رۆڵی زانستی مێرووناسی لە لێكۆڵینەوەی تاواندا
پروشە قەلەندەر كەسنەزانی


زانستی مێرووی تاوان ئەو زانستەیە كە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسرێت و وەك ڕێگایەك بەكاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە راستی و دۆزینەوەی هۆكاری روودانی تاوان . 

هەموو تاوانێك كە روو دەدات كۆمەڵێ شوێنەوار ( ئاسەوار ) بە جێ دەمێنێت لەدوای خۆی و وە مێرووش یەكێكە لەو ئاسەوارە گرنگانە كە بەجێ دەمێنێ لە دوای رودانی تاوانەكە و وەك بەڵگەیەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت لە شانۆی تاواندا وەك تاوانەكانی كوشتن (قتل)، خۆكوشتن (انتحار ) یان دەست درێژی سێكسی (اغتصاب) . 

لەم ڕووەوە زانستی مێروو بە شێوازی جیاواز سوودی لێوەردەگیرێت لە بواری پزیشكی دادوەری و لێكۆڵینەوەی تاواندا . زانستی مێرووناسی بەشێوەیەكی گشتی چەند لقێك لە خۆ دەگرێت كە گرنگترینیان ئەمانەن : 

یەكەم/ زانستی مێرووی شارستانی ( Urban Entomology) 
ئەم زانستە ئەكۆڵێتەوە لەو مێرووانەی كە لە بینا و باڵەخانەو خانوودا دروست دەبن بە هۆی كۆنیانەوە بێت یاخود هەر هۆكاری تر بێت وەك گۆڕینی ژینگەو بەكار هێنانی بەردەوام ئەو شوێنە دروست دەبێت. 

دووهەم / 
زانستی مێرووی خۆراكی خەزن كراو ( Stored products Entomology )
لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو مێرووانە دەكرێ كە بەهۆی خواردنی هەڵگیراوەور كە خەزن كراون دروست دەبێت  وەك دانە وێڵەكان یان هەر بەرهەمێكی خۆراكی تر . 

سێهەم/ زانستی مێرووی پزیشكی تاوانناسی
‏( Forensic Medico­legal Entomology )
ئەم زانستە بەكاردێت بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی توندوتیژی وەك كوشتن (قتل)، خۆكوشتن (انتحار ) یان دەست درێژی سێكسی (اغتصاب) 

چوارەم / 
زانستی ژەهری مێروو  ( Entomo­toxicology)
كە سوود دەبینرێت لە مێروو بۆ زانینی هەر ژەهرێك لە لاشەكە هەبێت كە لە رێی پشكنینی سامپڵێك لە مێرووكە و بردنی بۆ تاقیگە وە بزانرێت كە ئایە ئەم ژەهره پەیوەندی هەیە بە لاشەكە یان نا . 

گرنگی  بەكار هێنان و سوود وەرگرتن لەم زانستە چیە ؟ 
یەكەم / بۆ دیاری كردنی كاتی رودانی تاوان 
لە بواری لێكۆڵینەوەی تاواندا پزیشكی دادوەری چەندین رێگای هەیە بۆ دۆزینەوەی كاتی مردن ، ئەم زانستە ش وەك یەكێ لە رێگاكان بۆ كاتی مردنی لاشەكە سوودی لێ وەرئەگرێت . ئەوەش لە رێی جۆری مێروو وە تەمەنی هێلكەی مێرووەكە وە درێژی و گەورەیی مێرووەكە و زۆر بوونی مێرووەكان دەتوانرێت بگەیتە ئەنجام و دەر بكەوێت كە  كەی لاشەكە مردووە. 

دووهەم/ بۆ دیاریكردنی لایەنی جوگرافی رودانی تاوان .
هەروەها لە ڕووی جوگرافیەوە مێرووەكە دەری ئەخات جوگرافیای لاشەكە لە چ ژینگەیكدا بوە بۆ نموونە ئەگەر ژینگەی داخراو بێت ئەوا مێرووەكەی جیاوازە وەك لە ژینگەی كراوە . یاخود نەبوونی هیچ مێروویەك لە دەوری لاشەكە ئەوا دەر ی ئەخات كە لاشەكە یان لە سەلاجە دا بوە یان لە ژینگەیەكدا هەڵگیراوە كە مێروو پێی نەگات .
 بەتایبەت لە روی جوگرافیاوە سودی دەبێت ئەگەر لاشەكە لە شوێنێكی تر كوژرا بێت وە گواسترابێتەوە بۆ شوێنێكی تر ئەوا مێرووەكە بڵاو دەبێتەوە پاش ماوەی  مێرووەكە دەر ئەكەوێت لە كوێوەوە گواستراوەتەوە .
یاخود هەندێ مێروو هەیە تایبەتە بە ناوچەیەكی جوگرافیای دیاری كراو وە كاتی گواستنەوەی لاشەكە دەر ئەكەوێت ئەم لاشەیە سەرچاوەی لە كوێوەیە سەر بە چ ناوچەیەكە . 

