دەس بە جوێنەوە بگرن
فارس نەورۆڵی

یەکێک لە جوانییەکانی کۆمەڵگای کوردی زمانشیرینی و زمان پاکی بووە، بەڵام ئێستا بۆتە زەلکا و ڤایرۆس بەرهەم دەهێنێ وەبەرهێنان لە جوێندا دەکەین بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، کە دەکرا جیاوازتر سودی لێوەربگرین، چونکە هەموو شت دوانەیە چاک و خراپ کەچی ئێمە بۆ خراپە بەکاری دەهێنین، هەتا وایلێهاتووە هەموو بەهاکانی کورد لە ژێر ترسی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندایە، چونکە ئەوە مرۆڤە مانا بە شتەکان دەداو بەهایان دەداتێ، ئێمە لەبری بەهادان بە جنێو هەموو شتمان بێ بەها کردووەو باشترین چالاکوان و میدیاکار لامان خراپترین جنێو فرۆشەکانە و جنێو فرۆشەکان بوون بە سیاسی و بیرمان بۆ دەکەنەوە.

هەر کارێکی باشیش ئەنجامبدەی کۆمەڵێک هەن هەر جنێو دەدەن، لە کاتێکدا سیاسەت واتە ئەخلاق و شەرەف و بە دەسهێنانی ناوبانگی جوان و مێژووی جوان واتە هونەری قسەکردن و پەروەردەکردنی کارەکتەرە نەک دروستکەری جنێوفرۆش، ئەوەی کارەساتە حزب لە کوردستان لەبری گەیاندنی پەیام و پەروەردە گروپی جوێندان دروست دەکات و وەها فەزاکەمان وێران کردووە هیچ هاوبەشییەکمان نەهێشتووە، بۆیە ناتوانین هاوکاری یەکتربین. کانت دەڵێ( ئەو شتانەی هیچ هاوبەشییەکیان نەما لە نێواندا ناشتوانن ببنە هاوکاری یەکتر) ئێستا ئێمە هەم جەستەمان بریندارە هەم ڕۆحمان، چونکە گروپی جوێن فرۆش وەک قاز ڕیزکراون بۆ جنێودان.

چۆمسکی باس لەو جۆرە کەسانە دەکات و دەڵێ( قاز ئاسا ڕیزکراون ئەو دروشمانە دەڵێنەوە کە لێیان چاوەڕوان دەکرێ بیڵێنەوە و کۆمەڵگاش لە ناوەوە دەڕوخێنن) ئەمە دەقاودەق لەم فەزای کوردستانە دەچێت هەندێ لایەن بیانەوێ خەڵکی چاک بشکێنن بە کۆمەڵێک زمان و قەڵەم قاز لە فەیسبوک وێرانی دەکەن، ڕێگری لەم پەتایە یان بە پەروەردە دەکرێ یان بە یاسا، هەرچەندە ئێمە لەتەک ئەم دوو چەمکەشدا کێشەمان هەیە، بۆیە مرۆڤە باشەکان دەبێ لە کاری خۆیان بەردەوامبن لەکاری چاکەو گوێنەدەنە جنێوفرۆشان و پەیامەکەی مەسیح بکەنە دروشمی خۆیان کە دەڵێ ( خودا لێیان مەگرە نەفامن) ئەگەر وانەکەن ئەوا لە کاروان دوادەکەون.

وەک وینستۆن چەرچڵ دەڵێ( بە ئامانجەکانمان ناگەین بەرد لە هەر سەگێ بگرین کە دەوەڕێ)چونکە جنێو فرۆشەکان کێشەی پەروەردەو ئەخلاقیان هەیە، ڕێز لە باوک و دایکی خۆیان و حزبەکانیشان ناگرن، چونکە ئەوەی سمبولی هەبێ پەیامی هەبێت جوێن بە کەس نادات بۆ ئەوەی جوێن بە سیمبولەکەی نەدەن. باشتریشە جوێن فرۆشەکان دەس بە جوێنەوە بگرن، چونکە ڕۆژێک دێت جوێنیان پێنامێنێ ئیتر ئاغاکانیان ئیشیان پێییان نامێنێ و بەرەڵایان دەکەن، ئەوکات سفر هیچ بەدەس دەمێنن و بەر نەفرەتی مێژوو دەکەون زۆریش بە داخەوە کۆمەڵگای کورد ی گەشتە ئێرە بەشێکی زۆری هیچ فەلسەفەیەکی نییە جگە لە جوێن.

-hawlati


AM:12:47:23/05/2021