ئایا هەڵبژاردن دەکرێت؟
فارس نەورۆڵی

ئەمە پرسیارێکە وەڵامەکەی لای بەندە ڕوون نیە هەڵبژاردن دەکرێ یان ناکرێ، بەڵام ئەوەی دەیبینین حیزبەکان لەکەسی یەکەمەوە بۆ ئاستەکانی دیکە کەوتونەتە جموجوڵ بۆ چونە ناو خەڵک. لەلایەکی دیکەوە مەسەلەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان جگە لەوەی پرسێکی دیموکراتی کوردستان خۆیەتی، لە هەمان کاتدا بوە بە مەرجێکی نێودەوڵەتی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

 

چارەنوسی سیاسی هەرێم لای ئەوان بەسراوە بە هەڵبژاردن و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بۆیە دەبێ حزبی کوردی ئەم ئاماژەیە بەهەند وەرگرێت و ئەوەی لەسەر هاونیشتیمانیانی کوردستان پێویستە تێگەیشتنە لەوەی بەشداری کردن لەدەنگدان مافێکی هاووڵاتیە وەک بەشداری سیاسی بۆ دیاریکردنی چوار ساڵی حوکمڕانی.

 

لە دیدیی مندا وا باشە هاوڵاتیان بڕۆن بۆ دەنگدان و بایکۆت نەکەن، چونکە بایکۆت واتە زوڵم کردنە لە خۆت، کە مافێکی سیاسی خۆت لەبار دەبەیت جگە لەوە ئەزموون سەلماندی ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە پرۆسەی سیاسی تەندروست هەبێت وا باشە بایکۆت نەکەین بۆ ئەوەی بەجیهان بڵێین هێشتا ئومێد ماوە لە کوردستان دیمکوراتیەت ببێتە نموونەیەکی جوانی ناوچەکەو لەم ڕێگاوە گۆڕانکاری دەکەین، ئیتر گرنگ نیە تۆ سەر بە کامە حزبی، گرنگ ئەوەیە بەشداربیت. مەرجیش نیە سەر بە حزبێک بیت، دەکرێ وەک هاوڵاتییەکی کوردستانی بەشدار بیت لەپرۆسەی سیاسی و دەنگداندا بە بیرکردنەوەی خۆت و ویستی خۆت دڵخوازی خۆت هەڵبژێری.

 

بۆیە بۆئەوەی دۆستانی کورد لە جیهان نائومێد نەکەین و خۆشمان لە نائومێدی دەرباز کەین ئومێدمان بەم نەتەوەیە هەبێت ناکەوێت، چونکە قۆناغی زۆر سەختی دیوە لە مێژوودا، ئێستاش یەکێک لە ڕێگاکانی خەبات دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردنە وا باشە ئامادەبین بۆ بەشداریکردن نەک بایکۆت کردن.


AM:02:12:31/08/2023