دادگاییکردن لەکەیسی تیرۆری” کاوە گەرمیانی”دا
نەشاد عومەر
کاوە تیرۆر کراو لەڕوانگەی کەسو کارەکەیەوەو هاوپیشەکانییەوە هەتا ئێستای لەگەڵ بێت تاوانباری سەرەکی پشت ئەو کارە ناشرینە نەئاشکرا کراوە نەسزا دراوە. بەکورتییەکەی‌و تێگەیشتنە یاساییەکەی ئەوەیە کە لەدۆسیەکەی کاوەدا تاوان لەسەر کراو هەبو، بەڵام تاونبار نییە، نییە بەو مانایەی نا کە هەر نەبێ، بەڵکو بەو مانایەی کە ونە یان دیار نییە، ڕەنگە هەندێ کەس بڵێن، بەڵام لەدۆسیەی کاوەدا هەم کەس سزا دراوەو هەم کەسیش دوای لێکۆڵینەوە بەبێ تاوانی ئازاد کراوە، ئەم قسەیە ڕاستە، بەڵام ئەکرێت پرسیارێکی تریش بکەین، ئایا ئەوانەی کە لەدادگاکان سزا ئەدرێن، مەرجە لەڕاستیدا تاوانبار بن؟ یان بەتەنیا بن؟ یان ئەوانەی کە ئازاد دەکرێن مەرجە هەمیشە بێ تاوان بن؟

بێگومان هەمو کەسێک ئەوە دەزنێت کە وەڵامەکەی نەخێرە، بەدرێژایی مێژوو لەدادگاکان‌و چەندنین جار  کەسانی تاوانبار بێ تاوان دەرچون، وە بەردەوام ڕودەدات لە دۆسیە جیا جیاکاندا کەسانی تر ئۆباڵی کردنی تاوانێکیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان کە نەئەنجامدەری بونەو نەهاوکار، یان زۆر جار ڕوئەدات تاوانێک بەڕێکخراوو بەکۆمەڵ‌و هاوکاری کاری پێکەوەیی چەند کەسیک  ئەنجامدراوە، بەڵام بێ ئەوە تۆڕە گشتییەکە بدۆزرێتەوە تەنها یەک کەس سزا دراوە، کاوە گەرمیانی لەگەڵ هیچ کەسێکدا هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی‌و کەسی نەبووە، هیج کات‌و بۆ هیچ کەیسێکی کەسی نەهاتۆتە بەردەم دادگا، کاوە کەسێکی ئاسایی نەبوو کە پێمان وابێت نابێ گومان لەجۆری تیرۆر کردنەکەی بکەین، واتە ڕوونتر کاوە هاوڵاتییەک نەبوو کە هیج کاریگەرییەکی نەبێت‌و لەبەر ئەوە پێمان وابێت کە ناکرێ گومان لەتیرۆر کردنەکەی بکەین کە هیچ ئەندامێکی باڵای حزبی پێویستی بەوە نەبووە کاوە لەناو بەرێت، نا بەڵکو دیوی هەرە دروست‌و واقعی ئەوەیە کە بۆ لەناو بردنی کاوە تەنهاو تەنها کەسێتییە حزبییەکان سودیان دەبینی، ئاخر کاوە گەرمیانی بەچڕی کاری لەسەر دەرکردنی گۆڤاریک دەکرد کە سەرجەمی ژمارەکانی بێ ترس‌و بوێرانە کاری لەسەر بڵاوکردنەوەی دۆسییە هەرە ترسناک‌و شارەواکانی گەندەڵی ئەم بەرپرس‌و ئەو سیاسی دەکرد، ئەوەی کاوە دەیکرد بەواقعی مەترسییەکی هەرە جدی بو لەسەر ژیانی سیاسی‌و ئابوری سەرجەمی ئەوانەی کە لەگەرمیاندا کاری خراپ و دزی و قۆرخکاریان دەکرد، هەر ئەمە وادەکات کە گومانی ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای گەرمیان لەپشت ئەم تیرۆر کردنەوە بن، گومانێکی هەرە واقعی‌و تا ڕادەی ئەوپەڕی لەجێگەی خۆیدا بووە.

لەم ڕوەوە گەر ئێمە لەوە تێبگەین کە ئەمجۆرە تیرۆر کردنانە هێندە تەمو مژاوییە، ئەوە کاری یاسایی دادوەرانس کە زۆرترین لێکۆڵینەوە بکەن تا گەیشتن بەحوکمێکی پەسەندکراو، پێویستە لەدۆسییەکانی هاوشێوەی کاوەدا دادگا بەشێوازی هەرە ورد کار لەسەر کۆکردنەوەی زانیارییەکان بکرێت، ڕاستە لەڕووە یاسایەکەیەوە نابێت دادوەر کار بەزانینی کەسی خۆی بکات‌و ئەکرێت بەتەنها لەسەر بەڵگەکان کار بکات، بەڵام ئەو ڕێسایە ناکۆک نییە لەگەڵ ئەوەی کە دادگا لەو جۆرە تاوانانە هاوتەریبی ئەو خواستە بڕوات کە دەرەوی بازنەی دادگاکان دەیڵێن.

