رۆژنامەی ژیانم
سه‌ردار عه‌زیز

لە سەر رێگای سلێمانی کەلار، باوکم لە هەشتاکان چایخانەیەکی دروستکرد، پاشان بوو بە چێشتخانە. دونیای مناڵی من لەوێدا رسکا. لەوێ بەگۆڤارو رۆژنامە ئاشنابووم. خەڵکی هەموو چیزەی دونیام بینی. 

هەروەها فێری عەرەبی بووم. ئەو رۆژنامانەی کە لەخەڵک بەجێدەمان کونەواجە و پەنجەرەی من بوون بۆ دونیا. گۆڤارە رەنگینەکان وێنای رەنگاوڕەنگی دونیایان دەهێنا، لە سەردەمێکدا تەنها تەلەفزیۆنێکی رەش و سپی و رادیوێیەک نەبێت، هیچ ئامرازێکی تری گەیاندن نەبوو. بۆ مناڵێکی وەک من، لە پەراوێزی دونیادا، لە سەردەمی شەڕدا، لە سایەی دیکتاتۆردا، تەماشاکردنی دونیا چێژێکی تایبەتی هەبوو . سەرەتا حەزم لە وەرزش بوو.

دەفتەری کۆکردنەوەی وێنەی یاریکەرەکانم هەبوو. بەڵام وردە وردە بە گەیینی زمانم بوارەکانی تریش ئارەزوویان دەجوڵاندم. چونکە یەکەم کەس بووم لە ماڵەکەماندا چوومە قوتابخانە و باوانم نەخوێندەواربوون، پاش ماوەیەک باوکم کردمی بە خوێنەری خۆی. کتێبێک کە من سەرتاپای تەمەنی منداڵیم هەموو شەوێک دەمخوێندەوە، دیوانی قانع بوو. باوانم قانعیان تەنها وەک شاعیرێک نەدەبینی، بەڵکو وەها لێیان دەڕوانی کە پێشبینی و شارەزایی و توانایەکی تایبەتی هەبوو. رەنگە سادەیی و نزیکی شیعرەکانی هۆکاری سەرەکی ئەو پەیوەندییە تایبەتە بووبێت. یان زاڵبوونی چوارچێوە یان فرەیی ئاینی.

لەئاگایی هەمووماندا کۆمەڵێک چوارچێوە هەیە، کە بینینی ئێمە بۆ دونیا لە قاڵب دەدات. کاتێک شتێکی نوێ دەبیستی یان دەبینی، ئەوا لە مێشکتدا لە رێگای ئەو چوارچێوانەوە کە زاڵن هەوڵدەدەی لێی تێبگەیت، وەک زمانناسی ئەمریکی گیورگ لاکۆف دەڵێت. هەروەها نهێنی نیە کە قانع شاعیرێکی میللییە. لەپاش منداڵیم هەرگیز جارێکی تر نەگەڕامەوە بۆ خوێندنەوەی ئەو شیعرانە.  

سەرباری خوێندنەوەی قانع، حەزی من بۆ شیعری هەرگیز هێندە بەهێز نەبوو. رۆژنامە زیاتر خۆشی پێدەبەخشیم. دیارە خوێندنەوەی رۆژنامە بۆ خۆی هونەرە. هەرچەندە ئەوەی پێی دەوترێت رۆژنامە، بە مانا پرۆفیشناڵییەکەی هێشتا نەهاتووەتە دونیای ئێمە. لەڕۆژنامەی ئەو ناوچەدا، هەواڵ و راوبۆچون و کاری بنکۆڵی و خوێندنەوەی گەورە یان قوڵ و ئیدیتۆڕیاڵ ونن.  بەڵکو زیاتر لە پامفلێتێک یان پەڕاوێکی پڕوپاگەندەیی دەچن. من لە کاتێکدا حەزێکی دێڕینم بۆ رۆژنامە هەیە، بەڵام هەمیشە هەندێک بڵاوکراوە، ترسیان لەلام چاندووە. بیرم دێت لەسەرەتای راپەڕیندا بڵاوکراوە ئیستینساخکراوەکان ترس یان فۆبیایەکی تایبەتیان لەلا دروست دەکرم.  

