شوناسی درۆ و شوناسی ڕاستەقینە
رێبوار سیوەیلی


1. شوناسی درۆ شوناسێكە پێت دەبەخشرێت. شوناسێكی ئامادەیە، یان ناچار بە پەسەندكردنی دەكرێی، یان خۆت پەسەندی دەكەیت، یان بە هەر شێوازێكی دیكە دەكرێتە شوناسی تۆ. بەڵام شوناسی ڕاستەقینە ئەوەیە كە تۆ بۆخۆت دروستی دەكەیت، بۆخۆت كاری بۆ دەكەیت و دەچیتە ناوێوە و دەیكەیتە شوناسی خۆت. 

2. ڕۆژگار هەیە شوناسی ڕاستەقینە ڕەواجییەتی و هەر مرۆڤە بە پێویستی دەزانیت شوناسی خۆی، خۆی دروستیی بكات. ئەویش لەڕێگەی ئەو چالاكییانەوە كە پێیاندا تێپەڕ دەبێت، ئەو بیروڕا و دنیابینیەی بۆی دروستدەبێت.. ڕۆژگاریش هەیە شوناسی درۆ باوێتی و هەموومان بە پێچەوانەی ویستی خۆمانەوە، یان بە پێی حەزی خۆمان دەبینە هەڵگری شوناسیك یان زیاتر لە شوناسێكی درۆزنانە. 

3. شوناسی ڕاستەقینە یەك شوناسە، فرەیی نییە و دەمامكی نییە. بەڵام شوناسی درۆزنانە فرە ماسك و ڕووخسارە. ڕۆژگار هەیە دەتكاتە خاوەنی چەندین ڕووخسار و ڕۆژگاریش هەیە بەیەك شوناسەوە تووڕت دەداتە دەرەوە. 

4. ئێمە لە ڕۆژگاری فرەشوناسی بە مانا درۆزنانەكەیدا دەژین. بۆ هەر شوێنێك و بۆنەیەك دەبێت زیاتر لە شوناسێكت هەبێت و ڕووخساری خۆت بگۆڕیت. ئەمە ئەو ڕۆژگارەیە كە پێكەنینی ڕاستەقینە بار دەكا و دەمپانكردنەوە جێی دەگرێتەوە. ئەمە ئەو ڕۆژگارەیە كە قسەكردن نامێنی و لەوچەلەوچ باوێتی.. ئەمە ڕۆژگاری بیركردنەوە نییە و ڕۆژی نومایشە. ئەمە ئەو ڕۆژەیە كە ئیتر تۆ ناتوانیت خۆت بیت و دەبێت پارچەپارچە بیت. ئەمە ئەو ڕۆژگارەیە كە هەر لەبایانیڕا دەبێت لەت و پەت بیت و خەریكی ڕازییكردنی ئەوانیتر بیت، كاتێك دەگەڕێیتەوە خۆت لە هیچ شتێك ڕازیی نیت. 

5. ئەگەر ڕاڕایت، دوو دڵیت، جەهەندەمێك لە دەروونتایە، ئەگەر خەمگینت، نائومێدیت، ڕەشبینیت و لە لێوی وەڕسبووندایت. ئەوە بزانە ئەمانە نیشانەكانی ئەم ڕۆژگارەن كە گرەوی لە تۆ برۆدتەوە و (تۆ)ی لە (خۆت) جیا كردۆتەوە. (تۆ) بەكار دەهێنیت و (خۆت)ی تەنیا كردووە. (تۆ)ی كردۆتە ئامراز و نامۆی كردووە بە (خۆت). (تۆ)ی ناچار كردووە ئەوە بیت كە (خۆت) نایەوێت، بەڵام (خۆت)یشی ناچار كردووە كە بێدەنگ بێت و چاوپۆشی لەوە بكات چی بەسەر دێت.

6. هەستناكەیت تۆ بوویتە بار بەسەر خۆتەوە؟ هەستناكەیت تۆ لە خۆت زۆر دوور كەوتوویتەوە؟ هەستناكەیت تۆ شتێكی و خۆت شتێكی دیكە؟ هەستاكەیت تۆ بوویتە بووكەڵەیەك لە دەرەوەو خۆت تەماشای خۆت دەكەیتەوە بە بێ ئەوەی خۆت لە تۆدا بناسیتەوە.. ئەمانە پرسیارە سەرەكییەكانی سەردەمی ئێمەن. وەڵامەكەیان هەر چییەك بێت، پێویستە تۆ لەگەڵ خۆت ئاشتبیتەوەو چیتر نەھێڵیت شوناسە درۆزنەكەت بەسەر شوناسی ڕاستەقینەتدا زاڵ بێت.

پێویست ناكات فەیلەسووف و هەمووشتزان بین بۆ ئەوەوەی ئەم دژوازیی و ناكۆكە جەهەندەمییە لە خۆماندا بدۆزینەوە. دۆزینەوەكەشی نیوەی چارەسەرە. چونكە كاتێك لەگەڵ خودی خۆمان ڕووبەڕوو دەبینەوە و تێدەگەین كە نەدەبوو ئەمە ڕوو بدات، ئیتر (تۆ) و (خۆت) دەكەونە گفتوگۆیەكی ڕاستەقینەوە لەگەڵ یەكتر و ئەوەش هەنگاوی یەكەمە بۆ بەدەستهێنانەوەی شوناسە ڕاستەقینەكە. 

AM:12:20:25/10/2022