داواکاری گشتی:
هەموومان باش ئەوە ئەزانین کە بەپێی یاسای داواکاری گشتی، کاری داواکاری گشتی لەهەرێم بە تەنها جوڵاندنی سکالا نییە بە تەنها، ئێمە گەر ئەو ڕۆڵە واقعیەی داواکاری گشتی لەنێو دادگاکان بخەینە بەر باس، داواکاری گشتی ئەرکەکەی تەنها جوڵاندنی سکالا نییە ، بەڵکو دەبێت بە وردی چاودێری سەرجەم قۆناغەکانی سکاڵا بکات، لەقۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی دادگاکانی ئاسیش لە تیرۆری کاوە بۆ نمونە وەر بگرین، بەو مانایە داواکاری گشتی دەبوو لەوە باشترو کارا تر بوایە لەبەرامبەر قوربانی، لەکردەوەکانی کاوەو هاوشێوەکانیدا شتێک هەیە پێی دوترێت ترس‌و بڵاوکردنەوەی تۆقاندن، دەبێت داواکاری گشتی ببێتە پالپشتی وتەو داواکارییەکانی پارێزەری تاوان لەسەر کراو، نەک بەشێک بێت لەداوەریکردن، ئەرکی یاسایی بێ ئەملاو ئەولای داواکاری گشتییە سەردان و چاودێری بێ پچڕانی هەبێت بۆ ناو ژوورە تاریکەکانی زیندانەکان، لەوە بکۆڵێتەوە کە ئایا ئەو کەسانەی لەم تۆمەتانە ڕاگیراون، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت‌و لەناو زیندانەکان چی ڕودەدات، بەدەر لەوە کاری داواکاری گشتیشە لەبارودۆخە تایبەتەکانی تاوان لەسەر کراو بکۆڵێتەوەو لەسەر بنەمای ئەوەی کە بە دەستی هێناوە ڕاپۆرتی خۆی بۆ دادگا بەرز بکاتەوە ، بۆ نمونە دەبو داواکری گشتی لە کەیسی تیرۆری کاوەدا پەڕە بەپەڕە سەرجەمی ژمارەکانی گۆڤاری ڕایەڵی بخستایەتە ژێر خوێندنەوە ،هەتا بزانێت لەو نێوەندەدا چی ڕویداوە، بۆ ئەوەی بازنەی گومانەکان فراوانتر بکات، بەڵام داواکاری گشتی ئەمەی نەکردووە، داواکاری گشتی لەهیچ کەیسیکی هاوشێوەی کاوەدا لەدۆخی کەسی تایبەت بە تاوان لەسەر کراو ناکۆڵێتەوە، داواکاری گشتی وەکو نوێنەری کۆمەڵگا لەناو دادگاکان دبێت لەچوارچێوەی دیواری دادگاکان بێتە دەرەوە، بەئامانجی کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاری بۆ ئەوەی بتوانێت بەبەڵگەوە ڕەتی هەمو ئەو بەڵگانە بداتەوە کە دادگا کۆی کردووەتەوە.

بڕیاری دەستگیر کردن:
بەم مانایە گەر گواستنەوە یان خانەنشینکردن یان دەرکردنی بەرپرسێکی ئاسایش لەسەر دەستی سەرکردە حزبییەکان بن، یان سەرکردەیەکی حزبی تا ڕادەی خۆ بەخشین بەرگری لەبەرپرسێکی ئەمنی بکات‌و هەمو یاساو فەرمانێکی ئیداری لێ دور بخاتەوە کە زیان بەبەرژەوەندی ئەو بگەیەنێت، ئەوا هەمو عەقڵێکی سادە دەزانێت هەر کاتێک‌و لەهەر شوێنیک ئەو بەرپرسە حزبییە هەر جۆرە تاوانێک بکات، ئەو بەرپرسە حزبییە نەک لەسەر بریاری هیچ دادوەرێک ئامادە نییەو ناتوانێ دەستگیری بکات بەڵکو ئامادەیە بۆ پاراستنی خوین خۆی ببەخشێت.

