شاشەی مەجازی و ژنی مەجازی
جەبار جەمال غەریب


ئەگەر ژنی مەجازی وەك ئایكۆنێكی بەرز و دیاری سێكس لەسەر شاشەوە هاتبێتە ناو كۆمەڵگە، لەدەرەوەی ویستی ژن وەك ئینسان، بەڵكوو بە ویستی بازرگان و كولتوور و ئایین ئەو ڕۆڵەی دراوەتێ. ئەو دیمەنەی ژن لە دنیای مەجازیدا هەیەتی، هەروا. بە ڕێكەوت نەهاتووە، زیاتر لە سەدان ساڵە زەوقی گشتی، كە پیاو پێشەوایەتیی دەكات، ئیشی لەسەر كردووە. بەدیارخستنی شوێنە سێكسییەكانی ژن و بەرزكردنەوەیان تا شاشەی مەجازی، ئەو زەوقە گشتییە لەوپەڕی زەقیدا نمایش دەكات. بۆ دروستكردنی ئەو كارێكتەرە سێكسییە، سێكسی شەفەهی ڕۆڵی گەوەری بینیوە.

سێكسی شەفەهی

سێكس بەشێكی گەورەی بیركردنەوەی مرۆڤ و كیمیای مرۆڤ پێكدەهێنێ. لە جۆری سێكس و كات و دەسەڵاتی سێكسی، ململانێیەكی زۆرجار نهێنی و هەندێ جاریش ئاشكرا لەنێوان ژن و پیاودا هەیە. دەسەڵاتی سێكس گرنگترین و بەلەززەتترین دەسەڵاتە، گەورەترین سەركەوتنیشە بۆ هەر ڕەگەزێك، كە پێی بگات و بەدەستی بێنێ. دەتوانم بڵێم، یەك لە شەڕە هەرە سەرەتایی قورس و بەردەوامەكان، شەڕە لەسەر دەسەڵاتی سێكسی. بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سێكسیش نزیكەی هەموو شەڕەكانی دیكە یەكلایی دەكاتەوە.
- ئایینەكان بەشێوەیەكی گشتی ئەو دەسەڵاتەیان داوەتە پیاو. گرنگترین بەرنامە و یاساكانیان بۆ ڕێكخستنی ئەو قۆرغكارییە داڕشتووە، بۆ ئەوەش ئیلهامیان لە فەزا و زەوقی گشتیی كۆمەڵگەكانیان وەرگرتووە.
- سێكس بە شێوەیەكی گشتی لەنێوان دوو ڕەگەزەكەدا ڕوو دەدات، پیاو و ژن، (نێر و مێ).
- دەسەڵاتی سێكسی، كە دەكرێ قورغكاریی سێكسیشی ناو بنێین، لەسەر جۆری ڕێكخستن و سێكسكردنەكە ڕاوەستاوە. كێ بەكاربەر و كێ كارێكتەر و كێ پاڵەوانی سێكسە؟ سێكس كە لووتكەی چێژی ئینسانە، بەهای ئەو لووتكەیەش لەسەر پاڵەوانی سێكس و كاڵای سێكس ڕاوەستاوە، سێكسكەر و كاڵی سێكسی.
- بۆ ئەوەش، ئامادەیی زمانیشی بۆ ڕێك خراوە (كێ دەیكات و كێ سوار دەبێت و كێ بكەرە (فاعل)، كێش دەیدات و سواری دەبن و تەواوكەرە (مفعول بە). ئەو ڕێكخستنە زمانییە كاتێك دروست دەبێ، كە شەڕەكە یەكلایی بووەتەوە. ( دواتر سەدان جنێو و تانە لەسەر ئەو بەزینە داڕێژراوە)، كە پێویست بە نموونە ناكات، بزانن كێ جنێو بە كێ دەدات و كێ پاڵەوانی نێو جنێوەكانە، زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
- شاشەی مەجازی ژنی نەكرد بە كاڵای سێكسی، بەڵكو سەركەوتنی پیاوی وەك دیاردە ڕوون كردەوە، واتا سێكسی كرد بە ڕووداو. لەناو ڕووداوەكەدا پاڵەوان و كاڵا دەر كەوتن. بۆ ڕوونكردنەوەی ئەوەش، پەنا بۆ وتاری ئایینیی زاڵ دەبم، لەسەر شاشەی مەجازی، یان شاشەی هەزار ڕەنگ.
- ئایا پیاو پاڵەوانی سێكسە؟ ئایا دەسەڵاتی سێكس لە دەست پیاودایە؟ ژن لە كوێی ئەو هاوكێشەیەدایە؟ (ئەو پرسیارە بۆ خۆتانە).
- بۆ شیكردنەوەی ئەو بابەتە سەدان وتارمان هەیە، من تەنیا پشت بە وتاری چەند كارێكتەرێكی ئایینیی زۆر ناسراو و كاریگەر دەبەستم، ناویشیان ناهێنم، چونكە من مەبەستم بابەتەكەیە نەك كارێكتەرەكان، لەبەر ئەوەی كارێكتەرەكان دەڕۆن و بابەتەكە دەمێنێتەوە.

