تریفەی وشە
سەوسەن حەمەساڵح بەگ


تریفەی وشە، ٤٦٤ لاپەڕەی لەخۆی گرتوە، لە هەناوی ئەو لاپەڕانەدا ١٦٠ تریفە بە وشەی ئەکادیمی بەرجەستەکراو داڕێژراوە کە ئەتباتەوە باوەشی ڕوداو و بەسەرهاتەکانی ڕۆژگارو تەمەنی هەر یەکێکمان لە سەردەم و کاتی جیاوازی ڕێچکەکانی ژیان و بارودۆخی جۆراوجۆر لە ڕاستی، تراجیدیا، نەستەق و خۆشی.

تریفەی وشە ئەتکاتەوە بە میوانی سەردەمی زیندو (ئێستا)و سەردەمی ڕابردو و سەردەمی کۆن و گێڕانەوەی باوباپیرمان.

کاتێک ئەبومە میوانی هەر تریفەیەک لەو ١٦٠ تریفەیە هەستم بە ڕوداوەکان ئەکرد بەشێوەیەکی 3D  لەنێوان خوێندنەوەو وێناکردنی هەستەکانم بۆ هەستێکی بینراو و زیندو.

هەروەک مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم ئاماژەی پێداو زاراوەی (گوڵەوەچینی) پێناسەکرد بە کۆکردنەوەی ئەو گوڵە گەنم و جۆیانەی لە دەمی داسی دروێنەکار بەجێدەمێنێ و کوڕان و کچان و تەنانەت ژنانیش دەیان چنیەوەو سودیان لێ دەبینی.

هەر بەوشێوەیە منیش کاتێک دەستم کرد بە خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕی بابەتەکان(تریفەکان) هەستم ئەکرد زۆر تامەزرۆ و پەلەم بۆ تەواو خوێندنەوەی چڕو چنینەوەی وشە بەپێزەکانی ناو کانگای دێڕەکان.

لە هەمان کاتدا سەردانی کتێبخانەی گشتی بیرهێنامەوە کە جێگایەکی ئارام بو بۆ کەڵک وەرگرتن لە کات و خوێندنەوەی ڕۆژنامەو پەرتوکی جۆراوجۆر، دیارە بۆنی پەراو و پەرتوکی ناو خانەکان مێشکی خوێنەری زیاتر هان دەدا بۆ خوێندنەوە! ئەتوانم بڵێم منیش هەر لێرەدا گوڵەوەچنی بیر و یادگارییەکانم لە روانگەی بابەتەکەوە بەیاد هاتەوە.

گوڵەوەچن ئەو زاراوەیەیە تا کۆتایی کتێبەکە ئارەزو و هەڵپەی وشەکانت لا بەنرختر دەکات، چۆن گەنجینەی وشەکانتی پێ دەوڵەمەندتر بکەیت.

راستییەکی سەردەمی ئێستای بە یادهێنامەوە کاتێک باسی سەردانی بۆ مۆسکۆ لە زستانی ١٩٩٨ و بەهاری ٢٠٠٧ ئەوەی زیاتر جێگای سەرنج بو لەو سەردەمەدا پەرۆشی خەڵک بۆ خوێندنەوە لە ناو ترامدا! رایمانم لە جێگای خۆمەوە، بەڵێ ڕاستە لەو ساڵانەدا ئێمەش کە ئەچوینە ناو شەمەندەفەرو هۆکانی گواستنەوەو گەیاندن پڕمان بە ڕۆژنامەی (میترۆ)ی ڕۆژانە ئەکردو دەستمان بە خوێندنەوە ئەکرد تا ئەگەیشتینە جێگای مەبەست و ئەگەر  بابەتەکانی ناو رۆژنامەشمان تەواو نەکردبا ئەوا ئەمانبرد لەگەڵ خۆمان تا لە فرسەتێکدا درێژە بە خوێندنەوەکە بدەین! بەڵێ پێ بەپێی خوێندنەوەم بۆ تریفەی وشە ،یاگارییەکانیشم زیندو دەبونەوە. 

