دادگاكان كراونەتە ئامرازی تۆڵەكردنەوە دژ بە ڕۆژنامەنووسان
نیاز عەبدوڵڵا
دادگاكان كراونەتە ئامرازی تۆڵەكردنەوە دژ بە ڕۆژنامەنووسان و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ، بۆیە ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری بێ باكانە بۆ جاری سێیەم لە ڕێگای هەڵبەستنی تۆمەتی ساختە و درووستكراو سزا دەدرێت، بەڵام بكوژانی ڕۆژنامەنووسان و ژنان و هاووڵاتیان، ئازاد و پارێزراون.

سەرۆكی حكومەت و دەزگا ئەمنییە حیزبییەكانی، بە لایانەوە ئاساییە بە چەكی مۆڵەتدار و بێ مۆڵەت ڕۆژنامەنووس بكوژن، بە لایانەوە ئاساییە ئەندامانی دەزگاكانیان لە سەر شەقام لە خەڵك بدەن و لەسەر فول لایت و پێچكردنەوەیەك تاوانی كوشتن ئەنجام بدەن، بەڵام ئامادە نین ئەو یاسایانەی دژ بە زیندانیانی بێتاوانی بادینان بەكاری دەهێنن، تاوانبارە حیزبییەكانی پێ سزا بدەن، لەبەرئەوە دەربازبوون لە سزا بۆتە سیمای حوكمڕانی هەرێمی كوردستان.

سزادانەوەی گوهدار بە شەش مانگ زیندانیكردن، لەناو بارودۆخێكی تەواو نایاسایی و لە ڕێگای درووستكردنی سێ شایەدحاڵی ناودەزگا ئەمنییەكان، دەرخەری بەردەوامی سووربوونی تۆڵەكردنەوەی سەرۆكی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكانیەتی لە زیندانیانی بادینان، ئەگەرنا چۆن تاپڕێكی باپیری كە لە كاتی دەستگیركردنی گوهدار لە ماڵی خوشكەكەیدا دەستی بەسەرداگیراوە، بە تەواوی دەگۆڕدرێت بۆ ئەوەی، گوایە لەناو ئوتومبێلەكەیدا دەست بەسەر چەك و تەقەمەنیدا گیراوە!

ئەنجامی دادگاكانی مەسرور بارزانی دژ بە رۆژنامەنووسان، بۆتە هۆی پەراوێزخستنی خۆی و هەرێمی كوردستان. بەردەوامی ئەم جۆرە سیاسەتە ستەمكارانەیە، جگە لە سزادانی رۆژنامەنووسان و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن، هەرەس و شكستی تەواوەتی بارزانی بەدوادا دەهێنێت.

AM:12:11:03/10/2023