تیرۆركردنی هەردوو رۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین لەلایەن دەوڵەتی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، جگەلەوەی شكست و ئاستی بێ توانایی ئەنجوومونی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان دەردەخات لە پاراستنی رۆژنامەنووسان و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە مەترسی و دەستتێوەردان و داگیركاری توركیا، هاوكات ئاستی مەترسی بەهێزی دەوڵەتی توركیا لەناو دەزگای دژە تیرۆری كوردستان دەردەخات، كە چۆن ئەو دەزگایە خراوەتە خزمەت دەوڵەتی توركیا و لەبری پاراستن و بەرگریكردن لە هاووڵاتییەكانی پاساو بۆ تیرۆركردنی دوو ژنە رۆژنامەنووس دەهێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەو رۆژنامەنووسانە لە جێبەجێكردنی ئەركی كاری رۆژنامەوانیاندابوون.
تیرۆركردنی گوڵستان و تارا لەلایەن دەوڵەتی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، یەكەم كردەی تیرۆریستی ئەو دەوڵەتە نییە، لە ٨ی تەمووز لە رێگای بۆردوومانكردنەوە تیمی رۆژنامەوانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم لە شنگال پێكران، بەهۆیەوە موراد میرزا ئیبراهیم بە سەختی برینداربوو، دوای مانەوەی چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە، ١١ی تەمووز گیانی لە دەستدا؛ هاوكات هەریەك لە رۆژنامەنووسان خەڵەف خدر و میدیا حەسەن بە سەختی بریندرابوون.
لە تەواوی تیرۆركردنەكانی رۆژنامەنووسان و شەهیدكردنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە رێگای هێرش و بۆردوومانەكانەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوڵەتی توركیای رووبەڕووی ناڕەزایەتی و ئیدانەكردن نەكردۆتەوە، بەڵكو بەڵگەكانی تاوانی جەنگیشی بۆ شاردۆتەوە و راپۆرتەكانی پزیشكی بە زانیاری ساختە و ناڕاست پڕكردۆتەوە لەبارەی هۆكارەكانی شەهیدبوونیان.
تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان هێرۆ و گوڵستان و موراد لەلایەن دەوڵەتی توركیا نابێت بە ئاسانی تێبپەڕێندرێت و قبوڵبكرێت، ئەرك و بەرپرسیارێتی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوەكانی بەرگریكردن لە رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییە دەنگیان بەرزبكەنەوە لەپێناو پاراستنی رۆژنامەنووسان و وەستاندنی تەواوی ئەو هێرشە مەترسیدار و كردە تیرۆریستیانەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.