تەمەنم تەنها ١٩ ساڵ بوو ئەو کاتەی پەیوەندیم بە کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە کرد ! سەرەتا لە قەزاکانی بەردەڕەش و شێخان و ئاکرێ و موسل و دەوروبەری وەک پەیامنێر و وێنەگر و مۆنتێر دەستبەکاربووم ، من هیچم لە بارەی کامێرا و مۆنتاژەوە نەدەزانی ، بڕیارم دا لەماوەی یەک حەفتە هەم مۆنتاژ و هەم کامێرا و وێنەگری فێر ببم ، هەرچەندە بەلامەوە هێندە ئاسان نەبوو ، بەلام کەمتر لەوادەی دیاریکراو شارەزایم لەو بوارانە پەیاکرد و نەمدەهێشت جگە لەخۆم کەس راپۆرتەکانم تەسویر و مۆنتاژ بکات ، خۆم هەولم دا و فێر بووم ، لەماوەی سال و نیوێک سەدان راپۆرت و فیچەرم لەو ناوچەیە دروستکرد.
لەگەل سەرهەلدانی چەکدارانی داعش بە تامەزرۆیەوە حەزم دەکرد بەشداری شەڕەکان بکەم ئەگەرچی تەمەنم بچوک بوو ، بەلام سەرکێشیەکانم بەردەوام بوو لە سالی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ بە بەردەوام دەچومە سەنگەرەکانی شەڕ و هەواڵ و زانیاریەکانم دەگواستەوە لە عێراق و رۆژئاوایی کوردستان.
گەنجێک بووم تموحم هەبوو و هەوڵم بۆ کاری باش و جوان دەدا!
دوای کارکردنم وەک پەیامنێر و مۆنتێر و وێنەگر ، هیوایەتم ئەوەبوو بەرنامەیەک پێشکەش کەم ، پێنج ساڵ پێش ئێستا داوایان لێ کردم بەرنامەی سەکۆ پێشکەش کەم ئەگەرچی بەلامەوە قورس بوو بەلام پێم وابوو دەتوانم ، توانیم یەکەم بەرنامە بەسەرکەوتویی پێشکەش کەم و بینەری باش و کاردانەوەی هەبوو ، ئەو کات زانیم بەلێ دەتوانم کاری قورستر بکەم و سەرکێشیەکانم بەردەوام بوو ، ئەگەر چی تا ئێستا بەردەوام بەرنامەکە پێشکەش دەکەم ، لەپال ئەودا حەزم ئەکرد بەرنامەی تریش پێشکەش کەم لەو ماوەیە چەند بەرنامەیەکی تایبەتم تۆمار کرد و لەوەشا سەرکەوتووبوم.
جوگرافیایی کارەکانم گۆڕی!
٤ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ٢٠١٧ ، بڕیارم دا جوگرافیایی کارکردنم لە ئێن ئاڕ تی بەرفراوانتر بکەم ، جگە لە تەغتیەکردنی رووداو پێشهاتەکانی موسل و ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش ، هاتمە ناو سەنتەری شاری دهۆک و تەغتیەیی سەنتەری شار و دەوروبەریشم دەکرد ، لەگەل کردنەوەی کەنالی ئێن ئاڕ تی ٤ ، بەرنامەیکم لەوێش پێشکەش کرد و دەرفەتم بە دەیان ماموستای ئاینی و گەنجی ناوچەکە دا کە بەرنامە بکەن و دەرکەون لە شاشەکە.
سەرکێشیەکانم بەردەوام بوون!
لەگەل ئەو کارانەی کە ئێستا و لە رابردودا کردومە و دەیکەم هەولم بۆ فێر بوونی کاری نوێ دا ، لەماوەیەکی کەم هەر لە ئێن ئاڕ تی فێری کاری فۆتۆشۆپ و دیزاین و گرافیک بووم و ئێستا بەشێک لە گرافیكەکانی ئێن ئاڕ تی دەکەم.
بەردەوامی!
ساڵی ٢٠٢٠ و لەگەل داخستنی ئۆفیسەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک ، بۆماوەی نزیکەی ٤ مانگ ، چومە ئۆفیسی سەرەکی کەناڵ و نەمویست لە کارەکە و خزمەتکردنی خەلک و شاشەکە دا ببڕێم و لەوێ بەردەوامیم بە کارەکانم دا ، ئەگەرچی بە هەموو شێوەیەک کارکردن لێمان قەدەغەکرابوو ، بەلام من رۆژانە راپۆرت و بەرنامەم دەکرد و نەمدەهێشت خەلکی بادینان بێ بەش بن لە شاشەکە ، لەو ماوەیە نزیکەی ٢٥ بەرنامە و ٨٥ راپۆرتم لە هەولێر و دهۆک کرد تا نوسینگەکانمان کرایەوە.
