سەرۆکی هەرێم چەکوشی ڤیتۆ بەکاردێنێ؟
هیوا محەمەد

ئەوانەی ئەمڕۆ لەرێگەی دادگاییکردنێکی بێسەروبەرەوە دەستە دەستە خەڵک دەگرن و حوکمی زیندانی کردنیان دەدەن، گوایە بەتاوانی ئەوەی لە دژی حکومەت رەفتاریان کردووە، یان مەترسییان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست کردووە، سەردەمێک خۆیان دەیان وت گرتن و زیندان و ئەشکەنجە کۆڵمان پێنادات و بەردەوام دەبین لە وتنی راستییەکان، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی وتنی ئەو راستییانە بۆ ئەوان تاڵی دەبەخشێت و زیانی هەیە بۆ بەرژەوەندی و پلە و پایە و شکۆدارییان، دەبێت بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ کەسانی رۆژنامەنووس و چالاکوانان بکەن.

سەرەتا ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانەی بادینان بەوە تۆمەتبار کران کە پەیوەندییان بەسەفارەتەکانی دەوڵەتانەوە کردووە( سیخوڕی)، بەڵام دوای ناڕەزایی و سەرکۆنەی ئەڵمانییەکان و ئەوانی تر، لەو بڕگەیە پاشگەز بوونەوە.

ئەوان تاوانەکەیان (سیخوڕی) بوو، بەڵام ئێستا ئەوەیان لابردووە و هیچیش لە حکومدانەکەیان نەگۆڕاوە، هەر وەک ئەوەی ئەو بەندە لێکێندرا بێت بەتاوانبار کردنیانەوە تا خەڵکی پێ چەواشە بکەن، دەنا دەبوا لەگەڵ لادانی ئەو بڕگەیە سزاکەشیان لابردبا یان کەمیان بکردایەتەوە.

سەردەمی رژێمی بەعس بەسەدان کەسی سەر بە حزبی دەسەڵاتداری ئێستا و شۆڕشگێڕی رابردوو، لەسەر ئینتیمایان بۆ کوردستان نەک بۆ حزبیش، دەستگیر دەکران و ئازار دەدران و ملکەچ دەکران کە بەرامبەر ئازاد کردنیان هاوکارییان بکەن، ئەمانە لە رێگەی حزبە (شۆڕشگێڕەکەوە) ناڕەزایی لێ دەکەوتەوە و دونیایان لێ حاڵی دەکرد.

ئەوەی ئەم چەند کەسە کردویانە، نابێت سزای لە چەشنەیان بەسەردا بدرێت، ئەوان لەگەڵ هیچ هێزێکی دەرەکی دوژمنی هەرێم دەستیان نەبووە تا بەو شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، ئەگەر پەکەکە لای ئەوان لە ئەردوگان و تورکیا خراپترە ئەوە پێچەوانەکەی لای سەدان هەزار کەسی دانیشتووی هەرێم راستە.

ئەگەر ئەو چەند کەسە مەترسییان هەبووە بۆ سەر ئاسایشی هەرێم، ئەی خێرە هەرچی حزبی غەیرە پارتی هەیە سەرکۆنەی دەکەن و حوکمەکە بە ناڕەوا دادەنێن؟

ئەگەر ئەوان کاریان بۆ لایەنێکی تیروریست کردووە، ئەی خێرە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا داوای ئازاد کردنیان دەکەن؟

کەوابوو ئەمە تەنها لە رقێکی گروپییەوە سەرچاوە دەگرێت و لەرێگەی عینادییەوە ئەم کەیسە بەو ئاقارە دەبرێت.

سەدان کەسی دانیشتووی هەرێم لەلایەن تورکیاوە ناچار کراون کە زانیارییان پێبدەن سەبارەت بە پەکەکە، ئەی ئەمانە ناو دەنێن چی؟ خۆئەگەر پێتان وایە وانییە، ئەی ئەو هەموو سوپایە بە هەموو جۆرەکانییەوە، کۆماندۆ، میت، چەکداری کرێگرتە، چۆن دێنە ناو هەرێم و لەهەستیارترین شوێنی ئەم هەرێمەدا ئەوانە دەستنیشان دەکەن کە لە ئۆتۆمبیلەکاندان و دەیانکەنە ئامانج؟

دەبێت دادگای باڵای هەرێم چی بڵێت کە کار بۆ میتی تورکیا دەکەن؟ خۆ ئەمەش لە دژی ئاساییشی نیشتمانییە!

بڕیارەکەی دادگای هەولێر سەبارەت بەو کەیسە، مایەی خۆشحاڵی زۆرینەی خەڵکی هەرێم نییە، بەتایبەتی لە زۆنی سەوز، ئەمە جگە لە ناڕەزایی دەرەکی، بەڵام سوور بوونی ئەو دادگایە و یاریکردنی بە بەندەکانی سزاکەیان، ئەوەمان پێدەڵێت کە پارتی بە هیوای دوو شتە.

یەکەمیان ئەم کەیسە وەک خۆی دەهێڵنەوە تا سەرۆکی هەرێم دێتە سەرخەت و دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاردێنێت و بڕیاری سەرۆکایەتییان بە لێخۆشبوون بۆ دەردەکات، و لەگەڵیشیدا دەیکەنە پیاوەتی و هەستی مرۆڤانە و ریکلامی (بەدیموکراسی بوون).

دووەمیان ئەوەیە هەر سوور دەبن لەسەر ئەو بڕیارە و بەمەش دەیسەلمێننن کە هەژموونی تورکیا لەسەر چەقی حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی پارتی هەیە و ناتوانن لێی دەربچن.

جا ئەگەر سەرۆکی هەرێم بڕیاری ئازاد کردنیان بدا ئەوکات دەپرسین: چۆن ئەو 5 کەسە کە بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ پارتێکی (تیروریستی) و سیخوڕی کردن بۆ سەفارەتی وڵاتێک گیراون، بەفەرمانێکی ڤیتۆیی ئازاد دەکرێن؟ ئەی بۆچی تا ئێستا و چەندین مانگە گیراون و ئازار دەدرێن و خێزانەکانیان سەرگەردان بوون؟ ئەگەر بێتاوانن ئایا قەرەبووی ئەو ماوەیەیان دەکرێتەوە؟ یان دەکرێت بە فەرمانی سەرۆک، تاوانباری راستەقینە(بەو شێوەی تاوانبار کراون) لە زیندان بێتە دەر؟ دەنا ئەم سیناریۆ دروست کراوە نابێت بێ وەڵام بەجێبهێڵدرێت.

-knwe


AM:03:17:04/07/2021