لەگەڵ گەورەبوونمدا پەیوەندیم بە ڕۆژنامەوە ئاڵۆزتر دەبوو. لەدونیایەکی داخراوی وەک سەردەمی بەعسی ئەو سەردەمە، دونیا زۆر بچووک و کەم ڕەنگ و سنورداربوو.  هەمیشە پرۆژەی دروستکردنی عێراق، کە پرۆژەی زۆربەی زۆری حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق بووە، هۆکاری کەم ڕەنگی و هەتا تاک ڕەنگی عێراق بووە. بۆ من هەمیشە تاک رەنگی بۆنی فاشیزم دەدات. لێرە لە ئایرلەندای ئێستا بە زەقی ئەوە دەبینیت کە چۆن ئایرلەندای سەردەمی باڵادەستی کڵێسای کاتۆلیلی وڵاتێکی بێ رەنگی پڕ لەئازاری فاشیی بووە.  لەدونیایەکی وەهادا رۆژنامە ئەو دەروازەیەی دەخوڵقاند هەتا بتوانم ئەو پانتاییە بەرتەسکە بەجێبهێڵم. هەواڵەکان، وێنەکان، راپۆرتەکان. کە لەمێردمنداڵیمدا راگوازراین بۆ ئۆردوگای سمود [رزگاری] رۆژنامە زیاتر بوو بە بەشێک لەژیانم، چونکە سمود جگە لەدەشتێکی کاکی بە کاکی و کۆمەڵە ماڵێکی بێ ڕەنگ نەبێت هیچی تر نەبوو. من بۆ قوتابخانەی ناوەندیی رۆژانە دەهاتم بۆ کەلار، لەوێش هەوڵی کڕینی رۆژنامەم دەدا. زۆرجار بەبرسێتی چاوەڕێی گەیشتنی رۆژنامەم دەکرد لەبەغداوە. چاوەڕوانی کورد بۆ دەستی بەغدا، ناشیرینترین جۆری دەرۆزەکەرییە.  ئەو سەردەمە ڕۆژنامە عەرەبیەکانی لەندەن، بە تایبەتی رۆژنامەی العرب، ناو بەناو دەگەشتنە کەلار. 

وێنەو نووسینەکان دەیانبردم بۆ لەندەن. ئەمە ئەو سەرەتایە بوو پاشان لەڕادیۆی بی بی سیدا زیاتر گەیی. بی بی سی وێنەیەکیان بۆ لەندەن دەکێشا کە شارێکی پڕ لەپارکی گەورەیە. ئەو رۆژانە بە هاید پارک ئاشنابووم. لەندەن لە شارێک زیاتر بوو. پاشان لەڕێگای فیکتۆر هۆگۆوە ئەو پەیوەندییەم لە گەڵ پاریسدا دروستکرد، لە ڕێگای دبلنییەکانی جیمس جۆیسەوە، بە دبلن ئاشنا بووم. ئەم رەهەندە ژیارییە بۆ شارەکانی دونیای ئێمە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا بوونی نیە. 

هەرچەندە من ئەوەندە خوێنەری ئەدەبی کوردی نیم، بەڵام هەستدەکەم هێشتا شێوازە مارکیزییەکەی، کە بەختیار عەلی بەجۆرێک لە جۆرەکان کوردانویەتی، تێنەپەڕاندوە. پاموک کارێکی باشی لەسەر ئیستەنبول کردووە، بۆیە وەها دەڵێم چونکە ئیستەنبوڵ گەورەترین شاری کوردییە لەدونیادا. بەڵام ساڵانی غوربەت ئەو چاوە شاعیرییەی کوێرکردم. هەروەها خوێندنەوەی نووسینەکانی ئێدمۆند وایت، پاریسی لام گۆڕی بۆ شارێکی پڕ لەشەهوەت. وایت کە رۆماننووسێکی ئەمریکیە و زۆربەی ژیانی لەپاریس بەسەربردووە، چەندین کتێبی تایبەتی لەسەر پاریس و ژیاری پاریسی نووسیوە.

ئەم پەیوەندییە ڕۆمانسییەم هەتا درەنگانێکی تەمەن درێژەی هەبوو. بیرم دێت لە کامپی پەنابەران بووم لەوڵاتێکی ئەوروپی، هێشتا زمانی ئەو وڵاتە فێر نەبوبوم، رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی رۆژانە دەهات، بەردەوام وەک رۆتینێکی دینی چێژێکی باڵای پێدەبەخشیم. 

