کتێبخانە و من!
هاوڕێ باخەوان


زۆر منداڵ بووم کە، دەستم بە خوێندنەوە کرد. لە هەر شوێنێک کتێبێکم بدیایە وەک ماگنێت رایدەکێشام، دەمکڕی یان وەرمدەگرت و دەمخوێندەوە. هێشتا زۆر منداڵ بووم کە بوومە خاوەنی کتێبخانەیەکی خنجیلانە! ساڵ بە ساڵ ژمارەی کتێبەکانم زۆرتر دەبوون، تاوای لێهات لە پۆلی دووی ناوەندی لادیوارێک کتێبم هەبوو. هەمووشیم خوێندبووەوە. دیارە بە کتێبیشەوە نەدەوەستام و گۆڤار و بڵاوکراوەکانی بەیان، رۆشنبیری نوێ، رۆژی کورد، کاروان، هاوکاری و پاشکۆی ئێراق-م دانە بوێر نەدەکرد و تەنانەت ئەوانەشی کە (جاش)قەڵەمەکان بۆ شەڕی قادسیەیان دەنووسی ئەوانیشم دەخوێندنەوە.
 
ئەو کاتی کتێب زۆر نەبوون و من هەر زمانی کوردیم دەزانی و بەو زمانە دەمخوێندەوە. هەندێک جار کە کاروان یان بەیان دوادەکەوت، ژمارەکەی پێشووترم جارێکی دیکە دەخوێندەوە.
 
کتێب بۆ من شتێکی ئەفسووناوی بوو، کاتێک دەمکڕی چەند خولەکێک لە بەرگ و ناوەڕۆکیم دەڕوانی. ئەگەر کتێبەکە کۆن و پەڕەی زەرد بووایە، بۆنیم دەکرد! ئەو پەڕە زەرد و مەرەکەبە شتێکی سەیر بوو بۆ من کە ئاسوودەی دەکردم!
 
هەر خۆشەویستیی خوێندنەوەش بوو، وایکرد هەر لە زووەوە دەست بکەمە نووسین. کتێب ببووە گرنگترین و جوانترین شمەکەکانی ماڵ لەلام، بچوومایەتە هەر شوێنێک سەیری دار  و دیوارەکەییم دەکرد، تاوەکو بزانم کتێب و کتێبخانەی تێدایە یان نا!
ئەوکاتەی بوومە خاوەنی لادیوارێک کتێب، لە دووی ناوەندی بووم، دروست ساڵی 1979. هاوینی ئەوساڵە بەهۆی (وەک دەڵێن) شۆڕتی کارەباوە نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەمان سووتا. وابزانم ئەوکات 500 بۆ 1000 کتێب و گۆڤارم دەبوو! هەموویان بوونە خۆراکی ئاگر، تەنانەت دەفتەری شیعرەکەشم سووتا. من بۆ کتێبەکانم زۆر گریام، زۆر زۆر! بیرمە تاکە کتێب کە بۆم دەرچوو نامیلکەی (زێڕینیای ئامێدی، کچە کوردی قارەمان)ی میرزا مەنگوڕی بوو. ئێستاش ئەو کتێبەم بە یادی یەکەم کتێبخانەی خۆم لە هۆڵندا پاراستووە.
 
رەوانشادی باوکم زۆر دڵی دامەوە کە هەموویم بۆ بکڕێتەوە. هەر زوو بە کاک عومەری مەکتەبەی سلێمانی-ی گوت کە زۆر دۆستی بوو و زوو زوو لەوێ دادەنیشت، کە هاوڕێ هەر کتێبێکی برد پارەی لێوەرمەگرە و خۆم چارەسەری دەکەم. سوپاس باوکە گیان، کە زوو منت کردەوە خاوەنی کتێبخانە.
 
تاوەکو گەییشتمە زانکۆ کتێبخانەکەم بووەوە زۆرتر لە هەزار. لە زانکۆ، لە یەکەم رۆژی خوێندنمدا لە کۆلیژی یاسا لە زانکۆی موسڵ، کاک (هەژار کامەلا)م ناسی، خوێنەرێکی باش بوو و هەر زوو بووینە دوو هاوڕێ و تاوەکو رۆژی ئەمڕۆش بووینە هاوڕێی تەمەن.
 
رۆژانە پاش دەوامی خوێندن و نانخواردن، هەژار و من دەوکەوتینە کتێبخانەکانی موسڵ، کە زۆربەیان لە ناوچەی دەواسە بوون. ئیدی لەو ساڵەوە سەرباری خوێندنەوەی کوردی، عەرەبیشمان دەخوێندەوە. هەرچی سەبارەت کورد و کوردستان بووایە، یان پەیوەندیی راستەوخۆ، ناڕاستەوخۆی بە ئێمەوە ببووایە دەمانکڕی و دەمانخوێندەوە. پارەی من و هەژار کە لە ماڵەوە وەرماندەگرت لەگەڵ ئەو پارەیەی ئەوکات لە زانکۆ وەک یارمەتیی دەوڵەت وەرماندەگرت کە 20 دیناری ئەوکات بوو، بۆ سێ شت دەڕۆیشت، خواردن، کرێی پاس و تاکسی تاوەکو ئەو بچێتەوە هەولێر و منیش بۆ سلێمانی، سێیەم و زۆرترینی بۆ کتێب بوو. کە زانکۆم تەواوکرد، کتێبخانەکەم ببووە باشترینی ئەو سەردەمە و هەزاران کتێبم هەبوو. بیرمە مامۆستا جەمال رەشید ئەحمەد هاتە ماڵمان و کە کتێبخانەکەمی بینی حەپەسا، کە من بەو تەمەنە کەمەوە کتێبخانەیەکی واهیم هەبووە! یادی بەخێر.
 