مامۆستای پشتئەستوور بە بەسەركەوتن و پیاو و بە دەسەڵات، دەڵێت:
- ئەگەر یەك ژنت هەبێ خۆشت ژنی، ئەو كاتەی ئەو ئەكەوێتە سووڕی مانگانەوە، تۆش ئیشت پەكی دەكەوێت. دووانت هەبێ، دائیمە لەكێشەدای. سیانت هەبێ وەك ئەوە وایە یەك ژنت هەبێ. چوارت هەبێ هەموو شەوێ زاوای، ئەوە هەفتانە سەرەی دێتەوە و تازە دەبێتەوە.
ئەوە ڕووحی سێكسی شەفەهییە، چۆڕێكیشە لە گاڵتەكردن بە پیاوی یەك ژن و عەقلیەتی كۆمەڵگە. ختووكەدانی پیاوە تەنیا لە ڕێی سێكسەوە، ژنێكت هەبێ خۆشت ژنی، چونكە:
. پیاوێك بەرامبەرە بە ژنێك، ژنەكە پلەی بەرز نابێتەوە بۆ ئاستی پیاوەكە، ئەوە پیاوەكەیە دادەبەزێتە ئاستی ژن، تەنیا لەبەر ئەوەی لە كاتی سووڕی مانگانەدا پەكی دەكەوێ.
- خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە، بەهای ئینسانەكان تەنیا بەهۆی سێكسەوە دیاری دەكرێ. پیاو یاساكانی ڕێك خستووە، بۆیە مافی ئەوەی داوە بە پیاو، لە كاتی سووڕی مانگانەی ژندا، پەكی خۆی نەخات و ژنێكی دیكە بەكار بێنێ.
. دوانت هەبێ هەمیشە لەكێشەدای. ململانێی یەكتر دەكەن، پیاو دەخەنە كێشەوە، مەبەست لێرە كێشە نییە، بەڵكوو گەیشتنە بە خاڵی كامڵبوونی سێكسی.
. (سێ) سیانت هەبێ وەك ئەوە وایە، كە ژنێكت هەبێ، ڕۆڵی دوو ژنەكەی دیكە چییان لێ هات؟ بۆچی سێ یەكسانە بە یەك؟
. چوارت هەبێ هەموو شەوێ زاوای.

كێ پاڵەوانی سێكسە؟ ئەو وتارە كورتە بەتەوای پیشانی دەدات، كە پاڵەوانی سێكس پیاوە، سەنتەری جووتبوون پیاوە، پیاو پەكی دەكەوێ و پیاو هەموو شەوێ زاوایە.
ژن كاڵای سێكسە، من باسی ئایین ناكەم، باسی جووتبوون دەكەم وەك ڕووداو، ڕووداوەكە بەدەوری پیاودا دەسووڕێتەوە، ژمارەی نەگۆڕ پیاوە، ئەوەی دەگۆڕێت ژنە، ئەو چوارەش دەگۆڕێن و مانەوەیان بە هاوبەشی لەگەڵ ژنەكانی دیكە و لە خزمەتی ئەو پیاوە پاڵەوانەدا مسۆگەر نییە.
سێكس شەفەهی یەكێكە لە بابەتە وروژێنەرەكان، لە وتاری داهاتوودا درێژەی دەبێ، بەڵام با بزانین حاڵی ژن سەد ساڵ پێش شاشەی مەجازی چۆن بووە:

دكتۆر سانیحە ئەمین زەكی، لە كتێبە بەناوبانگەی (بیرەوەریەكانی دكتۆرێكی عێراقی)دا دەنووسێت:
- من لە ساڵی ١٩٢٠ لە بەغدا لەدایك بووم، لەو كاتەدا بەغدا گوندێكی گەورە بوو، لە دێرزەمانەوە لە باوەشی سەدە تاریكە درێژەكاندا نووستبوو، بەتایبەتی دەربارەی پێگەی ژن، كە سەیركردنی بۆ پیاو، سەیركردنی عەبدێك بوو بۆ گەورەكەی، سەیركردنی كۆیلەیەك بوو بۆ خاوەنەكەی. لەوكاتەدا پیاو جلوبەرگێكی قورسی بەسەر ژندا سەپاندبوو، زیندانیی ماڵەكەی خۆی بوو، خزمەتكاری پیاو بوو. (بیرەوەرییەكانی دكتۆرێكی عێراقی، دار حكمە، لندن، لاپەڕە ٧).
- ئەو ژنە بەكۆیلەكراوە، بە چ ڕووخسارێكەوە لەخەو هەڵدەستێ، بە چ ئیرادەیەكەوە دەچێتە سەدەی نوێوە؟


AM:02:29:23/07/2022