هەتا زیاتر گەورەبووم، باوەڕم بەوشەو نوسراوو هەواڵەکان و زیاترو زیاتر کول و ژەنگاویی دەبوو.  کە یەکەمجار توانیم ڕۆژنامە بە ئینگلیزی بخوێنمەوە بە گاردیان دەستمپێکرد. ئەو سەردەمە گاردیان بە قەبارەی گەورە بوو، بە تایبەتی رۆژانی شەممە، ژمارەیەکی زۆر تایبەت بوو. ئەو سەردەمە لە نهۆمی خوارەوەی ماڵی تۆم کویندا دەژیام، لە بنەوە ژورێکی نیمچە رووناکم هەبوو، لەوێدا رۆژنامەکانم هەڵدەگرت، پاش ماوەیەک بۆنی شێ و بێ جێگایی ناچاریان کردم دەستبەرداریان ببم.  رۆژی ٢٤ی نیسان یادی ١٢٤ ساڵەی رۆژنامەی کوردستانە. 

بە ناوەکەیدا روونە کەڕۆژنامەیەکی وەها پرۆژەیەکی لە پشت بووە، ئەویش کردنی کوردستان نەک هەر بە ناوێک بۆ رۆژنامەیەک بەڵکو بۆ پانتاییەک کە پێویستی بە ئەوەیە هەواڵی بزانرێت، ببێت بەناوێک بۆ شوێنێک، خەڵکەکەی بەڕووداوەکانی ئاشنا بن، هەروەها ئەوانی تریش دەربارەی بزانن. ئەم رەهەندە سیاسیی و خەباتییە، رەوایە لە قۆناغێکدا، بەڵام درێژەدان بەم شێوازە زیانی گەورەی لەدونیای رۆژنامەنووسی کوردی داوە. کە رۆژنامە ئەرکێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە خۆی دەپێچێت، ئەوا زیاتر دەبێتە پڕوپاگەندە و زەمینەی ئەوە دەسازێنێت کە بە ئاسانی ببێت بەئامرازو زۆرجار دژ بەکۆمەڵگا.  خەباتیی و سیاسی بوونی رۆژنامە، رێگرێکی گەورەبووە لە بەرەوپێشچوونی رۆژنامەی کوردی و بوونی بە بوارێکی پیشەیی و بە ئاگا لە تەکنیکە جیاوازەکانی زمان و نووسین و گێڕانەوە و ژانڕە جیاوازەکانی ئەو بوارە. ناتوانین بڵێین کە ئەمڕۆ لەسەرانسەری کوردستاندا شتێکمان هەیە ناوی ڕۆژنامە بێت، لە ئاستی هەبونی ژانرە جیاوازەکان، زمان، هەڵگری دیدو پەیوەست بە دونیاوە. 

پاش هەڵگرتنی ئامانجی گەورە، ڕۆژنامەکان لە سەردەمی مارکێتدا بوون بە بەشێک لە ئامرازی دەسەڵاتی کەس و کەسایەتی و بازرگانەکان. ئەمە لە کاتێکدا ڕودەدات کە زانیاری و مەعریفە لەهەموو ساتێکی تر زیاتر ئامادەیی و کاریگەری هەیە لە سەر سیاسەت لە دونیای ئێمەدا. 

نەبوونی ڕۆژنامە لە کۆمەڵگای کوردیدا وەهایکردووە کە ئەم کۆمەڵگایە پڕ بێت لە سەرچاوەی ئینفۆرمەیشن بۆ جەنگێکی جەنگەڵیی. میدیا بەشێکە لە رێگریی لە دروستبوونی پەیمانی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی کۆمەڵگای ئێمە لە دۆخی گورگەوە بۆ دۆخی مرۆڤ. دیارە گورگبوونی مرۆڤ، و گواستنەوەی بۆ مرۆڤبونی مرۆڤ، یەکێکە لە تێزە دێڕینەکانی بواری تیورەی سیاسی، هەموو دەزانین کە هیبز لە دی سیڤیدا، چی دەڵێت: Homo homini lupus ژمارەیەکی قەبەی وەک ١٢٤، ڕەنگە لە سەرەتادا مایەی خۆشحاڵی بێت. دەرخەری ئەوەبێت کە خەبات بۆ بوونی کوردستان کۆنترە لە شڕە وڵاتەکانی وەک عێراق و سوریا، یان تەنانەت تورکیای نوێ و ئێرانیش، بەڵام پاش ساتێک ئەو خۆشییە دەڕەوێتەوە بۆ خەمێکی قووڵتر.


AM:02:52:03/05/2022