مێروو چۆن داخڵی گیانی قوربانی ئەبێت ؟
زۆربەی كات لەبەشە كراوەكانی لاشەی مرۆڤ ئەم مێرووانە دەچنە ناوەوەی لاشەكە وەك دەم ، لوت، گوێ ، شوێنی برین هتد ....
وە هەمیشە مێروو دەگەرێت بە دوای شوێنێكدا كە بتوانێت هێلكە و گەراكانی دانێ . بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بەرگولە كەوتبێ ئەوا یەكەم شوێن لە ناو برینی گولە كە ئەم مێرووە  هێلكەكانی دا ئەنێ. 

پ/ چۆن پشكنین بۆ مێروو دەكرێت ؟
 بردنی سامپڵێك لە مێروەكە بۆ تاقیگە دەتوانرێت  دەری بخات كە پێكهاتەی لاشەكە چی تێدایە .

بۆ نموونە ئەگەر مردووەكە مادەی هۆشبەر ( كۆكایین) لەلا شەكەیدا هەبێت ئەوا مێرووەكانی لاشەی ئەو كەسە زوتر گەشە دەكەن گەورەدەبن بە خێرایی زوتر زیا دەكەن . یان ئەگەر لاشەكە ژەهراوی كرابێت ئەوا لە تاقیگە دەردەكەوێت كە نمونەی مێروەكە ئەپشكێنرێت كە چ جۆرە ژەهرێك بەكارهاتووە .

پ/ ئایە زانستی مێروو لەو تاوانانەی كە ئەشكەنجەی تێدابووە سودی هەیە وەك بەڵگەیەك؟ 
ئەگەر هاتوو قوربانیەكە پێش گیان لەدەستدانی ئەشكەنجە درابێت ئەوا زانستی مێرووی تاوانناسی هۆكارێك دەبێت بۆ ئاشكرا كردنی ئەو حاڵەتە.

بۆ نموونە ئەگەر قوربانیەكە بۆ ماوەیەكەی زۆر بەسترابێتەوە نەهێڵدرابێت میز بكات ئەوا دەرچەو میزەڕۆی كەسەكە مێرووی دەبێت وە دەر ئەكەوێت كە قوربانیەكە ئەشكەنجە دراوە بۆ ماوەیەكی زۆر میزی نەكردوە .یان ئەگەر قوربانیەكە  لە كاتی ئەشكەنجەدا لە هۆش خۆی چوبێت و بۆ نموونە چاوی بریندار بوبێت ئەوا مێروو لە چاویدا دەرئەكەوێت . 

یاخود ئەگەر بەسترابێتەوە و شوینی بەستنەوەكە سوردەبێت وە دەبێتە برین و ئەو كات مێرووی تێ ئەدات ئەمەش بەڵگە دەبێت كە بەستراوەتەوە.

یان ئەگەر كەسەكە مردبێت بەهۆی پشتگوێ خستن و گوێ پێ نەدانەوە بێت بۆ نموونە كەسەكە لەخانەی بەساڵاچوواندا یان خانەی مناڵاندا بێت و بۆ ماوەیەكی زۆر دایپی نەگۆرێت ئەوا جۆرێ مێرووی تایبەت هەیە كە ئەیاتە دایپیەكە و وە دەرئەكەوێت كە ئەم قوربانییە پشت گوێ خراوە و خزمەت نەكراوە.

پ/ ئایە جۆری مێرووەكە دەگۆڕێت بەپێی قۆناغی شی بونەوەی لاشەكە ؟ 

مێروو بەپێی قۆناغی شیبونەوەی لاشەی كەسەكە دەگۆرێت . هەندێ مێروو لەسەرەتای شیبوونەوەوە دەگاتە لاشەكە وەك مێشی شین  ، بەڵام جۆری تر لە مێروو دوای بۆگەنبوون و شیبونەوەی لاشەكە  بەدەردەكەوێت وەك قالۆنچە.  

وەك باسمانكرد زۆربەی كات لە شوێنە كراوەكانی لاشەی مرۆڤ ئەم مێروانە دەچنە ناو لاشەكە و هۆكارێك دەبن بۆ شیبونەوەی لاشەكە . وە جۆری مێروەكان زۆرن و لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت لە نموونەی ئەو مێرووانەش ( مێشی شین ، قالۆنچە ، كرم ، جاڵجاڵۆكە ، سیسرك ، هتد ....) 

تێبینی / ئەم بابەتە تەنها كورتەیەكە و بە شێوەیەكی گشتیە كە تەنیا مەبەست ئاشنا كردنی خوێنەر بەم زانستە و وەك زانیاریەكی گشتی لە بواری لێكۆڵینەوەی تاواندا باسم كردوە چونكە ئەم زانستە زۆر وردو بەرفراوانەو لە پۆستێكدا هەر ئەوەندە دەتوانرێت ئاماژەی پێ بكرێت . 

پارێزەر/ پروشە قەلەندەر كەسنەزانی 
ماستەر لە لێكۆڵینەوەی تاوان / بەریتانیا

AM:12:29:25/05/2021