کۆڵنەدان!
لەگەل داخستنی ئۆفیسی سەرەکی لە شاری سلێمانی لەلایەن یەکێتیەوە ، ئێن ئاڕ تی بەخشی لە ئەوروپا دەسپێکرد ، لەگەل بەشێک لە هاورێیانی ئێن ئاڕ تی رۆژانە چەندین دیزاین و هەوال و راپۆرتمان دروستدەکرد و شەوانە کاتژمێر ٨ پەخشدەکرا ، نەمادەهێشت خەلک لە ئێن ئاڕ تی داببڕێن ، تا ئۆفیس کرایەوە بەم شێوەیە کارمان دەکرد ، کە رۆژانە نزیکەی ١٢ کاتژمێری بێ وەستان کارمان دەکرد.
رێگریکردن و گرتن و سنوردارکردنی کارەکانمان لایەن دەستەڵاتەوە!
لە ماوەی کارکردنمان چەندین جار لە لایەن دەستەلاتەوە تووشی لێدان و گرتن و سوکایتی پێکردن و هەرەشە بوینەتەوە بەلام بەردەوام بووین و نەوەستاین.
قسەی خەلک!
لە سەرتادا زۆر کەس ویستیان بەهەر شێوەیەک بێت ساردمان بکەنەوە و کارەکانمان لەبەر دل ساردکەنەوە بەلام بەردەوام بووم و گوێم بە قسەی کەس نەدەدا ، هەمیشە بە ئێستاشەوە سەیری دواوە ناکەم و هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێم ، چونکە پێم وایە گەر سەیری دواوە بکەیت و بوەستی کارەکان و ئامنجەکانیشت دەوەستێ و ئیتر ناتوانی بەردەوام بیت.
ئەرک و بەرپرسیارەتی!
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ ئێن ئاڕ تی شەرەفی ئەوەی پێ بەخشیم کە ئەرکی بەرپرسیارەتی نوسینگەی دهۆکی پێ دام و نزیکەی ٧ مانگە لەگەل ئەنجامدانی کارەکانم کە بەرێوەبردنی پەیجی ئێن ئاڕ تی بادینی و بەرنامەی سەکۆ و مینبەر و راپۆرتەکانی رۆزانە بە سۆرانی و بادینی و مۆنتاژ و زۆرجار تەسویر و فۆتۆگرافی...هتد ئەرکی بەرێوبەرایەتی نوسینگەش بەرێوە دەبەم و بەردەوامم.
ئامانجم چیە؟!
لەگەل ئەو کارانەی کە لەم وێستگەیەدا فێر بووم و گەیشتوم بە بەشێک لەو ئامانجانەی کە خۆم هەمبووە ، تموحی زیاترم هەیە و دەمەوێ شتی نوێ فێربم و بیکەم ئەگەر چی بەربەست و ناخۆشی هەبێت بەلام کۆل نادەم و بەردەوامم دەبم تا ئەو کاتانەی دەگەم بەو ئامانجانەی کە لە مێشکم دا هەڵم گرتووە ، چونکە دەبێت گەنج خۆی خۆی پێ بگەیەنێت و ئامانجی هەبێت ، ئامانجی هەمومانە فێربین بەلام لەگەل ئەوەدا دەبێت کۆڵ نەدەیت و بەردەوام بیت و بەردەوام سەرکێشی بکەیت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت.
سوپاسی!
سوپاس بۆ ئەو کەسانەی کە بەردەوام هاوکارم بوون و هانیانداوم بۆ کاری باش و سەرکەوتنی زیاتر بەتایبەت کاک شاسوار عەبدولواحید کە ئەو کات خاوەن کەنالەکانی ئێن ئاڕ تی بوو ، کاک ئاوات سەرۆکی دامەزراوەیی میدیایی نالیا ، کاک هەکار بەرپرسی بەشی بادینی و کاک سیپان بەرێوبەری ئەوکاتی نوسینگەی دهۆک و تەواوی هاورێکانی تر ، بەڵێنی بەردەوامی و کاری باشتر و جوانتر دەدەم لە شاشە رەنگینەکەی ئێن ئاڕ تی ، خزمەتکردنی خەلکی بادینانیش ئەرکە لە سەر شانمان بەهیواین هەمیشە ببینە دەنگ و رەنگی ئەوانیش.
رێز و خۆشەویستیم بۆ ئێوە