ئەزموونی ئەفغانستان و پرسیارەکانی کوردستان
ڤینۆس فایه‌ق


لە سیاسەتی ئەمریکادا کۆمەڵێک پرەنسیپی جێگیر هەن بە گۆڕینی سەرۆکەکانی ناگۆڕدرێن، کۆماری، یان دیموکرات یان هەر حزبێکی تر لە دەسەڵاتدا بێت، ئەمریکا ستراتیژی درێژخایەنی بۆ جیهانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێ هەیە.

سیاسەتی شاردراوەی ئەمریکا کە رێخۆشکردنە بۆ گەشەسەندنی شەپۆلی تیرۆریستی لە جیهاندا، سەردەمی ترەمپ نەبێت، کە ئەگەر لە سەرۆکایەتی ئەمریکادا بمایە وای بۆ دەچم هەرگیز ئەفغانستانی رادەستی دەستی تالیبان نەدەکرد، لەبەر ئەوەی تەنها ئیشی ئەو دۆشینی وڵاتان و پارە کۆکردنەوە بوو، دەنا چەپۆکێکی گەورە بوو بە رووی تیرۆریستاندا.

دیموکراتەکان لە هەر جێیەک بووبێتن پشتگیریی بزووتنەوە ئیسلامییە ئوسووڵیە توندڕەوەکان و سەرکەوتنیان لە ناوچەکەدا کردووە، ترەمپ بەنیاز بوو لە ئەفغانستان بکشێتەوە، بەڵام هەر نەیکرد، بایدن هات و بەو شێوە ناشیرینە جێبەجێی کرد.

سەردەمی کارتەر موجاهیدەکانی ئەفغانستان دروستبوون. سەردەمی کلینتۆنی دیموکراتی رێکخراوی تالیبان دروستبوو، سەردەمی ئۆباما داعش دروستبوو و بە بەهاری عەرەبی خۆراکی ئیخوانەکانی دا و ئێستاش بایدن ئەرکی حزبەکەی تەواو دەکات و ئەفغانستانی رادەستی تالیبان کرد.

کاتی خۆی لە لێدوانێکیدا هیلاری کلینتۆن کە سەردەمی باراک ئۆباما وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، زۆر راشکاوانە گوتی: ئەمریکا یاریدەدەری سەرەکی بوو بۆ دروستبوونی رێکخراوی قاعیدە لە کاتی شەڕی نێوان روسیا و ئەفغانستاندا، بە پێدانی چەک و پەرەپێدانیان لە رووی تەکنیکییەوە. دوای ئەوەش کە ئیشیان پێیان نەما هەر ئەمریکییەکان خۆیان بن لادنیان لەناوبرد.

بەمپێیە ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبووە، بگرە لەوە دەچێ گۆڕانکاریی لەگەڵ خۆی بهێنێت لەو وڵاتانەی داعش تیایاندا چالاکە، بە تایبەت لە عیراق. مەسەلەی ئەوەی تالیبان لە هەر کوێیەک بەتایبەت ئەفغانستان دەسەڵات بگرێتە دەست و هەزار و پێنج سەد ساڵ بیگێڕێتە دواوە، بۆ ئەمریکییەکان گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە تالیبان زەمانەتی ئەوەی بە ئەمریکییەکان دابێت نەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سیاسەتەکەیان لە ناوچەکەدا.

بۆ ئەوان گرنگ نییە تالیبان بە شەریعەت حوکمی ئەفغانستان بکات و ئەو شەپۆلە بۆ کوێی تر پەل دەهاوێژێت و ناوچەکە بخاتە بەر مەترسیی لەناوبردنی ئازادییەکان و تەواوی ژیانی کۆمەڵگە و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و دادپەروەری بە یاساکانی تالیبان بەسەر هەموواندا دەسەپێنرێت. بۆ ئەمریکا گرنگ نییە فیکرێکی توندڕەوی دڕندە لەناوەوە حوکم دەکات و بانگی سەردەمی تاریکی دەدات و ناسنامەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا دەبێتە زەبر و زەنگ و ئاگر و ئاسن. ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لەو ناوچانەدا.

بۆ ئێمەی کورد، ئەزموونی خوێناوی ئەفغانییەکان وانەیەکی ترسناکە بەتایبەت کە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان راشکاوانە پیرۆزبایی لە موجاهیدەکانی تالیبان کرد و ئەندامەکانیان کەوتنە قوربانی بەشینەوە. ئەمە زەنگە ترسناکەکەیە، چونکە هەر رووداو و بەسەرهاتێک لە هەر وڵاتێک ئەگەر کاریگەری بۆسەر وڵاتەکەمان نەبێت و ئەگەری ئەوەی نەبێت پەل بۆ ناو وڵاتی ئێمە بهاوێت، رەنگە لە رووی ئینسانییەوە تەنها دەربڕینی هاوخەمی بەس بێت.

ئێستا پرسیاری من سەبارەت بە داهاتووی بزووتنەوە ئوسووڵییەکانی کوردستان و پابەندییەکانی خۆرئاوا بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستان، چی زەمانەتی ئەمە دەکات؟ ئایا ئەم حکومەتەی ئێستای کوردستان توانای ئەوەی هەیە قووتیان بدات و رێگر بێت لەوەی بەو شێوە ترسناکە گەشە نەکەن؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئوسووڵییەکان باوەشێکی وا لەناو میللەتدا بۆ خۆیان فەراهەم بکەن بە جورئەتەوە رێپێدراو بن رۆژێک دەسەڵاتدا بگرنەدەست و خاکەکەی داگیر بکەن؟ یان رۆڵ و کاریگەریان سنووردار دەبێت بەمەرجی ئەوەی دەسەڵات بەهێز بێت و ئیشی جیددی لەسەر مەسەلەی گەندەڵی بکات، بۆ ئەوەی خەڵک تەنها لەبەرئەوەی لەدەست ئەم حزبانەی ئێستا رزگاریان بێت، بیر لە ئەڵتەرناتیفی ترسناک نەکەنەوە؟

-knwe

AM:01:40:18/10/2021