دەنگ بدەن بە.....!
تـوانــا ئەمین

ئەگەرچی زانست بەتەواوی پشتڕاستی ناکاتەوە، بەڵام قسەیەک لەسەر ماسی گۆڵدفیش Goldfish هەیە کە گوایا؛ یادگەی ئەم ماسییە وەکو خۆی کورتوکولە و لە تەنها سی چرکە تێناپەڕێت... واتە ئەگەر ماسییەکە لە خاڵێکەوە بجوڵیت بۆ خاڵێکی تر، کە دووری نێوان ئەو دوو خاڵە بە ڕۆیشتنی ماسییەکە تەنها سی چرکە کات بخایەنێت، ئەوە بیری دەچێتەوە لە کوێوە هاتووە بۆ ئەوێ! بەم جۆرە هەموو جارێک کە ماسییە سوورەکە لەم سەری حەوزێکی شوشەوە دەچێت بۆ ئەو سەری حەوزەکە وا دەزانێت بەڕێگایەکی نوێدا دەڕوات کە پێشتر هەرگیز نەیدیوە!

نازانم بۆ هەمیشە هەڵبژاردن لە کوردستان ئەم ماسییەم بیر دەخاتەوە. بەشێوەیەکی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەم وڵاتانەدا کە دیمۆکراسی ناوێکە بۆ فریودان؛ چاک و خراپ نییە، خراپ و خراپتر هەیە... سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ فیلمی بەناوبانگی (ماترێکس)، لەم فیلمەدا بونیام دەخرێتە بەردەم هەڵبژاردنی دوو حەپ، کە یەکێکیان حەپی وەهم (شین) و ئەوی تریان حەپی واقیع (سوور)ـە... بینەر بۆ ساتێک تیادەمێنێت کە کام لەم دووانە بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت؟ بەڵام بە کۆمەک وەرگرتن لە خەیاڵی فەیلەسوفێکی سلۆڤینیی وەک (ژێژەک) دەتوانێت حەپی سێیەم هەڵبژێرێت! حەپی سێیەم دراوێکی مائیلە کە لە پرسیارەکەدا نابینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەیە...

لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا بۆ کوردستانییان؛ لە نێوان هەردوو هێزی دەسەڵات و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئۆپزسێۆنێکی پۆپۆلیستی نەویدا، مرۆڤ دەتوانێت هێزی سێیەم هەڵبژێرێت. ئەم لایەنی سێیەمە وەک حەپەکەی ماترێکس ماتریالێک نییە لە ئاسمانەوە بکەوێتە خوارەوە، بژاردەیەک نییە لەسەر فۆرمی دەنگدان هەبێت، بەڵکو ئێکسیری وشیارییە کە لە دەرئەنجامی تێڕامان لە هەردوو حەپەکەوە هاتۆتە بوون.

کۆمەڵگای ئێمە بۆ هەڵبژاردن سێ ڕیزە؛ ڕیزە درێژەکەیان کە زۆرینەن؛ ڕیزی خەڵکانی ناڕازین، ئەو خەڵکانەن کە لە چینی خوارەوەی هەڕەمەکەدان و ڕاستیەکانیش دەبینن؛ بەڵام بەتەنیان، بڕیاریان بۆ نادرێت، کارتی دەنگدانیان تازەناکەنەوە، ناچن بۆ هەڵبژاردن، بشچن دەنگەکەی خۆیان دەسوتێنن. ئەوانەی دوو ڕێزە بچووکەکەی تر پێکدێنن؛ جوت حیزب و هاوپەیمانەکانیان، ئیسلامییەکان، هەندێ کاندیدی سەربەخۆ (ئەگەر سەربەخۆبن!) لەگەڵ جوڵانەوەیەکی تازەی پۆپۆلیستی بێمەبدەئـ، کە خۆی بە پارەی خوراوی خەڵکی ڕەشوڕووت هەڵتۆقیوە!

هەرچی جووت حیزب و هاوپەیمانەکانیانە بە‌هێزی گەورەی پارە و بە سۆزڕاکێشانی خەڵك بۆ قەوانی نەتەوەیی و خەرمانەکێشان و هێنانەوەی کاریزما و ژیان لەسەر سۆزی ڕابردوو دەیانەوێت دەنگ بهێنن.

ئیسلامی و سەربەخۆکان لە ناوەندان، هەرچی ڕیزی کۆتایشە ئۆپزیسیۆنێکی عەوامگەرایە بە ماشێنێکی گەورەی میدیایی ناواخن بۆشەوە. بێدوودڵی ئەم جۆرە هێزە وەک چۆن لە ۲٠٠۹دا گۆڕان کردی؛ دەتوانن بۆ ماوەیەک تا ڕادەیەک ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی داماویلکە لە مەرامە سیاسییەکانی خۆیاندا بقۆزنەوە و وەک کڕیارێکی لەبلەبان دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بە هەرزان بکڕن... بەداخەوە ڕێساکە لە زانستی سیاسیدا ئاوهایە؛ کە ئەم دوو ڕیزە کەمە بە ئاسانی و وەک هەمیشە دەتوانن تەحکوم بەڕێزی یەکەم و بە زۆرترین ژمارەی دەنگدەرەوە بکەن.

ئەگەرچی سروشتی کۆمەڵگا وەهایە کە لەسەر هیوا دەژی.. بەڵام لە دونیای تازەدا خەڵک کۆمەڵێ هەتیوی بێ نەوا نین حیزبی سیاسی بێت و ببێت بە باوکیان. هاوڵاتیی کۆمەڵگای نوێ وشیاری خۆی دەکات بە باوکی خۆی و دەتوانێت بەدەنگی خۆی حیزبەکان داخ بکات، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەڵبژاردن شانۆگەرییەکە هەموومان کۆتاییەکەیمان لەبەرە. بە کورتی دیمۆکراسی لە جێگایەک کە تاکەکانی هۆشیاری دیمۆکراسیان نەبێ کارەساتە، چونکە لەم پرۆسەیەدا فەیلەسوفێک و شێتێک بە قەدەر یەک سەنگیان هەیە، کە سەنگی یەک دەنگە!

ئەوەی من بیری لێ دەکەمەوە هوشیارییەکی هێندە بەرزە کە بە هیچ لایەک لەمانە فریو ناخوات، هوشیارییەکی پایە بڵندی مرۆڤانەیە کە نایەوێ ببێت بە ماسییە سوورەکە.



AM:03:30:07/10/2021