نورەدینێك لەناو بانگەشەدا
رەحمان غەریب

لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، هەندێ گوتاری ئاگرین و باو، لە سەركردەی لایەنێكی هەڵبژاردنەوە بەس بوو بۆ جۆشدانی شەقامی بانگەشەكەران، بەڵام ئەوەی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە حەماسەت لە شەقامێكە، بانگەشەی لیستە ركابەرەكان لە شەقامێكی دیكە، تا هەنووكە هیچ كۆڵان و دوڕیانێك نەیگەیاندوون بەیەكتر.

حەماسەتی نورەدینی یەكێتی لەناو بانگەشەدا، شەقامی بێدەنگی و بایكۆت و خۆڵەمێشی توشی سەرسورمانكرد، ئەو پرسیارەی بێ وەڵام هێشتەوە كە ئاخۆ سەرچاوەی ئەو حەماسەتەی نوردەین لە كوێوە هەڵقوڵاوە و بۆ نەگوازراوەتەوە بۆ ئەودیوو؟ بۆ نورەدین گڕی بەردایە بانگەشەی یەكێتی؟ چاوەروانی نوردەین بوون یان كارەكتەرێكی تر؟  
بۆ ئەمجارە نورەدین دەركەوت ؟ چونكە لە بانگەشەكانی تر حەماسەت لە شێوەی نورەدین شەقامەكان و بنكەی هەڵبژاردنەكانی جۆش دابوو، ئۆتۆمبێلی پر لە گەنجی بەحەماس دیمەنەكەیان پر كردبوو لە سەماو هەڵپەڕكێ، یەكێتیش نورەدینی زۆر بوو، ئەم نوەردەینە گەر لەوێ بوایە ئەوەنە دەرنەدەكەوت.

خۆم مەعجیبم بەم كارەكتەرە، دەنگی من بۆ حزبەكەی نورەدین نییە، بەڵام لەناو ئەو هەموو سەركردایەتی و بنكە فراوانەی (ی.ن.ك)، یان ئەوانەی چاوەروانن داروپەردووی ئەم هەڵبژادنە بەسەر نوردەیندا بروخێ، ئەم خوڵقاندنی ئەم حەماسەتە بۆ حزبەكەی گرنگە.

چۆن دەنگدان مافە، دەنگنەدانی ئارەزوومەندانەیش هەر مافە، مەرجی كاریگەری هەردووكیان ئەوەیە بە هۆشیارییەوە پراكتیك بكرێن، چونكە  دیموكراسییەت لە سنودقی كەللەسەرەوە دەست پێدەكات نەك سندوقی دەنگدان، جۆرج تەرابیشی وای ووت. 

جا بۆ ئەوەی دەرئەنجامی باشت دەستبكەوێت، ئەبێت پێشتر هاوڵاتییەكی هۆشیار بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی پەروەردە بووبن، تا بریاری چوون و نەچوونی بۆ سەر سندوقی دەنگدان رەنگدانەوەی فەرهەنگی دیموكراسی بێت. 

بۆ نورەدین و هاورێكانی، ئەوانەشی لە شەقامی بایكۆتەوە بە سەرسوڕمانەوە تەماشایان كرد، بۆ هەموو لیستە ركابەرەكانی تریش كە چونەتە قۆناغی گەرمی بانگەشە( ئەوەی مەلا بەختیار بە قۆناغی داغی وەسفكرد) ئەو راستییە زۆر سادەیە بزانن: كەس ناتوانێت بە ناشیرینكردنی بەرامبەر نمونەكانی خۆی جوان بكات، ئەگەر لە بنچینەدا نمونەی جوانی پێشكەش نەكردبێت. 

ئینجا ئەبێت وا وێنای قۆناغی (داغ)ی بانگەشەی هەڵبژاردن بكەین كە مەبەست لێی "داغ"كردنی پرۆسەی دیموكراسی نییەو بانگەشە لە دروشمەوە بگوازینەوە بۆ واقیع، هاتوهاواری لیستە ركابەرەكان بگوازرێتەوە بۆ كردار، لە بەڵێنی رەنگاورەنگەوە ببێتە مەسەلەیەكی هەستپێكراو لە ژیانی هاوڵاتیان.

پاشان دەنگدەر مەكەن بە دوژمنی یەكتر، چونكە لۆژیك ئامادەیی هەبێت دوای دەنگدان، لە بەغدا كۆدەبنەوە، رێكدەكەون لانی كەم لەسەر خاڵە هاوبەشەكانتان و نورەدینیش لە شارەزورەوە نەك بە یەكێتی و گۆڕان بە هەمووان دەڵێت: پێكەوە بەهێزترن.

AM:12:52:07/10/2021