جێندەر و پاشەکشێ
نه‌زه‌ند به‌گیخانی

ئێمە کارمان کرد بۆ یەکسانی لە مافدا، نەک بۆ لێکدانی یەکدی و دژایەتیکردنی پیاو
 
بەپێی چەند راپۆرتێکی نێودەوڵەتی، لەوانە هی ئینیستیتیوتی جان جۆرێس لە پاریس، هەروەها بەپێی گوتەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز لە ٦ـی مارسی ئەمساڵ، مافەکانی ژنان بەم دواییە لە جیهان لە پاشەکشێ دان. ئەم پاشەکشێیە تەنیا کوردستان و وڵاتانی موسڵمان ناگرێتەوە، بەڵکو وڵاتانی رۆژئاوایشی گرتووەتەوە. 
 
بەپێی راپۆرتەکان هۆکارەکانی ئەم پاشەکشێیە زۆرن، لەوانەی کە تایبەتن بە وڵاتانی رۆژئاوا، رۆشنایی خراوەتە سەر پەرەسەندنی ئایدیۆلۆژیای راستڕەوە رەگەزپەرست و تووندڕەوە ئایینییەکان و گەیشتنی هەندێ لەوانە بە دەسەڵات. رەگی ئەم پاشەکشێیە دەگەڕێتەوە بۆ چەندەها سەدە لە نێرسالاری کە بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2017 و سیاسەتە تووندڕەوەکەی، زیاتر لە جیهان پەرەی سەند. لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناویندا، زاڵبوونی ئەقڵیەتی نێرسالاری و نەبوونی مەعریفەیەکی دروستی جێندەری و گەشەسەندنی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ رەوتی خۆپارێزیی دەسەڵاتی سیاسی لە بەرامبەر ئەو وروژمەدا هۆکاری سەرەکیی ئەو پاشەکشێیەن. ئەمانە هیچیان جیاناکرێنەوە لە قەیرانە گەورەکانی سەردەم لە رووی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی و روودانی کارەساتی سروشتی وەک بوومەلەرزە و لافاو و زریان. 
لە ژێر رۆشنایی راپۆرتەکان، پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و ئێمەش لە پێگەی خۆمانەوە داوا لە حکومەتەکان و یوئێن و یەکیێتی ئەوروپی دەکەین کە پرسی یەکسانی و مافەکانی ژنان وەک پرسێکی سیاسی و دیپلۆماسی هەژمار بکەن و بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر چەواشەکارییەکانی تووندڕەوە ئیسلامی و کاتۆلیکی و رەگەزپەرست و نێرسالارییەکان. سەرکردایەتیی سیاسی لە هەموو وڵاتان دەبێ قسەی هەبێت و لە چوارچێوەی گوتاری پابەند بە مەعریفە و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی مێژوویی و کولتووری هەر کۆمەڵگەیەک ئەو باسە بوروژێنێ و ستراتیژیی گونجاویش دابڕێژێ بە ئامانجی چارەسەرکردن.
 
ئەم رەوتە لەو وڵاتانەی جەنگیان بینیوە و بەرەوڕووی هێزی تێرۆریزم دەبنەوە، وەک کوردستان، بە روونی دیارە؛ لە کوردستان دوای دەیان ساڵ لە بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی یەکسانیی جێندەریی گونجاو، بەم دواییە دۆخەکە ئاڵۆز و مەترسیدار بووە. 
 
سیاسەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەری لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە 2005 و پێکهاتنی حکومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان، خۆی لە کۆمەڵێ چاکسازیی یاسایی و ستراتیژیی نیشتمانی و بە دامەزراوەییکردن و پەروەردەی جێندەریی و پەرەپێدانی توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستی لە زانکۆکان، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی مێژوویی و کولتووری کوردی، بەرجەستە کردبوو. هەرچەندە لە رووی جێبەجێکردنەوە کەموکوڕی و تەحەددای زۆر هەبووە، بەڵام ئیرادەی سیاسی کارا بووە و بە هاوکاریی ئەکادیمیست و هێزی جەماوەری لە بنەماڕا کاری جیدی کراوە، تا کابینە یەک لە دوای یەکەکان لە ئەجێندای خۆیان جێگیری بکەن. ئەمە ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ناتێگەیەشتن و بە لاڕێدابردنی پرسی جێندەر چ وەک کۆنسێپت و چ وەک ئامرازێک بۆ راڤەکاری و تێگەیشتنێکی قووڵ لە رەگی کێشەکان، هەوڵەکان کەوتوونەتە بەر مەترسی. جگە لە جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و سەرهەڵدانی داعش و جەنگ دژی تێرۆریزم، کێشە سیاسییەکانی ناوخۆ، نەبوونی یەکگرتوویی نێوان حیزبەکان و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر سیستەمی حوکمڕانی، زەمینەیان زیاتر خۆش کردووە بۆ تووندڕەوی و تووندوتیژی لەناو کۆمەڵگە. 
 
