هەگبەی ژن بە شکاندنی بێدەنگیی، دۆخەکە دەگۆڕێت
کنێر عەبدوڵڵا

زۆرن ئەو ژنانەی بەهۆی سەیرکردن و کورتکردنەوەیان تەنها لە جەستە و سەرچاوەی چێژوەرگرتن و تەنها لەبەر ئەوەی لەرەگەزی مێ-ن لە لایەن هەندێک لە پیاوانەوە دووچاری جۆرەکانی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، ئیدی لەنێوەندی خێزانەکاندا بێت یان دەرەوەی؛ وەک شەقام بێت یان کوچە و کۆڵان، بازاڕ و تەنانەت شوێنە گشتییەکان و نێوەندی کارکردن، لە بەرامبەردا ژنان دەکەونە نێو دوو هەڵوێستەی جیاجیاوە؛ ئەگەرچی ئەم دیاردەیە جیهانییە و هۆکارەکانیشی جیاوازن.

دەستدرێژی سێکسی دژ بە ژنان؛ هەموورەفتارێکی زۆردارانە و وەرسکردن دەگرێتەوە کە پیاو دەیکاتە سەر ژن، بێ رەزامەندی و ئارەزووی ژنەکە؛ بەمەبەستی چێژوەرگرتنی سێکسی کە شێوازی جیاجیا دەگرێتەخۆ؛ هەر لە جۆری سەیرکردن و هێماکردنی وشەوە تا دەگاتە نزیکبونەوە و دەستبۆبردن بۆ ئەندامانی هەستیاری جەستە و نەمانی پەردەی کچێنی؛ ئیدی دەستدرێژبۆکراوەکە باڵاپۆش بێت یان سفوور، گەنج بێت یان پیر، رەشپێست بێت یان سپیپێست، یاخود گەر لە رووی نەتەوە و ئاین و ئایدۆلۆجیی و جوگرافییەوە جیاواز بێت.

هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە؛ فرەهۆکارە لەوانە؛ ناهۆشیاریی تاک، لاوازیی سستمی پەروەردە، پێواری ئەمن و ئاسایش، نەخۆشی دەروونی، لاوازیی رۆشنبیریی سێکسی، نەناسینی خود، پیشخواردنەوە (کبت)ی سێکسی، عەقڵیەتی پیاوسالاری و کەناڵەکانی راگەیاندن و باڵادەستی و زاڵێتی دەسەڵات.

ئاسەوارەکانی بۆ سەر ژنان؛ فرە لایەنە و کاریگەری دەبێت لەسەر لایەنی دەروونی و جەستەیی و تەندروستی؛ بەشێوەیەک دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی و نائومێدی دەهێنێتە ئاراوە و بەگشتیش مەترسیداری و ناسەقامگیری بۆ نێو کۆمەڵ دروست دەکات.

هەڵوێستی ژنان لە کاتی رووبەڕووبونەوەیان بەم دیاردەیە جۆراوجۆرە؛ هەندێکیان لەکاتی روداوەکە قسەکەر دەبن و دەبنە وەڵامدەرەوەی کەسی دەستدرێژکار ئیدی؛ لەرێی وشەوە بێت یان گەیاندنی بە یاسا؛ هەندێکی تریان بێدەنگی هەڵدەبژێرن بە پاساوی ئابڕووچوون، نەنگیی، شەرم، بێ پشتیوانی، بێ بەڵگەیی، ترس، لاوازی هۆشیاری لە درککردن بە مەترسی مەسەلەکە، ناسەروەریی یاسا و لەدەستدانی کار و هتد.

ئەزموونەکان دەریانخستووە بە شکاندنی بێدەنگی دۆخەکە ئەگۆڕێت رووە و ئەرێنی، لە لایەک قسەکردنی ژنان دەبێتە هۆکارێک بۆ رێگریکردن و سڵکردنەوەی ئەنجامدەری تاوانەکە کە نەتوانێت بە ئاسانی دووبارەی بکاتەوە، لە لایەکی دیکە دەبێتە یارمەتیدەر و چاولێکردن و هاندەری ژنانی دیکە کە بە متمانەبوون بەخۆیان و بێسڵەمینەوە رووبەڕووی تاوانبار ببنەوە، چونکە دەرئەنجام ئەوە دەستدرێژکارە کە دەبێت لە رەفتارەکەی سڵبکاتەوە و سزای خۆی وەربگرێت؛ نەک کەسی قوربانی.

ئەوەی لێرەدا گرنگە کارکردنە بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی دژ بە ژنان و جێبەجێکردنی؛ بە مەبەستی سزادانی ئەنجامدەر. بوونی ئەم دوو کارەش پێکەوە دەبێتە هۆی نەمان یان کەمکردنەوەی دیاردەکە، چونکە دواجار بەردەوامیەتی؛ نەک تەنها مەترسیدارە بۆ خودی ژنان؛ بەڵکو بۆ کۆی دواکەوتوویی و شڵەژان و نائارامیی لە کۆمەڵدا و هەرەشە بۆ سەر خێزانەکان؛ وێڕای کارکردن بۆ هۆشیاریی تاک پێویستە کە دەکەوێتە ئەستۆی سستمی پەروەردە و کەناڵەکانی راگەیاندن و خودی تاکەکان.

-knwe


AM:04:32:02/09/2021