پاش راپەڕین، چوومە دەرەوەی وڵات، کتێبخانەکەمم جێهێشت. هەندێکیانم بردنە هۆڵندا و هەندێکیان فەوتان و هەندێکیشیان ئێستاش لە ماڵی باوکمن.
 
لە هۆڵندا دیسان کەوتمەوە دروستکردنەوەی کتێبخانەکەم، کەم گەشتی گەڕانەوەم لە کوردستانەوە بۆ هۆڵندا بووە کە کتێبم پێ نەبووبێت. یان هاوڕێ و خزمانم لە گەڕانەوەیاندا کتێبیان بۆ نەهێنابم. تەنانەت هاوژینەکەم لە گەشتێکیدا تەواوی گۆڤارەکانی کۆڕی زانیاریی کوردی بۆ هێنام و هەمووی بە کۆڵ لە سێمالکا بۆ رۆژئاوا پەڕاندبووەوە!
 
لە ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە، کەمە کەمە کتێبی ئەلەکترۆنی پەیدابوو. من هەرچییەکەم بەردەست بکەوتایە لای خۆم دەمپاراست. ئیدی وردە وردە زۆر بوون و دۆزینەوەیان لەسەر کۆمپیوتەر و هارد دیسکەکانم ئاسان نەبوون، هەر کتێب نەبوو بەتەنیا، گۆڤار، رۆژنامە، وێنە، دۆکومێنت و زۆری دیکە..
 
دۆزینەوەی ئەوانە بۆ من ئاسان نەبوون، چونکە هەندێکجار دەمویست وەک سەرچاوە بۆ نووسینەکانم بەکاریان بێنم، هەربۆیە بۆ ئاسان دۆزینەوەیان ماشێنێکی گەڕانم بۆ خۆم دروستکرد تاوەکو بەئاسانی بیاندۆزمەوە و پاشتر بووە سەرەتای دامەزراندنی داتابەیس و فایلنامەی کوردیپێدیا.
 
وازم لە کتێبخانە هێنا و ئەو کتێبانەشی کە پێویستم نەبوون، بەخشیمن. ئێستا هەرچەند سەد کێبێکم ماوە کە زۆرم خۆشدەوێن، کۆنن یان وەک دیاری پێشکەشیان کردووم و پاراستوومن.
 
ئێستا و لەم رۆژانەدا (سەرەتای مانگی مای 2021) ژمارەی کتێبخانە دیجیتاڵییەکەی کوردیپێدیا بووەتە دەستەیەکی هەزاری. بە هەوڵی کوردیپێدیا و هاوکارانم، هەموو تاکێکی کوردمان کردووەتە خاوەنی دوازدە هەزار کتێب! مۆبایڵەکەت بکەرەوە و سەیری کتێبخانەی کوردیپێدیا بکە، دەبینی کە خاوەنی دوازدە هەزار کتێبی! کتێبەکان هەموویان سەبارەت کوردستان و کوردن، فرە زمانن، پۆلێن کراون و بە ئاسانی بە ناو یان ناوی نووسەر، وەرگێڕ، وەشانخانە دەیاندۆزیتەوە. یاخود پۆلەکەی؛ رۆمان، مێژوو، ئایین، هۆنراوە و هتد.
 
هیوادارم لەگەڵ هاوکارانم لە داهاتوودا ئەو دووازدە هەزارە بکەینە دوو هێندە و زۆرتریش. لێرەدا جێی خۆیەتی کە بڵێم:
کوردیپێدیا بەهیچ جۆرێک، هیچ پەڕتووکێک لە کاغەزەوە دیجیتایز ناکات، هەر پەڕتووکێک لەم پەڕتووکخانەیەدا لەلایەن کەس و رێکخراوانی سێیەمەوە دیجیتایز کراوە و کوردیپێدیاش وەریگرتووە یان لە خاوەنەکەیەوە بۆمان نێردراوە.
 
ئەگەرچی ئێستا بەهۆی کوردیپێدیاوە ئێمە خاوەنی یەکەم گەورەترین، یان یەک لە گەورەترین کتێبخانە دیجیتاڵەکانین، بەڵام هەر بیری کتێبەکانی جارانم دەکەم. بیری چاپە کۆنەکەی تاریک و روونی هێمن و چەپکێک لە گوڵزاری نالی دەکەم. بۆنی کتێبە کۆنەکان هەر لە لووت و مێشکمدا ماون!
 


AM:12:03:24/05/2021