ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی حاجی کاروان
خالد سليمان

بانگخواز و نوسەری ئیسلامیی حاجی کاروان لەسەر فەیسبوکی خۆی لە پێناسەیەکی هەڵەو دوور لە ڕاستییەوە دەربارەی جەندەر نووسیویەتی: (ئەزانن جێندەر واتای چیە: هاوسەرگیری پیاو لەگەڵ پیاو، ژن لەگەڵ ژن..ژن وپیاو لەگەڵ ئاژەڵ!! ئاژەڵیش ئەمەی قبوڵ نیە)
لە ڕاستیدا ئەم پێناسەیە جگە لەوەی دوورە لە ڕاستییەوە، جۆرێکیشە لە شێواندن و قسەی نەشیاو لە ڕووی ئەکادیمی و زانستییەوە، چونکە جەندەر ئەو نیە کە جەنابیان پێناسەی دەکەن. وشەی جەندەر (Gender) لە بنەڕەتدا وشەیەکی فەرەنسییەو بە (ژانر) دەخوێنرێتەوە(Genre) یانی جۆر.

لە زمانی فەرەنسیدا ئەڵێن Quel genre de problème واتە چی جۆرێک لە گرفت یان دەڵێن Les genres littéraires واتە جۆر یان ڕێبازە ئەدەبییەکان. تەنانەت لە زمانی کوردیشدا دەڵێین ژانرە ئەدەبییەکان. دووای ئەوەی وشەی جەندەر سنووری زمانی فەرەنسی تێدەپەڕێنێت و دێتە ناو زمانی ئینگلیزییەوە، بەپێی بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی دەگۆڕێت و دەبێتە جەندەر Gender، بەڵام هەروەک جۆر دەمێنێتەوە. ماناکەیشی ئەو ڕۆڵ دەگەیەنێت کە مرۆڤ دەیبینێت نەک پێناسەکەی حاجی کاروان. 

وشەکەو ماناکەی پەیوەست نین بە ڕەگەزو سێکسەوە، بەڵکو پەیوەستن بە فراوانیبوونی ڕۆڵی مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزەکەوە لە ژیاندا؛ بۆ نموونە کاتێک ژن کاردەکات و پیاو گرنگی دەدات بە کاروباری ماڵەوە، یان مناڵ بەخێودەکات.

زۆرجار ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی لە ڕووی مێژووییەوە بووەتە ناسنامەی ژنان بۆ نموونە کاری مەتبەخ و ماڵەوە، بەڵام پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان ئەو ڕۆڵەیان گۆڕیوەو ئێستا هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو لەبواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سەربازی و ئەمنیشدا ... هتد دەیبینن. ئەمەیە مانای جەندەر نەک ئەو پێناسەیەی کە حاجی کاروان بەئارەزووی خۆی دایتاشیوەو نووسیویەتی.

ئەگەر واز لە تێگەیشتنی حاجی کاروان بێنین کە چەواشەکاریی کردوە کە پێناسەکردنی وشەو ماناکەیدا، دەبێ پرسیاری ئێوە بکەین کە لە هەموو دنیادا، مرۆڤی ترانس هەن و بەزگماکیی بەبێ ناسنامەی نێر یان مێ لەدایکبوون. ئەم مرۆڤانە وەک ئێمە کاردەکەن و ماندوو دەبن و ئەرک و مافیان هەیە.

ئێمە ئەگەر تێگەیشتنێکی قوڵمان بۆ ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە نەبێت کە مرۆڤەکان دەیبینن ئەوا وەک نازییەکان لە پێناو کۆمەڵگەیەکی قەڵەم کراوی بێ غەل و غەشدا، ترانسەکان لەناو دەبەین. گرفتەکەی حاجی کاروان لەوەدایە مەسەلەکەی شێواندووەو تەنها پەیوەستی کردووە بە سێکسەوە، کە لە بنەڕەتدا وانیە.

PM:11:57:03/12/2022