دەکەن. فەرمانڕەوا باڵاکانیش بەو شەڕە میدیاییە بارگاوی دەبنو کەڵێنو درزی پەیوەندییەکان گەورەتر دەبێتو کلتوری دانوستان و گفتوگۆ بزر دەکەن.
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کلتوری پیاهەڵشاخان و شارچێتی دەکەنە هەوێنی فریودانی کۆمەڵگا و خەڵکی سیڤیلی شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک. زیندووکردنەوەی نەریتی قیزەونی بیرکردنەوەی ناوچەییانە و سوکایەتی و جنێونامەنووسین لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێتە هۆکاری داتەپینی مۆراڵی کۆمەڵایەتی.
ئەو کاراکتەرە حیزبیانە لەڕێگەی پەخشکردن بۆچونە ڕزیوەکانی سەردەمی شەڕی براکۆژییەوە مەترسی بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دروست دەکەنو چالاکی سیاسی لەخەباتی مەدەنییەوە دەگوێزنەوە بۆ تەخوینکردن. واتە، ڕێگاخۆشکردن بەبڵاوکردنەوەی دیدگای ئەو کاراکتەرانەی کە بە نەفەسی شارچێتییەوە دێنەگۆ و دەنوسن بە پلەی یەکەم ناچێتە خانەی کاری پیشەیی ڕاگەیاندنەوە، بەپلەی دووەمیش بێنرخکردنی سەروەری یاسا و بێئومێدکردنی جەماوەرە لەگرنگی پرەنسیپی دیموکراسیو دانپێدانانی ئەنجامی هەڵبژاردنە. بەپێچەوانەوە، ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەهەلومەجگەلێکی لەم شێوەیەدا دەبێت کار لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی بکات بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سیاسی، هەتاوەکو جڵەوی ئەو جۆرە کاراکتەرانە لەدەست دەرنەچێت.
بهکهڵک وهرگرتن لهئهزمونی ڕابردوو، دەردەکەوێت شەڕەنگێزیی کاراکتەری بالۆرەبێژی حیزب ماشێنە پرۆپاگەندەکانیان- لەڕێگەی دروستکردنی دوو وێنەی ڕەشو سپی، بەرەی نەیارو دۆست- مەترسی بۆ سەر کەرتبوونی دەوڵەتو دابەشبوونی دانیشتوان دروست دەکەن. هەربۆیە بەرپەرچنەدانەوەی ئەو جۆرە پرۆپاگەندەچییانە دهستیان واڵا دهکات بۆ پهلاماری تاکەکەسیو تۆمەتبارکردنو هۆتافکێشانی دزێو.
پرسی سیاسیو یاسایی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان لەمەڕ گەڕاندنەوەی وەزیرەکانی گۆڕانو سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەر کارو پیشەیی خۆیان، بەگوتاری ئەو جۆرە کاراکتەرانەی سەردەمی شەڕی براکوژی بەلاڕێدا دەبرێتو ڕاوێژپێکردنیان لەخزمەتی دۆزی کورددا نییە چونکە لەئەزەلەوە بڕوایان بەپێکەوەژیانی ئاشتیانەو یاساسەروەری نییە. بەردەوامیش ئەو کاراکتەرانە لەبارودۆخی پشێوی سیاسیو ناسەقامگیری ئەمنیدا گەشە دەکەن هەربۆیە کۆسپ لەڕێگادانیان ئەرکێکی نیشتیمانی، سیاسی، مۆرالی و میدیاییە.