ناتێگەیشتن و بەلاڕێدابردنی پرسی جێندەر بە ئاقارێکی نابەجێ لە فەزای گشتی و سۆشیاڵ میدیادا سەرنجی زۆربەی خەڵکی راکێشاوە، بەجۆرێک کە بابەتە سەرەکییەکان و رەگی گرفتەکان لەم فەزاسادەگۆیەدا فەرامۆش کراون. هەڵگری ئەم رەوتە فەرامۆشکار و فریودەرە هێزێکی کۆنەخوازە، کە بەناوی ئایین و نەریت بەرەنگاری هەموو هەوڵ و سیاسەتێکی یەکسانی و پێشکەوتوخواز دەبێتەوە. لە بەرامبەر ئەو هێزەدا، نەبوونی مەعریفەیەکی بنکەفراوان دەربارەی کۆنسێپتی جێندەر و تاکڕەوی و خۆسەپاندن و گرووپگەرایی یەکڕیزیان لەناوبردووە و بوونەتە هۆکارێکی دیکەی سەرەکی لەم پاشەکشێیەدا. ئەمەش تەنیا هێزە ئیسلامییە سیاسی و تووندڕەوەکان ناگرێتەوە، بەڵکو هەندێ بەناو رێکخراو و لایەنیش دەگرێتەوە، کە لە غیابی مەعریفەی جێندەری و سیاسەتی نکوڵیکردن بۆ رەشکردنەوەی یەکدی و هەوڵەکانی رابردوو، بۆتە مایەی بەریەککەوتن و لێکدان کە وەک دۆخێکی نەزۆک جگە لە زەرەری گشتی هیچی دیکەی لێ شین نابێت.
 
پسپۆڕان لە سەرانسەری جیهان و ئێمەش لە پێگەی خۆمانەوە چەند راسپێرییەکمان ئاراستەی سەکردایەتی سیاسی کردووە و داوا دەکەین ئەم پرسە وەک پێویستییەکی هەنوکەیی کاری نوێی لەسەر بکرێت. خاڵی سەرەکیی ئەو راسپێرییانە ئەوەیە کە دەسەڵات و سەرکردایەتیی سیاسی نەکەونە ژێر باری ئەو دۆخە مەترسیدارە و بەردەوام بن لە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان و پەرەپێدانی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتووخواز، کە مافی ئافرەت و پرسی یەکسانی وەک بنەمای مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی مافەکانی ژن لە ئەجێندای سیاسی جێگیر بکەن و لە رووی دیپلۆماسییەوە پەرەی پێبدەن، پشتگیریی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری بکەن و سەرچاوەی پێویست دابین بکەن تا ئەم بابەتە بەشێوەیەکی دروست  و مەعریفی بۆ سوودی گشتی بە ژن و پیاوەوە بچێتە پێشەوە و ببێتە مایەی ئارامی و ئاسایش و ئاشتیی ناو کۆمەڵگە و خێزان. 
 
فێمینیزم واتە کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە و دابینکردنی یەکسانی لە ماف، نەک بۆ لێکدان و دژایەتیکردنی پیاو. ئێمە بە هاوکاری لایەنە جیاوازەکان بەو ئامانجە کارمان کردووە و کۆنسێپتی جێندەریشمان وەک ئامراز بەکارهێناوە بۆ تێگەیشتن و راڤەکاری. ئێستاش درەنگ نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بە سەرکردایەتی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و زانایانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکانەوە، هەوڵی پەروەردەیەکی دروستی کۆمەڵایەتی بدەن؛ بە لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی پێناسەی جێندەر بە شێوە دروستەکەی بکەنەوە و پێکەوە کاربکەن بۆ بیاتنانی هۆشیارییەکی گشتیی نوێ، کە کەس تێیدا زەرەرمەند نەبێت. ئامانجی سەرەکیش وەک هەمیشە دابینکردنی ماف و دادوەریی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و ئارامییە بۆ تاک و کۆمەڵگە بە گشتی. ماف و کولتوور دوو رووی هەمان دراون، لە جووڵەی بەردەوام دان و دەبێ پێکەوە بگونجێندرێن. بەربەرەکانێی یەکتری بەناوی هەریەک لەمانە دەبێتە مایەی پێشێلکاریی بەها مرۆییەکانمان.
 

AM:01:35:09/03/2023