پەشمەک
ڤینۆس فایه‌ق

نووسین وەکو هەناسەدان

«من دەنووسم بۆ ئەوەی بژیم» هاوڕێیەکم ئەمەی لە فەیسبووکەکەی نووسیبوو، بەڵام لە وشەی «بژیم» تێنەگەیشتم! ئایا مەبەستی ئەو داهاتەیە کە لە نووسینەکانییەوە دەستی دەکەوێت و پێی دەژی؟ یان بەشێوەیەکی مەجازی بەکاریهێناوە بە واتای ئەگەر لە کرداری نووسین بوەستێ هەست دەکات دڵی دەوەستێ و دەمرێ. 
منیش خۆم بەو دێڕەوە سەرقاڵکرد، بیرم چوو لە خۆم بپرسم من بۆچی دەنووسم؟ 
هەمیشە سوپاسگوزاری سۆمەرییەکان و میسرییە کۆنەکانم بۆ ئەو دەستکەوتە مەزنەی پێشکەشی مرۆڤایەتیان کردووە، بەبێ نووسین چیمان بکردایە؟ رەنگیشە هیچی وا نەگۆڕدرایە و زۆر بە ئاسایی ژیانیش بەڕێوە بچوایە، چونکە نەماندەزانی شتێک هەیە پێی دەڵێن «نووسین»، وەکو سەردەمی پێش تەکنەلۆژیا، بگرە ژیان لە ئێستاش خۆشتر دەبوو. باوەڕ دەکەم ئەوەی پەی بە نووسین بردووە زۆر لەوە مەزنترە کە تەکنەلۆژیای هێناوەتە ئاراوە. پەیبردن بە نووسین شتێکی بێ ئەندازە ناوازەیە، ئادەمیزاد کە دەستی دایە نووسین ئەوجا زانی بەبێ نووسین رەنگە مێشکمان بتەقیایە. گرنگیی نووسین لە قسەکردن کەمتر نییە، ئادەمیزاد چەند پێویستیی بە زمانی هەیە بۆ ئەوەی قسەی پێبکات، ئەوەندەش پێویستیی بە نووسینە بۆ ئەوەی ناخی بەتاڵبکاتەوە و تووشی تەنگەنەفەسی نەبێت، ئیشی رۆژانەشی بەڕێبکات، و پەرە بە پەیوەندییەکانیشی بدات. 
هەر نەمگوت من بۆچی دەنووسم؟ سۆمەرییەکان و میسرییە کۆنەکان سەرەتا بە وێنەکێشان دواتر بە نووسین مێژوویان تۆمارکردووە، مرۆڤایەتیش وەکو منداڵ کە یەکەمجار وێنەکێشان ئەوجا نووسین فێردەبێت. داخوا چەند سەخت بووبێت بۆ ئەوەی قسەکردن بکرێتە هێما و پیتەکات دروستبکرێن و وشە دەنگییەکان بکرێنە 
وشەی نووسراو. چەند دۆزینەوەیەکی مەزنە چەند خزمەتی مرۆڤایەتیی کردووە. 
هەمیشە نووسین بۆ من بە پێناسە سادەکەی لە هۆیەک بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی خوێندنگە و فەرمانگەکان زیاتر نەبووە، لەوکاتەوە دێینە ژیانەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تێکەڵ بە سیستەمی ژیان دەبین، فێری خوێندنەوە و نووسین دەبین، ئەمە شتێک نییە کە ئەگەر نەیکەین هەست بکەین دەخنکێین. بەڵام کەی کرداری نووسین لە خنکان یان مردنێکی مەعنەوی رزگارمان دەکات؟ ئاخر ئەم حاڵەتە بەسەر هەموو کەسدا نایەت. هەر لە توانای نووسیندایە گوشراوی رۆحمان بکاتە چەند کۆپلە شیعرێک و لەسەر رووبەری لاپەڕەکان تۆماریان بکات، یان گۆشەیەک لە فەزا ئیفتیرازییەکەی تەکنەلۆژیای پێ داگیربکەین. کە لە ئێستا منداڵتربووم سەرلەبەیانیان کە دەفتەر و قەڵەمەکەم لە ژێر سەرینەکەمدا دەردەهێنا دەمزانی بۆچی وا باش خەوتووم، وردەوردە تێگەیشتم نووسین بۆ من هیچی لە هەناسەدان کەمتر نییە، لەو جامە سەهۆڵاوەش کەمتر نییە کە لە قرچەی نیوەڕۆیەکی هاویندا هەڵیدەدەین، بۆ ئەوەی خانەکانی لەشمان وشک نەکەن، هیچی لە قاپێ خواردن کەمتر نییە کە دوای برسێتییەکی زۆردا دەیکەینە گەدەمانەوە بۆ ئەوەی لە برسان نەمرین. 
کاتێک دەنووسیت دادەبڕێی، بیر لە هیچ ناکەیتەوە، دڵتەنگی و بەدبەختییەکانت دیار نامێنن، هەستدەکەیت بۆ هیچ نەهاتوویتەتە دونیاوە. لە زۆر کەسیش وایە نووسین زۆر ئاسانە، کەچی بەلای منەوە هێشتا شتێکی زۆر سەختە، بەڵام سەختییەکی چێژبەش.


AM:09:08:03/05/2022