دیسان یەمەوە سەر زاراوەی گوڵەوەچنی پێ بە پێی گوڵەوەچنی مامۆستا مستەفا منیش گوڵەوەچنی بیرو یادگارییەکانی سەردەمی دور لە تەکنەلۆجیام  بەیاد ئەکەمەوە، رۆژانێک کە نرخی کات و شوێن بەهەند دەنرخا.

خوێندنەوەی هەر دێڕێک لە دێڕەکانی ڕاستی کات و شوێنی لە خۆی گرتوە کە وا لە خوێنەر دەکات گوزەر بەو ساتانە بکات کە تەمومژ لێڵی کردوەو تۆش خێرا خێرا لە دیدەی خۆتەوە هەوڵی تەکاندنی ئەو تەم و مژو لێڵییە ئەدەیت تا بیسەلمێنیت چەندە بە زێڕ نرخێندراوە تریفەی وشە.

جا مێژوش لێرەدا زیندوبونەوە بە خۆیەوە دەبینێ و ڕۆژانی خەباتی وڵات و خاک و گەلمان دێتەوە یاد! ئایا ئەم گوزەری تریفانە ناتباتەوە بۆ سەردەمی خوێندن و گوێ ئاگردانی ماڵە باپیران؟ بەڵێ من خۆم لەگەڵ ناوەڕۆکی بابەتەکانی مامۆستا ئەژیم زۆر بەوردی چومەتە ناوەڕۆکی هەستی بەردەوامی و ژیانی ڕاستەقینەم پێ ئەبەخشێت کە هەندێک بێ ئاگان لەم باس و بەسەرهاتانە کە پێویستە بزانرێت.

تا ئەم ساتە هەستەکەم تریفەی وشە سەرچاوەی گوڵەوەچنییەو پەلەپەلی خوێندنەوەی لاپەرە بە لاپەڕەم، یەک بە دوای یەک چێژی تایبەت و پەسەندی خۆیان هەیە.

خوێندنەوە خوێندنەوە، زۆر تامەزرۆم بۆ خوێندنەوەی وشە بە وشە تا بتوانم ملوانکەیەکی گەوهەری لێ بهۆنمەوەو گەردنی بۆچونەکانمی پێ بڕازێنمەوە.

گەورەیی ئافرەت و لێ بوردەیی دیسان گوڵەوەچنێکی کەیە بەرامبەر جەلادێک، چۆن ئازاری دەرون و تۆڵەی ڕۆژگار بە چۆکی دادێنێت لەبەردەم ئافرەتێکی قوربانی لە کاتێکدا بەراوردی کلتورو سەردەمی مرۆڤایەتی جیاواز لە چ ئاستێکی ئەشکەنجەدانی دڕندانەیین! لە کاتێکدا جەخت لەسەر وشیارکردنەوەی نەوەی ئایندەمان دەکات تا ببنە چینێکی ئەستور بۆ پاراستنی مافی مرۆڤایەتیمان وەک کورد لە دەست زوڵم و زۆری ئەنفالی ڕەش.

با بێینە سەر نەورۆزو پیرەمێرد (پیرەمێرد باوکی ڕۆحی نەورۆزە)، باوکی ڕۆحی هەستێکی زۆر گەرمە، کڵپەی نەورۆز هەمو هەستێکی دەمارە خوێنەکان ئەژیەنێتەوەو جا باوکێکی ڕۆحیش هەبێت کە پیرەمێردە. تا بێت جوانی و گەورەیی کوردستانەکەت پیرۆزتر دەکات! لەسەر ڕوناکی تریفەی وشەکانی مامۆستا مستەفا گوڵەوەچنی وشەکان و یادەوەرییەکانی ئێمەش ڕو لە زیادبونەو چاوەڕوانی بنیادنانی کێوێکی بەرزو سەختی (یادگاری و وشەی پڕ مانای) لێ دەکرێت.

هەزار درود بۆ گیانی پاکی نوسەری کوردمان مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم.

-awene


AM:05:31:16/05/2021