لەو کاتە کەمەی کە هەمە بۆ بەسەرکردنەوەی هەواڵەکان و فەیسبووک، ناوێرم سەیری وێنەی هیچ ژنێک بکەم لە میدیاکان و پۆستەکانی ناو سۆشیال میدیا، وێنه هەیە لەوەی وێنەی ژنە کوردێکی کوژراو بێت و میدیاکان نووسیبێتیان "بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کوژراوە".
کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەزار و یەکن و هەموو کێشەکانیش لەناو کۆمەڵگەدا کێشەی کۆمەڵایەتین.
دەستەواژەی "کێشەی کۆمەڵایەتی" دوور ڕاگرن لە نووسینەکاندا. لە بری ئەو دەستەواژەیەی 'کێشەی کۆمەڵایەتی' کە هیچ نەگوتنە و ئەرکی زانیاریبەخشین و لێکدانەوە و خۆماندووکردن بە وردەکارییەکانەوە لە کۆڵ میدیا دەکاتەوە، هەروەها ئاماژەیەكیشە بۆ گرنگیپێنەدان و لەکۆڵخۆکردنەوە، داوا دەکەم دەستەواژەکانیتری دەرخەری هۆکار و مەبەست لە تاوانەکە بە ڕوونی بنووسرێت و تاوانێک لە تاوانێکتر جیا بکرێتەوە، دڵنیام دەتوانن ئەوە بکەن و مەبەستتان لەوە نییە ئەو تاوانە بە کەم بگرن.
وردەکارییەکان گرنگن لە تاوانەکاندا، وەکوو نیشانەکانی نەخۆشی وایە لای دکتۆرێک بۆ چارەسەرکردنی هەر نەخۆشییەک. ئەگەر وردەکارییەکان دەرنەکەون، هەرگیز ناتوانین چارەسەری ئەو کێشە کولتوورییە کوردییە بکەین کە ئەم هەموو ژنە دەکوژێت و بە کوشتی دەدات و وای لێدەکات خۆی، خۆی بکوژێت.
ئەگەر وا بەردەوام بێت، هەتا ماوین 'پرسی ژن' جیا ناکرێتەوە لە كارى ئهمبوڵانس و پۆلیس، لە بەرنامەی حزبەکاندا و خەباتی ژنانیش هەروەکوو بەشێک لە فریاکەوتن و پۆلیس لە کوردستاندا كار دەکەن.
هیوادارم ئیتر کۆکردنەوەی تاوانەکان و فڕێدانیان بۆ ناو چاڵە گەورەکەی "کێشەی کۆمەڵایەتی" تاوانەکان نەبینم لە میدیا کوردییەکاندا. ئەوەندەی کوشتنی ژن ئازارم دەدات، ئەوەندەش فڕێدانیانە بۆ ناو چاڵە گەورەکەی شاردنەوەی تاوانەکان لە ژێر ناوی "کێشەی کۆمەڵایەتی"دا.
هەموو کێشەیەک 'کێشەی کۆمەڵایەتی'یە بە کێشەی سیاسیشەوە، بە کێشەی ئابووریشەوە، بە کێشەی میدیاشەوە، هەموو کێشەکان کێشەی کۆمەڵایهتین، بەڵام وەکوو چۆن کێشەی 'ناو حزبەکان' هەیە و کێشەی نێوان حزبەکان هەن و کێشەی دەزگاکانی دادوەری هەیە و کێشەی مووچە هەیە و کێشەی هەڵبژاردن هەیە و کێشەی ناوچەیی هەیە و هتد، تاوانەکانیش بەهەمان شێوەن.
وەکوو چۆن ناکرێت هەموو کێشە سیاسییەکان پێیان بگوترێت "کێشەی کۆمەڵایەتی"، تاوانەکانیش بەهەمان شێوە ناکرێت پێیان بگوترێت "کێشەی کۆمەڵایەتی".
-basnews