ڕونکردنەوەیەک لە دەزگای میدیایی کوردساتەوە
رانکۆ به‌کر


لە بارەی رووداوەكەی هەولێر، بۆردی بەڕێوەبردنی دەزگایی میدیایی كوردسات، ‏رونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە، رووداوەكە نە بە راستەوخۆ، نە بە ‏تۆماركراو، لە هیچ هۆكارێكی بینراو و بیستراو و سۆشیال میدیای كوردساتدا بڵاو ‏نەكراوەتەوە، ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە: ‏

‎روونكردنەوەیەك لە بۆردی بەڕێوەبردنی دەزگایی میدیایی كوردساتەوە
پاش ئەوەی ئەمڕۆ بەرواری 18/5/2021 ئاگاداری نوسینگەی هەولێری دەزگای میدیایی ‏كوردسات كرا، كە خۆپیشاندانی كوردانی ‏ڕۆژهەڵات لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان ‏‎بەڕێوە دەچێت، هەر بۆیە ئێمەش وەك كاری میدیایی خۆمان تیمێكی تایبەتمان ڕەوانەی ‏شوێنی خۆپیشاندانەكە كرد و پاش گەیشتنی ‏تیمەكەمان بۆ ئەوێ، بینرا دوو گەنج بە ‏مەبەستی داواكردنی مافی خۆیان سەردانی بارەگای‎ UN ‎كردبوو، دواتر دوای هاتنە دەرەوەیان ‏گەنجێكیان سكاڵای خۆی گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار و لە بەردەم میدیاكاندا هەڕەشەی ‏‏خۆسوتاندنی كرد، پاشان بە داخەوە ئەو ڕووداوە نەخوازراوە ڕوویدا، كاتێكیش رووداوەكە ‏بوە، تیمی ئێمە، كە خانمە پەیامنێرێك و كامێرامانێك بوون لەبەر ئەوەی پێشبینی وەها ‏ڕووداوێكیان نەكردبوو، جگە لە هاوار و قیژە چیتریان لە دەست نەهات
‎بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە، ئێمە لە دەزگای میدیایی كوردسات، لەگەڵ پاراستنی ‏ئیتیكی كاری ڕۆژنامەگەری و بەها ‏مرۆڤایەتیەكانداین و هەمیشە پێشەنگی پاراستنی ‏كەرامەتی مرۆڤ بووین‎. ‎

‎ ‎
‎دەزگای میدیایی كوردسات وێڕای داوای لێبوردن لەو گەنجە و خەڵكی كوردستان كە دەبوایە ‏زیاترمان بكردایە بۆ رێگریكردن ‏لەو رووداوە، بۆ  هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە بە ‏هیچ جۆرێك هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەكی ئەو ڕووداوە نە بە راستەوخۆ، نە بە تۆماركراو لە ‏دەزگای میدیایی ‏كوردسات پەخش نەكراوە و كوردسات جەخت دەكاتەوە وەك چۆن پێشتر و ‏بەردەوام، لەگەڵ پاراستنی ئیتیكی ڕۆژنامەنوسی و مافی مرۆڤدا بوە، و  هیچ كات لەگەڵ ‏گواستنەوەی روداوەكانی توندوتیژیدا نەبوە، و هیچ ‏كات دەزگای میدیایی كوردسات نەبوە ‏بەشێك لە هاندانی خەڵك بۆ ئەو جۆرە كارانە و لە مێژووی بیست و یەك ساڵی ‏كاركردنیشیدا  ‏بۆ یەكەم جارە ڕووداوی لەم جۆرە ڕوو بدات‎‏.‏

دەزگای میدیایی كوردساتیش لێكۆڵینەوەی خۆی لەگەڵ ئەو تیمەی كە ڕووماڵی ئەو ‏ڕووداوەیان كردوە دەست پێ كردوە، و هەموو ‏رێكارێكی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پەرەپێدان ‏بە ئێتیكی كاری رۆژنامەگەری و ئاستی پیشەیی كارمەندەكانمان‎ ‎
‎ئەم ڕووداوە وامان لێ دەكات وەك وانەیەك زیاتر سووربین لە سەر پاراستنی بنەماكانی مافی ‏مرۆڤ و راهێنانی زیاتری تیمەكانمان بۆ ‏ئامادەبوونیان لە رووبەرووبوونەوەی ڕووداوی لەم ‏جۆرەدا
هەرگیز دەزگای میدیایی كوردسات هیچ روماڵێكی لە ژیان و سەلامەتی مرۆڤ‎‏ پێ گرنگتر ‏نییە.‏‎ ‎

‎ ‎داواكارین لە خوای گەورە هەرچی زوە شیفای ئەو گەنجە بدات و هەموو لایەنەكانیش ‏ئاوڕێكی جددی لە خەم و كێشە و ‏گرفتەكانی گەنجان و هەموو چینەكانی تری كۆمەڵگادابن، ‏تاوەكو ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە
‎بۆردی بەڕێوەبردنی دەزگای میدیایی كوردسات





AM:02:02:19/05/2021