داعشی نوستوو، جەهەنەمی دوای یەکێتی و پارتی
عەزیز ڕەئووف

نەوەیەک بەڕێوەیە، نەوەیەکی توندڕەو و زمان زبر و نێوچاوان گرژ. نەوەیەک بەڕێوەیە کە ئیسلامیەکانی کوردستان کۆمەکیان دەکەن و هەڵگری توڕەیی و شەڕانگێزیەکی گەورەن بەناوی دین و موسوڵمان و بەرگری لە خودا و پیرۆزیەکانەوە. ئەم نەوەیە زۆر لە دەسەڵات ترسناکترن.

نەوەیەک جێهێڵراوی دەسەڵات و پەروەردەی ژێر عەبای ئەو پارتە ئیسلامیانەن کە لە سیاسەت و دەنگدان و هەڵبژاردن شکستیان هێناوە و ئێستاش وازیان لە دەسەڵات هێناوە و لەسەر کۆمەڵگە کاردەکەن. 

ئەوەی لە زانکۆی هەڵەبجە ڕوویدا ئەو سەرەتایەیە کە پێمان دەڵێ نەوەیەکی ترسناک بەڕێوەیە نەوەیەک دیالۆگ و گفتوگۆ ڕەت دەکاتەوە و بەناوی خوداوە خۆیان بە هەڵگری حەقیقەت دەزانن بێئاگا لەوەی کە کۆمەڵگەی ئێمە لە سی ساڵی ڕابردوودا باجی ئەم جۆرە لە نەبوونی دیالۆگ و گفتوگۆی نێو نەوەکان دەدا و ئیسلامیەکانیش لەبری ئەوەی گەنجەکان لەسەر قبوڵکردنی جیاوازی ڕابهێنن، فێری توڕەیی و ڕقی گەورەیان دەکەن لەوی تر و دەیانکەن بە پاسەوانی خودا.

لە بۆشایی دەسەڵات و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی عەقڵانی، داعشێک بەڕێوەیە کە زۆر لە یەکێتی و پارتی ترسناکترە.

AM:12:24:25/10/2022