ئازادی ژن مەرجە بۆ ئازادبوونی کۆمەڵ.
رێبین عومەر
چالاکییەکانی شازدەرۆژ بۆ پاراستنی حەق و حقوقی ژن ئەم ساڵ لە سلێمانی زیاتربوون؛ کۆمەڵی ئازاد مەرجدارە کە ژن تێیدا ئازادبێ و بە ئیرادەوە بژی.

ئەم ساڵ کاریگەری بیرۆکەی شەرەف لە ژن کوشتندانییە زیاتربوو؛ وەک ئەوەی دەبێت بازنەی بەگژاچوونەوەی کوشتن و توندڕەوی و توندوتیژی بەرامبەر بە خانمان زیاترو زیاترو فراوانتربێت و نەهی لە توندوتیژی بکرێ و ببێتە عورفی نوێ لە کۆمەڵ کە ستۆپ بەو دیاردە ناجۆرە بکرێت کە خەریکە کورد لەکەدار دەکات..

لەم نێوەندەدا هەژموونی قوباد تاڵەبانی وەک پارێزەری حەقی نیوەی کۆمەڵ روون دەردەکەوێت؛ پاوەری ئەم کارەکتەرە لەبەرژەوەندی بزوتنەوەی ئازادی خوازانی ژنانی کوردستان و عێراقە؛ ساڵانە لە ٢٥ی نۆڤەمبەر سلێمانی دەبێتە چەقی چالاکییەکانی ژنان و جۆرەها چالاکی تێدا دەکرێت کە ئومێد بە بەهێزی خەباتی رەوای ژنان دەدات و زیاتر کارەکتەرە نوێکان دەردەخات.

ئێمە لە کۆمەڵی باشوری کوردستان پێویستمان بە رووناکیی بیروباوەرە بۆ بن بڕکردنی کردەی توندوتیژی دژ بە ژنان؛ بەداخەوە لە وڵاتێکی وەک عێراق لە قاڵبدراوین کە زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر بە ژن ساڵانە ئەنجام دەدرێت؛ لەهەموو نائارامییەکاندا ژن بە پلەی یەک قوربانیدەربوون و بەشی زۆری نەهاتییەکان بەسەر ژن هاتوون،  جەنگە نەفرەتییەکان باری سەرشانی ژنی قورسترکردووە.

ئیتر کاتییەتی سەرکردەو سیاسییەکان زیاتر بێنە نێو ئەم تەوژمەی کە پێی وایە دەبێت ژن کوشتن و توندتوتیژی رابگیرێت هاوسەنگی کۆمەڵگەیەکی بێ جیاکاری دروستبکات و کۆتایی بەتاریکی و بیرۆکەی شەرف لە کوشتندا بهێنرێت.




AM:10:20:12/12/2023