سەرکردەکانی هەردو حزب دۆخێکیان دروستکردووە کە لەپۆلیسی بەر دەرگای ژووری دادوەرێکەوە هەتا ئەگات بە بەرپرسی پۆلیس یان ئاسایشی پارێزگایەک خۆیان بەقەرزاری ئەو سەرکردانە بزانن، لەم نێوەندەدا یاساو پلە بەندی عەسکەری و ئیداری بە تەواوی کاڵ‌و کرچە، ئاخر گەر بڕیاردان لەسەر دامەزراندنی پۆلیس‌و ئەندامانی دەزگاکانی ئاسایش بەدەست ئەم سیاسی‌و ئەو سیاسی نێو مەکتەبی سیاسی هەردوو حزب بێت، ئەوا سەربەخۆیی دادو جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا شتێکی ئەستەم دەبێت، لەڕوی واقعەوە دادورە دەسەڵاتی واقعی تەنهاو تەنها بەسەر ژورە بچوکەکەی خۆیدا هەیە، لەو بترازێت دادوەرێک ناتوانێ سەرپەرشتی دەستگیر کردنی سیاسییەک بکات، هیچ کات دادوەر کەلەپچە ناکاتە دەستی هیچ تۆمەتبارو تاوانبارێکەوە، دادوەران ناڕۆن بۆ ناو زیندانەکان تا لە دۆخی زیندانیان ئاگادار بن، ئەوەی هەیە تەنها بڕیار دەرکردنە، دادوەر بڕیاری دەستگیر کردن بۆ تۆمەتباری کەیسێکی هاوشێوەی کاوە گەرمیانی دەردەکات، ئەوا لەڕوی یاساوە دەبێت ئەو فەرمانی دەستگیر کردنە بدرێت بە دەزگا ئەمنییەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار، جا پۆلیس بێت یان ئاسایش، بەڵام کام پۆلیس‌و کام ئاسایش دەسەڵاتی گرتنی بەرپرسیکی باڵای یەکێتی یان پارتیان هەیە؟ ئەمە لەڕوی واقعەوە ، کاتیک لەکەیسی کاوە گەرمیانی هیچ دامەزراەیەکی ئەمنی نەیدەتوانی کار بەبریاری دەستگیر کردنی بەرپرسێکی حزبی بکات، ئەمە ئاماژەیەکی هەرە ڕوونە بۆ  ئەوەی لەو دۆخە تێبگەین، لێرە پیش هەمو شتێک کێشە واقعییەکە ئەوەیە کە ئەندامانی مەکتەب سیاسی پارتی‌و یەکێتی دەسەڵاتیکی بێ شوماریان هەیە بەسەر دەزگا ئەمنییەکان.

دەرئەنجام:
گەر بمانەوێت کۆتایی بەو دەرئەنجامانەی دادگاکان بێت کە لە دۆسیەکانی کاوە گەرمیانی‌و ئەوانی تردا هاتووە، ئەوە دەبێت دەستی فراوانی حزب لەدامەزراوەکانی هەرێم دوور بخەینەوە، دامەزراندن‌و پلە بەرزکردنەوەو گۆڕین و گواستنەوەی هیچ کارمەندو بەرپرسێکی دەزگا ئەمنییەکان بەدەست هیچ ئەندام مەکتەب سیاسیەک نەبێت ، تەنهاو تەنها دامەزراوەی حکومەت بە پیی یاسا ئەو دەسەڵاتانی هەبێت، دەبێت یەک بەیەکی ئەو بەرپرسە حزبیانەی کە پلەی جیا جیایان لەناو پۆلیس‌و ئاسایشدا هەیە لە هەمان کاتدا لەناو حزبەکاندا پلەدارن، ئەبێ لەپۆستەکانیان نەهێڵدرێن، لەبری ئەوان کەسانێک دابنرێن هیچ کات‌و بۆ هیج شتێک بێ منەت بن بەرامبەر حزب‌و هیچ کات و هیچ ساتەوەختێک هیچ بەرپرسێکی حزبی دەسەڵاتی بەسەریاندا نەبێت‌و هیچ کەس دەسەڵاتی سزادانیانیان نەبێت، یەک بە یەکی کارمەندانی ئاسایش‌و پۆلیس ئەبێ دڵنیایان پێ بدرێت کە بە تەواوی پارێزراون لەدەستی حزب، دەبێت دادوەران لەو ئەگەرەی کە بڕیارەکانیان لەدەروەی دادگاکان جێ بەجێ ناکرێت بێ چەندو چون هەڵوێست وەربگرن ، ئەبێ پارەو سەڕچاوەکانی داهات بە تەواوی لە دەستی حزبەکان دەربهێنرێت‌و حکومەت ببێت بە مەرجەع ، لەم رووەوە ناکرێت سەرکردەی حزبەکان هێندە توانای مادیان بەهێز بێت تا ئەو ڕادەیەی بتوانن پیاوی خۆیانیان هەبێت‌و پیاو کوژی تایبەت بە خۆیان هەبێت‌و بتوانن ئینسانی ئێمە بکڕن، بەکورتییەکەی ئەبێ لەم وڵاتەدا هەمو دامەزراوەکان بکرێن بەنیشتیمانی حزب لەهەمو هاوکێشەکان بخرینە دەرەوەو بەتەواوی وڵات بکرێت بەوڵاتیکی دامەزراوەیی، ئەمەی کە وترا ڕەنگە لە بواری واقعدا شتیکی زەحمەت بێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەتا ئەمە نەکرێت هیچ کات نابێت هیوامان هەبێت بکوژانی کاوەو هاوڕێ شەهیدەکانی تری بدۆزرینەوە.


AM:05:32:11/12/2016